جێگۆڕكێی سەرۆك وەزیران-يا به موئه‌سسه‌سه‌كردنی هه‌رێم
بەشی دووەم
ئايا جێگۆڕكێی نێچيرڤان بارزانی و به‌رهه‌م سالح گرنگتره وه‌يان ده‌ستێوه‌ردانی كابينه و كاڕاكردنی ئيداره و به موئه‌سسه‌سه‌كردنی هه‌رێم؟
به‌شی دووه‌م و كۆتايی
دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين
هاوڵاتی ١١/٧/٢٠٠٧
به‌شی يه‌كه‌می ئه‌و وتاره (ژماره‌ی پێشووی هاوڵاتی)، بۆ تاوتوێ كردنی گرفتی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ی نێوان پارتی و يه‌كێتی، و هۆی لاواز بوونی متمانه‌ی خه‌ڵك به سه‌ركرده‌كان، بوو. په‌يامه‌كه‌شی ئه‌وه بوو كه پڕۆسه‌ی جێگۆڕكێی سه‌رۆك وه‌زيران فرسه‌تێكه بۆ كڕينه‌وه‌ی متمانه‌ی خه‌ڵك. ته‌ركيزی ئه‌و به‌شه‌يان له‌سه‌ر ئيختياره‌كانی به‌رده‌م حيزبه‌كان و پێشنيازی دياريكردنی ئه‌وله‌ويه‌ته‌كانه.
كاپتن و كه‌له‌پچه
پێكهاته‌ی كابينه يه‌ك گرتوه‌كه‌ی نێچيرڤان بارزانی وه‌ك پێكهاته‌ی ئه‌و تيمه‌ی فتبۆڵين وايه، كه‌وا كاپتنه‌كه ياريكه‌ری جۆراجۆری تێكه‌ڵاوی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه. به هه‌موو ئيعتيرافێك، كاپتنی تيمه‌كه لاوێكی ئازا و زيره‌ك و لێهاتوه، به‌لام ده‌ستی له دواوه كه‌له‌بچه كراوه. نه خۆی و نه جێگره‌كه‌ی، ياريكه‌ره‌كانیان (وه‌زيره‌كانيان) به ويستی خۆيان هه‌لنه‌بژاردوه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئيعتوباراتی لاوه‌كی، پارتيزانی و كۆمه‌ڵايه‌تی، له لايه‌ن بڕيارده‌رانی ده‌ره‌وه‌ی يانه‌كه، دانراون. سه‌ربار و بنبار، حيزبه‌كان و خه‌ڵكی كوردستانيش چاوه‌ڕێی گۆڵ كردن و ياری بردنه‌وه له خۆی و له تيمه‌كه‌ی ده‌كه‌ن. له دوای ده ساڵ له ماڵجودايی، ئه‌و پێكهاته ده‌ستكرده‌ی كابينه، خراپترين و تێكده‌رترين ده‌ستپێكی پڕۆسه‌ی يه‌ك گرتنه‌وه بوو، وه فه‌شه‌لی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی مسۆگه‌ر كردوه.
هه‌ڵبه‌ت، خه‌لكه‌كه هه‌قيانه كه چاويان بڕيوه‌ته سه‌رۆك وه‌زيران، و سه‌ركه‌وتن و فه‌شه‌لی كابينه‌كه‌ش به هی ئه‌و ده‌زانن. به‌ڵام له ڕاستيدا ته‌نيا به‌شێكی سه‌ركه‌وتن و فه‌شه‌ل ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی سه‌رۆك وه‌زيران و تيمی وه‌زيره‌كان، و به‌شه مه‌زنه‌كه‌ی تری ده‌كه‌وێته سه‌ر هيممه‌ت و جيديه‌تی دوو حيزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه. له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لايه‌كدايه كه ئه‌وله‌ويه‌ت بدرێته به‌هێز كردنی حكومه‌ت، كاڕا كردنی په‌رله‌مان؛ به موئه‌سسه‌سه‌كردنی پڕۆسه‌ی بڕياردان؛ و به سه‌روه‌ريكردنی دادگا؛ و ڕيزگرتن له‌و قانونه‌ی كه خۆيان بۆ خه‌ڵكی داده‌نێن؛ و ڕێگرتن له ده‌ستێوه‌ردانی حيزب له كاروباری حكومه‌ت.
واته، مه‌سه‌له‌ی جێگۆڕكێی سه‌رۆك وه‌زيران له نێوان پارتی و يه‌كێتی، هيچ زامينێك نيه بۆ سه‌رخستنی كاری حكومه‌ت. ئه‌و كه‌سه‌ی جێگه‌ی نێچيرڤان بارزانی ده‌گرێته‌وه، هه‌ر به قه‌د ئه‌وی پێ ده‌كرێ، به‌ڵكو كه‌متريش، چونكه گۆڕانكاری و جێگۆڕكێيه‌كان له ئاستی ڕوكه‌شيدا ناچنه خوارتر. بۆيه به‌بێ ده‌سكاری بنه‌ڕه‌تی، فه‌شه‌لی حكومه‌تی داهاتوش له كۆتايی كاروانه‌كه‌يدا مسۆگه‌ره. پێويسته جێگۆڕكێیه‌كه هاوكات بێ له‌گه‌ل دامه‌زراندنی ميكانيزمی ته‌فعيلی كابينه، و ڕێكخستنی كاری ناو وه‌زاره‌ته‌كان. له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له حيزبه‌وه بۆ ناو حكومه‌ت، له ده‌زگا نهێنيه‌كانه‌وه بۆ ده‌زگا مه‌عنيه‌كان. له‌گه‌ڵ داهێنانی شه‌فافيه‌ت له كاری حكومه‌ت، له دياركردنی بودجه‌ی هه‌رێم، و له ئيداره‌ی داهات و خه‌رجيه‌كان.
ئيختياره‌كان:
بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زيران، پارتی و يه‌كتتی ته‌نيا دوو ئيختياريان له پێشه. يان نێچيرڤان بارزانی له پۆسته‌كه ده‌هێلنه‌وه، وه‌يان كانديدێكی يه‌كێتی له جێگه‌ی ده‌اده‌نێن. به‌ڵام ئايا خێر و شه‌ڕی هه‌ريه‌كه‌يان له چيدايه؟
يه‌كه‌ميان، به‌رده‌وامێتی نێچيرڤان بارزانی
سه‌رۆك وه‌زيرانی ئێستا كاری جيدی بۆ حكومه‌تی يه‌كگرتوو كردوه، و هه‌تا ئێستا هه‌ندێ هه‌نگاوی باشی بۆ ئه‌نجامدانی به‌رنامه‌كه‌ی هاويشتوه. هه‌وڵی جيددی بۆ پاراستنی سه‌ربه‌خۆيی حوكمه‌ت و ڕاكێشانی ئيستيسماری ده‌ره‌كی داوه، و واجيهه‌يه‌كی باشی بۆ هه‌رێم دروست كردوه. ئه‌وانه‌و و ده‌يان ده‌ستكه‌وتی تر كه، ئه‌گه‌ر چی له ئاستی تموح دا نين، به‌ڵام خه‌لكی كوردستان شايه‌تیان بۆ داوه و ئينكاريان لێ نه‌كردوه.
ئيختياری مانه‌وه‌ی نێچيرڤان بارزانی قازانجی بۆ پارتی و يه‌كێتی له‌وه‌دايه كه به‌رده‌وامێتی به هه‌مان ئه‌و حكومه‌ته ده‌دات كه‌وا به‌رپرسياره به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌يه‌ی كه له ئه‌ستۆی گرتوه. هه‌روه‌ها به‌و ئيختياره، پارسه‌نگی پۆسته هه‌ستياره‌كانی هه‌رێم و به‌غدا وه‌ك خۆيان ده‌مێننه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه جارێ حيزبه‌كان خۆيان تووشی كێشمه كێشمی دابه‌شكردنی كێكه‌كه بكه‌نه‌وه و ته‌ركيزيان له‌سه‌ر شه‌ڕی جه‌بهه ده‌ره‌كيه‌كان لاكه‌وێ.
بێ گومان مانه‌وه‌ی نێچيرڤان بارزانی له‌سه‌روی كابينه‌دا له به‌ڕژه‌وه‌ندی پارتی دايه، و لۆبيكه‌ری سه‌ربه پارتی بۆ ئه‌و ده‌ره‌نجامه كه‌مپه‌ين ده‌كه‌ن. هه‌ندێ خه‌ڵك و ڕۆشنبير، و بگره سه‌ركرده‌ی يه‌كێتیش، هه‌ن كه حه‌ز به‌و ئيختياره ده‌كه‌ن. به‌ڵام دياره هه‌ندێ سه‌ركرده و كاديرانی تری ناو يه‌كێتی به‌وه ڕازی نا‌بن، مه‌گه‌ر پارتی ته‌نازولاتی هاوتایان بۆ بكات. نێچيرڤان بارزانی له ته‌سريحه‌كانیدا كاديرانی يه‌كێتی دڵنيا كردۆته‌وه و وای ده‌رده‌خات كه‌وا مه‌سه‌له‌كه يه‌كلايی بۆته‌وه. واته له كۆتايی ئيمساڵدا پۆسته‌كه بۆ كانديدی يه‌كێتی چۆل ده‌كات. به‌لام گفتوگۆ نهێنيه‌كانی هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی پارتی، و ڕه‌فتاری سكرتێری گشتی يه‌كێتی (مام جه‌لال تاله‌بانی)، ئه‌و په‌يامه نابه‌خشێ.
بڕياری يه‌كێتی نهێنيه له‌لای تاله‌بانی
له‌وه‌ده‌چێ كه تاله‌بانی له لای خۆيه‌وه دوابڕياری نه‌داوه، بۆيه مه‌سه‌له‌كه له ديوی يه‌كێتيدا هێشتا يه‌كلايی نه‌بۆته‌وه. وه‌يان تاله‌بانی بڕياری داوه، و ڕه‌نگه به نهێنی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی پارتی ڕێكه‌وتوه، به‌ڵام جارێ نايه‌وێ هه‌واڵه‌كه به سه‌ركرده و جه‌ماوه‌ری يه‌كێتی ڕابگه‌يه‌نێ. ئه‌گه‌ر تاله‌بانی نه‌كه‌وێته ژێر فشاری كاديران و جه‌ماوه‌ری يه‌كێتیه‌وه، ئه‌وا ڕه‌نگه بيه‌وێ باری ئێستا به‌رده‌وام بێ و پڕۆسه‌ی جێگۆڕكێكه له‌بير بكرێ، چونكه به‌رده‌وامێتیی باری ئێستا له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و ڕێكخراوی يه‌كێتیدا ده‌بينێ. ڕه‌نگه خۆيشی ئاگاداریه‌كی ئه‌وتۆی له ده‌ردی هه‌رێم نه‌بێ، و له ڕوانگه‌یدا بار‌و دۆخ باش ڕۆيوه و پێويست به هه‌ژاندنی به‌له‌م ناكات.
له ڕاستيدا، ئه‌و كابينه‌يه‌ی ئێستا گرفتی زۆره و ئيختياری هێشتنه‌وه‌ی به بێ ده‌ستێوه‌ردانی پۆسته وه‌زاريه‌كان و ته‌واوی هه‌يكه‌لی ئيداره‌كه، له قازانجی خه‌ڵك و وڵات تێدا نيه. ناكرێ نه‌هجی حوكمڕانی ئێستا، به هه‌موو گرفت و نه‌خۆشيه‌كانيه‌وه به‌رده‌وامی پێ بدرێ.
دووه‌ميان: جێگۆڕكێی سه‌رۆك وه‌زيران
ئيمڕۆ وه‌زعی ناوه‌كی ڕێكخراوه‌يی پارتی له هی يه‌كێتی چاكتره. باری نه‌فسی و ته‌نزيمی يه‌كێتی، هه‌ر وه‌ك ساڵی پار به لاوازی ماوه‌ته‌وه، و به‌ڵكه خراپتريشه. هاوكات، هه‌تا ئێستاش له پايته‌ختدا پارتی وه‌ك ساحێب ماڵ ڕه‌فتار ده‌كات، و وه‌زيره‌كانی يه‌كێتی وه‌ك مێوان و كرێچی ڕه‌چاو ده‌كرێن. دانانی نێچيرڤان بارزانی به سه‌رۆك وه‌زيران له سه‌روی كابينه‌ی پێنجه‌مدا، وه‌ك به‌رده‌وام بوونی كابينه‌كه‌ی پێشتری پارتی (ئيداره‌ی هه‌ولێر) ده‌هاته پێش چاو، و خه‌ڵكی پايته‌ختيش هه‌ر ئه‌وهايان ڕه‌چاو ده‌كرد. دانانی جێگری سه‌رۆك وه‌زيرانێكی سه‌ر به‌يه‌كێتی به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌كرد كه‌وا يه‌كێتی، و خه‌ڵكی ناوچه‌كانی سه‌ر به يه‌كێتی (به تايبه‌تی خه‌ڵكی سلێمانی)، ئه‌و حكومه‌ته يه‌كگرتوه به هی خۆيان بزانن. دياره كه له ناو كابينه‌شدا، هێشتا به حيسابی "وه‌زيری پارتی" و "وه‌زيری يه‌كێتی" سه‌يری ئه‌ندامانی كابينه‌كه ده‌كرێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه نێچيرڤان بارزانی زۆر به هه‌ستياری و به موجامه‌له‌ی شايانه‌وه دڵی وه‌زيره‌كانی يه‌كێتی ڕاگرتوه. بۆيه ڕه‌نگه هاتنی سه‌رۆك وه‌زيرانێكی سه‌ر به‌يه‌كێتی و ده‌ستێوه‌ردانی پۆسته‌كان، ئه‌و ديمه‌ن و كه‌ڵتوره سه‌رتاپا بگۆڕێ و كابينه حيسابی يه‌ك تيمی بۆ بكرێ. سه‌رۆك وه‌زيرانيش ده‌بێ بديترێ كه‌وا به يه‌ك چاو سه‌يری سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و كه‌ركوك و شاره‌كانی تری كوردستان ده‌كات.
كانديدی يه‌كێتی كێيه و چی پێ ده‌كرێ
ده‌نگۆی ئه‌وه باوه كه‌وا دكتۆر به‌رهه‌م سالح ته‌نيا كانديدی به‌رچاوی يه‌كێتيه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته. بێ گومان، به‌رهه‌م سالح له بواری حوكمڕانيدا تاقی كراوه‌ته‌وه و تێشيدا سه‌ركه‌وتو بووه. كه له سلێمانی سه‌رۆكوه‌زيران بوو و دواييش له به‌غدا پۆستی جێگری سه‌ۆركوه‌زيرانی گرته به‌ر، ئه‌زموونێكی زۆری عيراقی و نێوده‌وڵه‌تی په‌يدا كرد و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تيشدا خۆی ناساند. بۆيه خه‌ڵكی كوردستان له‌و ئيختياره‌دا دودڵ و ناڕه‌حه‌ت نينه. به‌رهه‌م سالح خۆيشی ئه‌وه سێ ساڵه له به‌غدايه‌كی كاولدا و له ژينگه‌يه‌كی ناهه‌مواردا، كار بۆ عيراق ده‌كات، وه تا ڕاده‌يه‌كيش ره‌نج به خه‌ساره. له ڕووداوه گرنگه‌كانی ناو كوردستان و كێشه‌كانی ناو يه‌كێتیشدا دووره‌په‌رێز بوه، و جێ په‌نجه‌ی ديار نيه. له‌وه‌دا، وه‌ك جێگرێكی سكرتێری گشتی يه‌كێتی، گله‌يی زۆری لێكراوه. بۆيه، ڕه‌نگه به‌رهه‌م سالح خۆيشی حه‌ز به گه‌ڕانه‌وه بكات و بێ گومان كوردستانيش پێويستی به خه‌ڵكی وه‌ك ئه‌و زياد بوه.
به‌ڵام ئايا ئاستی سه‌ركه‌وتن و ئه‌نجامدانی كاره‌كانی به‌رهه‌م سالح له هی نێچيرڤان بارزانی زياتر ده‌بێ؟ ڕه‌نگه له هه‌ندێك بواردا له‌ويان باشتر بێ و له هه‌ندێكيشيان له‌و خراپتر. به‌لام به گشتی، مه‌حاڵه كه هه‌ر كه‌سێك له‌و پۆسته‌دا بێ بتوانێ له سنوری بازنه‌يه‌كی دياريكراودا تێپه‌رێ، چونكه پۆسته‌كه به ده‌يان په‌رژينی ڕه‌ق و زه‌قی ڕێگر، ده‌وره دراوه. ڕۆژگار سه‌لماندويه‌تی كه‌وا قودره‌تی سيسته‌می دواكه‌وتوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی، و عه‌قليه‌ت و په‌روه‌رده‌ی بيرۆكراسی عيراقی (كه به بۆماوه‌يی بۆ هه‌رێم ماوه‌ته‌وه) زۆر له توانای تاكه سه‌ركرده به‌هێزتره. ئه‌وجا چی جای ئه‌وه‌ی كه له حكومه‌تێكی ئيئتيلافی نێوان دوو حيزبی ناته‌با، و له جه‌وێكی بێ متمانه‌يی و له ژێر فشاری كات و غه‌زه‌بی خه‌ڵكدا، كانديدنی يه‌كێتی بتوانی هه‌موو لايه‌ك ڕازی بكات و به ساغی وه‌ك موی ناو هه‌وير لێی بێيته ده‌ر. خاوه‌ن ده‌سه‌لاتێكی وه‌ك نێچيرڤان بارزانی، به هه‌موو توانا و قورسايی خۆيه‌وه، نه‌يتوانی به‌سه‌ر بيرۆكراسيه‌تی كابينه‌كه‌ی و سيسته‌مه ڕێگره‌كه‌ی هه‌رێم باز بدات. وه‌يان به‌سه‌ر كه‌ڵتوری ناپڕۆفيشنه‌ڵانه‌ی ئيداره‌ی كوردستان و عه‌قليه‌تی كاری كوردانه‌دا، باز بدات. به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌يه كه له ده‌يان لاوه ڕێگه له به‌رنامه و پڕۆژه‌كانی گيراوه.
چاره‌سه‌ر: ده‌ستێوه‌ردانی كابينه
له حاله‌تی مانه‌وه‌ی بارزانی
له حاڵه‌تی مانه‌وه‌ی نێچيرڤان بارزانی به سه‌رۆك وه‌زيران، گه‌وره‌ترين پرسيار (و مه‌ترسی) لێره‌دا ئه‌وه‌يه: ئايا تيمی وه‌زيره‌كانی ناو كابينه وه‌ك خۆيان ده‌مێننه‌وه، وه‌يان تيمێكی تازه سه‌رله‌نوێ داده‌نرێته‌وه؟
له‌وه‌ته‌ی كه حكومه‌تی به‌غدا باس له كه‌م كردنه‌وه‌ی ژماره‌ی وه‌زير و وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كات، ده‌نگۆی ئه‌وه په‌يدا بووه كه له هه‌ولێريش هه‌مان كار ئه‌نجام ده‌درێ. باس له‌وه‌ش كراوه كه‌وا ئه‌و وه‌زيرانه‌ی كه پۆسته‌كانيان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ڕه‌نگه بكرێنه بريكاری وه‌زيره‌كانی تر. ئه‌وه ده‌ليلێكی تره كه له‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ی كابينه‌دا ديسان ئه‌وله‌ويه‌ت به ڕازی كردنی ئه‌م لاو ئه‌ولا و پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديه تايبه‌ته‌كان ده‌درێ، نه‌ك به چاوپێخشاندنه‌وه‌ی سيسته‌می ئيداری و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان.
نهێنی نيه كه‌وا سه‌رۆك وه‌زيرانی ئێستا، گيرۆده بووه و شه‌كوای له چه‌ندين وه‌زيری كه‌مزان و كه‌م ئه‌زمون و كه‌م توانا و كه‌مته‌رخه‌مه، كه له سه‌ره‌تاوه به‌سه‌ريدا فه‌رز بوونه. وه‌زيری بێ وه‌زاره‌ته‌كانيش له‌ولا بوه‌ستن. سه‌ربارو بنباريش، چه‌ندين وه‌زاره‌تی كابينه‌ی ئێستا كاريان تێدا سڵه و بگره وه‌ستاوه، سه‌ره‌ڕای لێهاتوويی وه‌زيره‌كانيان. كاڕا كردنی كابينه له وه‌زيری لێهاتوو زياتری پێويسته.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌شه‌وه، ڕه‌خنه‌ی مه‌زنی هه‌ر هه‌موو وه‌زيره‌كان له سه‌رۆك تيمه‌كه‌يان ئه‌وه‌يه كه‌وا زۆر سه‌رقاڵ و بێ كاته و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانيشی له چه‌نگی خۆی و ديوانه‌كه‌یدا چڕ كردۆته‌وه. حاجيزێكی نه‌فسی و ئيداری بيرۆكراسی له نێوان خۆی و وه‌زيره‌كان دروست كراوه، كه ديده‌نی و په‌يوه‌ندی كردنيان به يه‌كتره‌وه له‌وپه‌ڕی زه‌حمه‌تيدايه. دياره كه سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيره‌كان ميكانيزمێكی تۆكمه‌ی حوكمڕانی ئه‌وتۆيان دانه‌مه‌زراندوه كه به هۆيه‌وه كاری كه‌سيان له‌سه‌ر ئه‌وی تريان نه‌وه‌ستێ.
له حاله‌تی جێگۆڕكێدا
له حاله‌تی ئاڵوگۆری پۆسته‌كاندا، سه‌رۆك وه‌زيرانێكی نوێی سه‌ر به يه‌كێتی، هه‌روه‌ك هی ئێستای سه‌ر به پارتی، هه‌مان گرفت و ته‌حه‌دای ده‌كه‌وێته به‌رده‌م و به‌لكو زياتريش. ئه‌گه‌ر پارتی ته‌عاونی له‌گه‌ڵدا نه‌كات، ئه‌وا له يه‌كه‌م ڕۆژه‌وه كاری قورس ده‌بێ. خۆ ناته‌بايی ناو سه‌ركردايه‌تی يه‌كێتی، و ده‌ستێوه‌ردانی خودی سكرتێری گشتی (له كاروباری ئيداری ديوی سلێمانی)، گرفتی مه‌زنتريش بۆ سه‌رۆك وه‌زيرانه‌كه‌ی سه‌ربه حيزبه‌كه‌يان دروست ده‌كه‌ن و ڕه‌نگه له ته‌ركيزی كه‌متر بكه‌نه‌وه.
خۆ ئه‌گه‌ر له دوای جێگۆڕكێی سه‌رۆك وه‌زيران، ليستی وه‌زيره‌كان وه‌ك خۆيان مانه‌وه، ئه‌وا مسۆگه‌ره كه شڕه عاره‌بانه‌ی حوكمڕانی له‌سه‌ر هه‌مان ڕێگه‌ی پڕ تاسه و ته‌گه‌ره به‌رده‌وام ده‌بێ. بۆيه پێويسته پارتی و يه‌كێتی ئه‌و ئافه‌ته تووشی سه‌رۆك وه‌زيرانی نوێ نه‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌بوايه توشی نێچيرڤان بارزانيان نه‌كردبايه. به‌تايبه‌تی چونكه كانديدی يه‌كێتی بۆ سه‌رۆكوه‌زيران ده‌ستی له ده‌سه‌ڵاتی ته‌نزيمی و عه‌سكه‌ری و ئاسايشيدا به قه‌د سه‌رۆك وه‌زيرانی ئێستا ناڕوات. واته، ئه‌زموون و توانا و لێزانين له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێته ناو حوكمه‌وه، به‌ڵام به‌بێی فاكته‌ری ترس و ده‌سه‌لاتی بازوو
پوخته‌كه‌ی
به جێگۆڕكێ وه‌يان به‌بێ جێگۆڕكێ، له به‌رژه‌وه‌ندی حيزبه‌كان و ميلله‌تدايه كه‌وا چاويێكی بابه‌تيانه به ته‌واوی پۆسته وه‌زاريه‌كاندا بخشێنرێته‌وه. پێويسته سه‌رۆك وه‌زيران له دانانی وه‌زيره‌كانيدا، له‌سه‌ر بنه‌مای موئه‌هه‌لاتی پێشڕه‌وێتی و توانای بڕيارداندا، ئازاد بكرێ. ئه‌و جۆره ده‌ست به‌ڕه‌ڵا كردنه چاكه‌يه‌كی شه‌خسی نيه، به‌ڵكو فه‌رزێكه و له خزمه‌تی بزوتنه‌وه هاوبه‌شه‌كه‌دايه.
چاكسازی ئيداری: له كابينه به‌ولاوه
كات خێر ده‌ڕوا، و پارتی و يه‌كێتی ته‌نيا دوو ساڵی ناسكيان له‌به‌رده‌م ماوه بۆ ڕازی كردنی خه‌ڵكی ناڕه‌زای كوردستان، بۆ بازدان به‌سه‌ر سه‌دان ته‌گه‌ره و ئه‌جام دانی سه‌دان پڕۆژه. هه‌تا ئێره، خه‌لكی كوردستان پشوی درێژ بوه و فرسه‌تی داون، به‌لام چيتر به (ته‌بديل لاعيب) و كاری بێ ئه‌نجامی پارتيزانی، هه‌لناخه‌ڵه‌تێ. "كه‌پری" هه‌رێميش به بێ به‌رنامه و نيه‌تی كاری جيدی سه‌ركرده‌كان نابێته كۆشك. كوردستان به بێی دڵنيا كردنه‌وه‌ی بيزنيسی ئينته‌رناسيونالی مه‌ڵتی بليۆنی، و به‌بێی سيسته‌می ته‌نده‌ری پڕ له ئێتيكی پڕۆفێشنه‌لانه‌ی شه‌فاف، نابێته ئيمارات و دوبه‌ی. به‌بێ په‌يدا كردنی متمانه‌ی خه‌ڵك و دامه‌زرانی كۆره‌گه‌كانی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی و به‌رنامه‌ی چاكسازی سه‌رتاسه‌ريی، هه‌رێمه‌كه به‌رگه‌ی ته‌وژمی هێزه ئابوری و سياسی و عه‌سكه‌ريه‌كانی ده‌ورو پشتی ناگرێ.
خۆ ئه‌و گۆڕه‌پانه جارێ هی پارتی و يه‌كێتيه، و دياره كه هه‌تا ماوه‌يه‌كی درێژی تريش هه‌ر هی ئه‌و دوو حيزبه‌يه. ئيتر جێگه‌ی سه‌ر سوڕمانه كه هه‌تا ئێستا ئيداره و سه‌ركرده‌ی هيچ كام لايان به به‌رنامه‌يه‌كی درێژ خايه‌ن كار بۆ پلانی پێنج ساڵی و ده ساڵی و بيست ساڵی ناكات. ئه‌وه‌ی كراويشه، پچڕ پچڕ و ده‌م ناده‌مه. نمونه‌ی به‌رنامه‌ی درێژ خايه‌نه‌كانيان ته‌نيا له لايه‌نی بينا كردن و ژێرخانی به‌رديندا به‌دی ده‌كرێ، به‌ڵام نهێنی وڵاتسازی له بيناكاری و جاده و عيماره و فڕۆكه‌خانه‌دا نيه. به‌ڵكو له ته‌فعيلی په‌رله‌مانه، له دروست كردنی موئه‌سسه‌سه‌كانی ديموكراسيه، له پێشخستن و ڕاهێنانی كاديری پيشه‌ييه، له به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی بيركاری پيشه‌يی و چۆنايه‌تی خزمه‌تگوزاريه، له چاك كردنی سه‌رخان و ژێرخانی ئيداريه، له نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵيه. به كورتيه‌كه‌ی، له وڵاتپه‌رستيه.
بۆيه، ته‌نيا ئيختياری به‌رده‌می سه‌ركرده‌كان ئه‌وه‌يه كه له‌و شه‌ش مانگه‌ی داهاتوودا، هه‌تا ڕۆژی جێگۆڕكێی سه‌رۆكوه‌زيران و له رێگه‌ی كۆميته‌يه‌كی پسپۆڕان، بكه‌ونه لێكۆڵينه‌وه و بيركاری، هه‌تا به‌رنامه‌يه‌كی مه‌دروسی پڕ له وورده‌كاری دابڕێژن. ئه‌وه‌يش بۆ هێنانه كايه‌وه‌ی سيسته‌مێكی مۆدێرن و بارودۆخێكی له‌بار بۆ حوكمڕانی، بۆ داهێنانی ده‌وڵه‌تی قانون، بۆ به موئه‌سسه‌سه‌كردنی ئيداره هه‌ر له كابينه‌وه بگره هه‌تا بچوكترين به‌ش. له ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه (نه‌ك له ديوه‌خانی مه‌كته‌ب سياسيه‌كانه‌وه) ده‌يان پڕۆژه‌ی سياسی و ئيداری و ده‌ستوری و قانونی دابڕێژن، وه موناسه‌به‌ی جێگۆڕكێی سه‌رۆك وه‌زيران بكه‌نه هۆيه‌كی هانده‌ر بۆ زياتر له يه‌كتر نزيك كردنه‌وه‌ی بۆچونه جياكان. ئه‌ركی سه‌رۆكی پارتی و يه‌كێتیه كه ئه‌و پڕۆسه‌يه ته‌به‌ننا بكه‌ن و به‌دوای بكه‌ون، و به ڕۆژێك و دوو، به جه‌وله‌يه‌ك و دوو، به به‌يانێك و دوو، كار به جێ نه‌هێلن. جێگه‌ی داخه كه سه‌ركرده‌كان چاوه‌ڕێی گفتوگۆ و ديده‌نی دوو مه‌كته‌ب سياسيه‌كه‌ی يه‌كێتی و پارتی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی يه‌كگرتنه‌وه‌ی حكومه‌ت چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ئه‌نجامدانی ئه‌و كارانه له پيشه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌ته، نه‌ك هی مه‌كته‌بی سياسیه‌كان، بۆيه ئه‌ركی سه‌رۆكه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه كه هێلی جياكه‌ره‌وه له نێوان كاری حيزبی و حكومی به زه‌قی رابكێشن.
دواپه‌يام
خه‌لكی كوردستان چاوی له گۆڕانگاری بنه‌ڕه‌تيه، نه‌ك گۆڕانكاری له واجيهه‌ی حوكمڕانی و جێگۆڕكێی پۆسته زه‌قه‌كان. ئه‌و ميلله‌ته قوربانی زۆری داوه، سه‌ركرده‌كانيش زۆری داواكانيان له پشت گوێ خستوه. هه‌تا ئێستا ميلله‌ت له به‌ر سێبه‌ری ئه‌و كه‌پره شلۆقه‌ی هه‌رێم ماندوو بوونیان نه‌حه‌ساوه‌ته‌وه. ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی داهاتوو كاتی ئه‌وه‌يه كه به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه ئه‌وله‌ويه‌ت وه‌ربگرێ. به بێی حكومه‌تێكی كاڕا و متمانه پێكراو و پشت ئه‌ستوور به ميلله‌ت، مه‌حاڵه ئيمڕۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌نگاری هێرشه يه‌ك له دوای يه‌كه‌كانی دوژمنان ببێته‌وه