ڕيفۆرمی يه‌كێتی و ديموكراسيه‌تی هه‌رێم

به‌شی دووه‌م: سه‌رچاوه‌ی گرفته‌كان و چاره‌سه‌ريان

هاوڵاتی: ٧/٥/٢٠٠٨

دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

له‌ به‌شی يه‌كه‌می ئه‌و وتاره‌دا (هاوڵاتی، ژماره‌ ٤١٨)، هاوكێشه‌ی ده‌سه‌لاتی سياسی له‌ نێوان پارتی و يه‌كێتی، و مه‌ترسی لاسه‌نگ بوونی پارسه‌نگی نێوانيان تاوتوێ كران. باس له‌ شێوازی حوكمڕانی تاكڕه‌وانه‌يان و گرنگی به‌رده‌وام بوونی پێشبڕكێی نێوانيان كرا. ڕووناكی خرايه‌ سه‌ر قه‌يرانی يه‌كێتی و جه‌خت له‌ سه‌ر ڕۆڵی مێژوويی و زه‌ڕوڕه‌تی ڕيفۆرم و ئه‌ركی سه‌ركرده‌كان له‌ پڕۆسه‌ی زيندوو كردنه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ كرا. ته‌ركيزی ئه‌و به‌شه‌ی دووه‌م له‌سه‌ر ده‌ستنيشان كردنی گرفته‌ سه‌ره‌كيه‌كان و چاره‌سه‌ركردنيانه‌. وه‌ك دياره‌، گرفته‌كانی يه‌كێتی زۆرن و هه‌مه‌جۆرن، بۆيه‌ش چاره‌سه‌ری هه‌موويان له‌ ڕ‌‌ه‌گ و ڕيشه‌وه‌ وا ئاسان و خێرا نابێت‌. به‌ڵام، سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی گرفته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند دانه‌يه‌كی بنه‌ڕه‌تی، كه‌ چاره‌سه‌ریان كه‌فيله‌ به‌ چاكردنی گرفته‌كانی تر.

سه‌رچاوه‌ی كرفته‌كان

گرفتی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی يه‌كێتی و هه‌موو حيزبێكی گۆڕه‌پانی سياسی له‌ كوردستان و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بريتيه‌ له سێ دانه‌ی لێك به‌ستراو:

١- ‌ گرفتی داڕێژتن و پياده‌ كردنی ده‌ستور

٢- گرفتی دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵات و هه‌يمه‌نه‌ی سه‌رۆكی ميهره‌بان

۳- گرفتی ميسداقيه‌تی كۆنگره‌ و شه‌رعيه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌كان

دياره‌ كه‌ ئه‌و گرفتانه‌ لێك به‌ستراون وهه‌ريه‌كه‌يان دروستكرد و به‌رهه‌می ئه‌وه‌ی تره‌. بۆ نموونه‌، خودی سه‌ركرده‌كان (به‌ سه‌رۆكه‌وه‌) هه‌ر خۆيان سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌زنی گرفته‌ موزمينه‌كانن ، چونكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیاندا نيه‌ ڕێگه‌ به‌ دانانی ميكانيزمی لابردن و لێپرسينه‌وه‌‌يان له‌ لايه‌ن ئه‌ندامه‌ ئاساييه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌وه بده‌ن. بۆيه‌‌ به‌ ده‌گمه‌ن هه‌ڵبژاردنه‌كانی ناو كۆنگره‌كان به‌ ئازادانه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، به‌و پێيه‌ش به‌ ده‌گمه‌ن ڕێوڕه‌سمی كۆنگره‌ حيزبيه‌كان و سه‌ركرده هه‌ڵبژێردراوه‌كان‌ شه‌رعيه‌ت و ميسداقيه‌ت مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن. خۆ ڕه‌فتاری مه‌سئول مه‌ڵبه‌ند و كادره‌ ناوه‌ڕاسته‌كان و ئه‌ندامانی كۆنگره‌كانيش به‌ هه‌مان شێوه‌ی سه‌ركرده‌كان به‌ چه‌ندين تۆڕی ته‌كه‌تول و به‌رژه‌وه‌ندی تايبه‌ت و بيركردنه‌وه‌ی ته‌سكه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌. بۆيه‌، گله‌يی كارخراپيه‌كان هه‌ر له‌ سه‌ركرده‌كان نيه‌ به‌ڵكو له‌ هه‌موو به‌شدارانی كۆنگره‌كان و داروده‌سته‌ی بڕيارده‌ره‌كانه‌‌. جا ناكرێ به‌ ته‌نيا باس له‌ هيچ كام له‌و گرفته‌ سه‌ره‌كيانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بكرێت و به‌ بێی ده‌ستێو‌ه‌ردانی ئه‌وانی تر، چاره‌ بۆ هه‌ريه‌كه‌يان به‌ جودا دابنرێ.

يه‌كه‌م: گرفتی ده‌ستوور

دياره‌ كه‌ هه‌يكه‌لی ڕێكخراوه‌يی حيزبه‌ كورديه‌كان له‌ سه‌رده‌می شاخه‌وه‌ تا ئێستا گۆڕانكاريه‌كی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، و هی هه‌موويان له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی شه‌ڕی پارتيزانی و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڕه‌می كۆمۆنيستيی، وه‌يان "ديموكراتی شۆڕشگير"، دامه‌زراوه‌. هی هيچ كاميان بۆ پێشبڕكێی سياسی شارستانی ژێر سايه‌ی ديموكراسيه‌تی ده‌ستووری ده‌ست نادات و‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمی ده‌ستووری عيراقی ئێستاشدا ناگونجێت. خۆ پارتی و يه‌كێتی، هه‌روه‌ك هه‌موو حيزبه‌ تاكڕه‌وه‌ ده‌سه‌لاتداره‌ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كانی تر، حكومه‌ت به‌ مولكی مۆنۆپۆڵی خۆيان ده‌زانن و ڕۆلی حيزب و حكومه‌ت به‌ ‌تێكهه‌ڵكێشراو ده‌بينن. ئه‌وانه‌ بڕيار له‌سه‌ر پۆسته‌ وه‌زاريه‌كان له‌ ڕوانگه‌ی گه‌مه‌ حيزبيه‌ ناوه‌كيه‌كانه‌وه‌ ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ری له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات و گوێزانه‌وه‌ی خه‌باتيان بۆ ڕێزی ئۆپۆزيسيۆنی ديموكراسيانه‌ ڕه‌چاو ناكه‌ن. بۆيه‌ش له‌ كاتی ڕه‌چاوكردنی گۆڕانكاريه حيزبيه‌‌كاندا، له‌ ئاستی ده‌ستێوه‌ردانێكی ڕووكه‌شی و جێگۆڕكێی ئه‌كته‌ره‌كان له‌ پۆسته‌ حيزبی و حكوميه‌كان تێناپه‌ڕن. له‌و نێوانه‌يشدا، ڕه‌زامه‌ندی ده‌نگده‌ر و پاراستنی مافی مرۆڤ و دامه‌زراندنی سيسته‌می عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی و دروستكردنی پردی متمانه‌ له‌گه‌ل ميلله‌ت جێگه‌ی باس نين و ئه‌وله‌ويه‌ت وه‌رناگرن‌.

ئاشكرايه‌ كه‌ ئيمڕۆ هه‌موو حيزبه‌كانی گۆڕه‌پان له‌ قه‌يرانی ده‌ستووريدا ده‌ژين، و له‌ ناوه‌رۆكدا چی جياوازيه‌كی ئه‌وتۆيان له‌ نێواندا نيه‌. خۆ يه‌كێتی ته‌واوی بنه‌ما فه‌لسه‌فيه‌كه‌ی له‌ده‌ست داوه‌ و پێويستی به‌ سه‌رله‌نوێ داڕێژتنه‌وه‌ هه‌يه‌. پێويستی به‌وه‌يه‌ كه‌وا له‌ پێناسه‌وه‌ ساغی بكاته‌وه‌ كه‌ ئايا "به‌يه‌کێتیبوون" مانای چيه. هه‌ڵبه‌ته‌ پێويست نيه‌ كه‌ ده‌ستووری يه‌كێتی (يان هه‌ر حيزبێكی تر) له‌ سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فيه‌وه‌ دابڕێژێت، به‌ڵام پێويسته‌ له‌ مانيفه‌ستۆيدا به‌رنامه‌‌‌ی هه‌بێ بۆ چۆنێتی پێشڕه‌ويكردنی پڕۆژه‌ی سياسی و ئابووری و كۆمه‌ڵايه‌تی وڵاته‌‌كه‌ و پلانی ئاشكرای هه‌بێ بۆ چۆنێتی ئيداره‌ی ده‌سه‌لات و پاراستنی به‌ڕژه‌وه‌ندی به‌رزی كورد. له‌ ڕێگه‌ی مانيفه‌ستۆوه‌‌ حيزب نيشانی بدات كه‌ ئايا بۆچی موسته‌هه‌قی ئه‌و ده‌نگه‌يه‌ كه‌ خه‌ڵك له‌ حيزبه‌كانی تری داببڕێ و بيداته‌‌ ئه‌وان. مانيفه‌ستۆی حيزب ده‌بێته‌ ئه‌و بنه‌مايه‌ی كه‌ به‌هۆيه‌وه‌ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر و ئه‌ندامانی حيزبه‌كه‌ چاودێری ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كانی پێ ده‌كه‌ن.

پڕۆسه‌ی ڕيفۆرمی ده‌ستوور

ده‌مێكه‌ كادرانی يه‌كێتی و به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كان به‌ پێويستيان زانيوه‌ كه‌ ده‌ست له‌ ده‌ستوور و په‌يڕه‌و و پڕۆگرام و هه‌يكه‌لی يه‌كێتی وه‌ربده‌ن. به‌ڵام له‌ پياده‌كردندا ته‌ركيزی هه‌وڵه‌كانيان‌ ته‌نيا بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ئالقه‌كانی خوار سه‌ركرده‌كانه‌وه‌ بووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ سه‌رچاوه‌ی گرفته‌كان بده‌ن. له‌ سێ (۳) ساڵی ڕابوردوودا، ده‌هۆڵی ڕيفۆرمی ده‌ستوور و چاكسازی ڕێكخراوه‌كه‌ ده‌نگی زۆر هات. پڕۆژه‌ی جياجيا تاوتوێ كران، گوايا به‌ ئامانجی دابه‌شكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و دارايی و داهێنانی لێپرسينه‌وه‌ و چاودێری كردنی ئه‌دائی حكومه‌ت و ڕێكخستنی په‌يوه‌ندی نێوان حيزب و حكومه‌ت و دامه‌زراندنه‌وه‌ی بناغه‌ی يه‌كێتی و هتد. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ ساڵی ٢٠٠٦دا هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌نده‌كان ئه‌نجام درا. به‌ڵام له‌جياتی ئه‌و ئامانجانه‌، يه‌كێتی له‌ چه‌ندين لاوه‌ زه‌ره‌ری گه‌وره‌ی له‌ خۆی دا. بۆ نموونه‌، هێز و توانا و كاتی ده‌يان هه‌زار ئه‌ندام و دارايی ده‌يان مليۆن دۆلاری ڕێكخراوه‌كه‌ی له‌ پڕۆسه‌كه‌دا سه‌رف كرد، و كه‌شی سياسی ناوه‌كی و شه‌ڕی باڵه‌ موته‌كه‌تيله‌كانی مه‌شحونتر كرد. له‌ كاتی كه‌مپه‌يندا، سه‌ركرده‌كان (به‌ سكرتێری گشتيه‌وه‌) بوونه‌ لايه‌نگير و ڕۆڵی براگه‌ورايه‌تی خۆيان له‌ده‌ست دا. مه‌ڵبه‌نده‌كان بوونه‌ شانۆی به‌ره‌نگاريی و به‌ربه‌ره‌كانی و زۆرانبازی و جه‌مسه‌رگيری و ته‌كه‌تولبازی و ناوچه‌گه‌رێتی.

له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانيش به‌ هه‌زاران كادر و ئه‌ندامان بوونه‌ قوربانی سه‌ركرده موته‌كه‌تيله‌كان، و زۆر له‌وانه‌ پۆستی‌ حيزبی و وه‌زيفيان له‌ده‌ست دا. توێژێكی زۆر گرنگی ناو يه‌كێتی ڕێكخراوه‌كه‌ی به‌جێ هێشت يان كشايه‌وه‌ وه‌يان زوير بوو. ئيتر ناحه‌زێتی و ڕق و كينه‌ی سياسی و كۆمه‌ڵايه‌تی له‌ نێو ئه‌ندامان و كادران و سه‌ركرده‌كان زياتر په‌ره‌ی سه‌ند. سه‌ربار و بنباريش، پڕۆسه‌ی چاكسازی و پاكسازی و نوێسازی و لێپرسينه‌وه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ گوژايه‌وه‌ و گرفتی سه‌ره‌كی ده‌ستووری يه‌كێتی هه‌ر وه‌ك خۆی مايه‌وه. ئه‌و بڕه‌ گۆڕانكاريانه‌ی كه‌ ئه‌نجاميش دران هه‌ر له‌ مه‌ڵبه‌ند به‌ره‌و خوار بوون، به‌بێ ئه‌وه‌ی هيچ جۆره‌ گۆڕانكاریه‌ك له‌ پێكهاته‌ی سه‌ركردايه‌تی و مه‌كته‌بی سياسی و پۆستی سكرتێری گشتیدا ئه‌نجام بدرێ. ژماره‌ی مه‌ڵبه‌نده‌كان له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ر زياد كران و ئێستا گرفتی ده‌وام كردن و مه‌سره‌ف كێشان و ته‌شه‌نه‌ی گه‌نده‌ڵيی تێياندا وای كردوه‌ كه‌ دووباره‌ بير له‌ كه‌م كردنه‌وه‌ی ژماره‌ و بودجه‌يان بكرێته‌وه‌.

ده‌ستووری ئاينده‌

پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی به‌ جورئه‌ته‌وه‌ به‌ره‌نگاری قه‌يرانه‌ ده‌ستووريه‌كان ببنه‌وه و ده‌ستوور و په‌يڕه‌و پڕۆگرامێكی تازه‌ و سه‌رده‌ميانه‌ له‌ ئامێز بگرن. پێويسته‌ چاو به‌ هه‌موو پێناسه‌ و په‌يوه‌ندی و ڕۆڵ و پۆسته‌كاندا بخشێننه‌وه‌، هه‌ر له‌ كرايتيريای ئه‌ندام و ئه‌ندام كۆميته‌ و مه‌ڵبه‌ند و كۆنگره‌وه‌ بگره‌ هه‌تا ده‌گاته‌ هی سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكی حيزبه‌كه‌وه، تا به‌هۆيه‌وه‌ دياربێ ئايا كێ له‌ ناوچه‌ی ئينتيخابيدا مافی هه‌‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی هه‌يه و كێ له‌ دواتر مافی خۆپاڵێوينی بۆ ئه‌ندامێتی سه‌ركردايه‌تی هه‌يه. خۆ ڕۆڵی پێشڕه‌وێتی ڕێكخراوێكی جه‌ماوه‌ری وه‌ك يه‌كێتی پێويستی به‌ كاری فول تايم و بێ وچانی كه‌سانی به‌ توانا هه‌يه‌. بۆيه‌ پێويسته‌ له‌ ده‌ستووردا گۆڕانكاری وا بكرێت كه‌وا خه‌ڵكی سه‌رقاڵ، يان پير و په‌ك كه‌وته، يان كه‌مته‌ركيز و كه‌مته‌رخه‌م وه‌يان خاوه‌ن دژه‌به‌رژه‌وه‌ندی له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌لات و ئاستی مه‌كته‌بی سياسيدا پۆستی سه‌ره‌كی داگير نه‌كه‌ن.

بۆ خاتری نوێ كردنه‌وه‌ی حيزب، پێويسته‌ ميكانيزم و په‌يڕه‌وپڕۆگرامه‌كه‌ی‌ به‌ جۆرێكی ديناميكی وا دابڕێژرێت كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ ببێته‌ كارگه‌يه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی سه‌ركرده‌ی لاو و خوێن گه‌رم و به‌توانا. پێويسته‌ كۆڕسی ڕاهێنانی به‌رده‌وام له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ ئه‌و كادرانه‌ (له‌ پياو و ژنان) ڕێك بخه‌ن و له‌ هه‌موو كۆنگره‌يه‌كيشدا ڕێگه‌ی هاتنه‌ پێشيان بۆ خۆش بكه‌ن. پێويسته‌ كۆميته‌ی سه‌ركردايه‌تی هه‌رده‌م له‌ نوێ بوونه‌وه‌دا بێ و به‌لانی كه‌مه‌وه‌ چاره‌گێك وه‌يان سێيه‌كی ئه‌ندامانی لاوی (ژن و پياوی) خوارووی چل ساڵيه‌وه‌ بێ. پێويسته‌ ئه‌وانه‌ی خۆيان بۆ سه‌ركردايه‌تی ده‌پاڵێون ته‌مه‌نيان له‌ ٦٢ ساڵ تێ ‌نه‌په‌ڕيبێ، چونكه‌ له‌ كۆتايی‌ مه‌ودای پۆست هه‌ڵگرتنيان (بۆ نموونه‌ ۳ تا ٤ ساڵ) ته‌مه‌نيان له‌ هی خانه‌نيشينی تێ ده‌په‌ڕێ. هاوكات، پێويسته‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ خانه‌‌نشين ده‌كرێن بكرێنه‌ ئه‌ندامی مه‌جليسێكی تازه‌ئيجاد، وه‌ك ده‌سته‌ی (پياوماقوڵان، براگه‌وران، ڕاوێژكاران) بۆ ئه‌وه‌ی‌‌ كاری حيزبی شياويان پێ بسپێردرێت و سوود له‌ ئه‌زموونيان وه‌ربگيرێت.

دووه‌م: گرفتی دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵات

له‌ هه‌موو حيزبه‌ كوردستانيه‌كاندا، هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی‌ ته‌شريعی و ته‌نفيزی له‌ پۆستی سه‌رۆكی حيزبدا كۆبۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش نه‌ك ته‌نيا ڕێخۆشكه‌ر بووه‌ بۆ دامه‌زرانی سيسته‌می "موڕشيدی ئه‌علا" و "سه‌ركرده‌ی ئه‌زه‌ليی و بێ هاوتا" له‌ناو حيزبدا، به‌ڵكو بۆ داهێنانی حوكمی تاكڕه‌وی بێ مونازيعيش له‌ ناو ئيداره‌ی حوكمڕانيدا. به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕێخۆشكه‌ر بووه‌ بۆ په‌روه‌رده‌كردنی خورده‌ تاكڕه‌و و پێكه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتداره‌كان و به‌رده‌وامكردنی گه‌نده‌ڵيی و حوكمی مه‌ركه‌زی.

پێويسته‌ له‌ ده‌ستووری يه‌كێتیدا چاوێكی دووربينانه‌ و جيددی به‌ پۆستی سكرتێری گشتیدا بخشێندرێته‌وه‌. به‌ مانا حه‌رفيه‌كه‌ی، پۆستی سكرتێری گشتی وه‌ك كارگێڕی حيزب وايه‌ و ته‌نيا بۆ ئيداره‌ی كاری ڕۆژانه‌ و ڕێوڕه‌سم و ڕۆتينی ناو حيزب ته‌رخان كراوه‌. سكرتێری گشتی ناكاته‌ سه‌رۆكی حيزب و ده‌سه‌ڵاته‌كانی زۆر دياری كراون. به‌ڵام له‌ ناو يه‌كێتی دا، سكرتێری گشتی مانای موڕشيد و تاكه‌ بڕيارده‌ر و ئه‌مين سه‌ندوق‌ و چه‌قی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌.‌ بۆيه‌ش مه‌سئوليه‌تی هه‌موو قه‌يران و گرفتێكی ڕێكخراوه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی سكرتێره‌ و خۆيشی به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ گرفت و له‌ چاره‌كان. واته‌ هه‌تا ئه‌ويان به‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌وه‌ له‌ سه‌ر لوتكه‌ی هه‌ڕ‌‌ه‌می يه‌كێتی دا مابێ، ئه‌وا ژيانه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ و مسۆگه‌ر كردنی ميسداقيه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كۆنگره‌ی داهاتوو و وه‌ده‌ست هێنانی شه‌رعيه‌تی ده‌ستووری بۆ سه‌ركرده‌كانی دواڕۆژ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌ودا ده‌بێ.

پێويسته‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ بير له‌ قۆناخی دوای سكرتێری گشتی ئێستای يه‌كێتی بكرێته‌وه‌ و مه‌سه‌له‌ی پێشڕه‌وێتی يه‌كێتی له‌ كۆنگره‌ی داهاتوودا يه‌ك لايی بكرێته‌وه‌. پێويسته‌ ڕۆڵی سكرتێری گشتی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بگۆڕدرێ وه‌يان هه‌ر بسڕێته‌وه‌ (له‌غو بكرێته‌وه)‌ هه‌تاوه‌كو كه‌ڵتووری "چه‌قی ده‌سه‌ڵاتی بێ هاوتا" له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌ يه‌كێتيدا نه‌مێنێ. له‌جياتيان، ده‌سه‌لاتی سه‌رۆك به‌سه‌ر چه‌ند پۆستێكی سيادی تر دابه‌ش بكرێ. هه‌ندێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ پێويسته‌كان له‌ ده‌ستی سه‌رۆك دا بێ و باقيه‌كه‌ی به‌ سه‌رجێگری سه‌رۆك و سه‌رۆكی ئيداره‌ و كارگێڕ و سه‌رۆكی كوتله‌ی په‌رله‌مان و خه‌زنه‌دار و هی تر دابه‌ش بكرێ. وه‌ ميكانيزمێكی نوێی شه‌فاف و عاديلانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پۆسته‌ سياديانه‌ دياری بكرێت، به‌ جۆرێك كه‌ كێشه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌كان و كێشه‌ هه‌ستياره‌كانی تری وه‌ك هی بنه‌ماڵه‌چيه‌تی و خزمايه‌تی و بۆماوه‌يیه‌تی له‌ بنه‌ڕه‌ته‌و چاره‌سه‌ر بكرێت. خۆ ده‌بێ مه‌ودای خزمه‌ت كردن له‌ پۆستی سه‌رۆكايه‌تی حيزب دياری بكرێ و له‌ دوو ده‌وره‌ی ئينتيخابی (هه‌شت ساڵ) تێپه‌ڕ نه‌بێ، وه‌ له‌ دوای ئه‌و ماوه‌يه به‌ هيچ پاساوێك سه‌رۆكه‌كه‌ مافی خۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی پێ نه‌درێ.

سێيه‌م: گرفتی ميسداقيه‌ت و شه‌رعيه‌ت

هه‌ڵبه‌ت، سه‌رچاوه‌ی ميسداقيه‌ت و شه‌‌رعيه‌ت بۆ سه‌ركردايه‌تی هه‌موو رێكخراوێك له‌ كۆنگره‌كه‌يدا هه‌ڵده‌قوڵێ، و له‌ شه‌فافيه‌ت و ئازادی ده‌بڕين و ده‌نگدان و لێپرسينه‌وه‌ په‌يدا ده‌بێت. به‌ڵام له‌ كه‌ڵتووری سياسی كورديدا، كۆنگره‌ شانۆيه‌كه‌ بۆ چه‌پڵه‌ لێدان ۆ هه‌ڵگوتن به‌ شان و باڵی سه‌رۆكی بێ هاوتا و بۆ ئه‌نجامدانی پلان و نه‌خشه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی. كۆنگره‌ له‌ كات و سات و هه‌لومه‌رجێكی گونجاو بۆ سه‌رۆك ئه‌نجام ده‌درێ، ياريكه‌ره‌ ئه‌نجامده‌ره‌كانيش له‌ لايه‌ن خودی سه‌رۆكه‌‌وه‌ ده‌ستنيشان ده‌كرێن، و سه‌ركرده‌ به‌ناو هه‌ڵبژێردراوه‌كانيش هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه‌ خودی سه‌رۆك‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌رچوونيان ده‌رده‌بڕێ. بۆيه‌، هيچ كام له‌ ڕێوڕه‌سم و ئه‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ و ده‌سته‌ی سه‌ركرده‌ هه‌ڵبژارداوه‌كان ميسداقيه‌ت و شه‌رعيه‌تی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی له‌گه‌ڵ خۆياندا هه‌ڵناگرن. جا جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نيه‌ كه‌وا كۆنگره‌‌كانی حيزبه‌ كورديه‌كان و ڕۆژهه‌ڵاتيه‌كان ناوه‌رۆك و قودسيه‌ت و هه‌يبه‌تی ڕێكخراوه‌يیان پێ نه‌ماوه‌.

دوابه‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و دواييه‌ی يه‌كێتی، ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كه‌ چاوه‌ڕێی به‌ستنی كۆنگره‌ بوون به‌و ئومێده‌ی كه‌وا چاره‌نوسی ڕێكخراوه‌كه‌ی تێدا حه‌سم بكه‌ن. به‌ڵام له‌ جياتی كۆنگره، پلينيۆم به‌سترا. ئه‌وه‌يشيان هه‌ر له‌ ده‌ستپێكه‌وه بووه‌ فه‌وزا و به‌ بێ ئه‌نجام‌ فه‌شه‌لی هێنا. له‌ كورتی، به‌بێ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردايه‌تی و ده‌ستكاری په‌يڕه‌و و پڕۆگرامی ناوه‌خۆ و تاوتوێ كردنی ئازادانه‌ی هيچ جۆره‌ بابه‌تێكی گرنگ، بڕێندرايه‌وه‌. دياره‌ كه‌ كه‌مپه‌ينه‌ بێداده‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌نده‌كان و فه‌شه‌لی پلينيۆم‌ برينی يه‌كێتی قوڵتر كرد و درێژه‌ی به‌ قه‌يرانه‌كانی دا و ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كه‌شی بێ ئومێد كرد. ئێستا ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری يه‌كێتی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن كه‌ له‌‌ كۆنگره‌ی داهاتوودا موعجيزه‌ بخوڵقێنن و چاره‌رنوسی ڕێكخراوه‌كه‌ وه‌رچه‌رخێنن. به‌لای زۆريانه‌وه‌ كۆنگره‌ی داهاتوو دوا فرسه‌ته‌ و خاڵێكی جياكه‌ره‌وه‌يه‌ له‌ نێوان ئه‌گه‌ری فه‌وتان و چانسی ژيانه‌وه‌ی يه‌كێتی.

كۆنگره‌‌

له‌ سیودوو ساڵه‌ی ته‌مه‌نيدا، يه‌كێتی ته‌نيا دوو كۆنگره‌ی به‌ستووه، و دووه‌مه‌كه‌يان كه‌ له‌ بارودۆخێكی ئاساييدا گيراوه و وه‌‌ك هه‌موو كۆبوونه‌وه‌ گشتيه‌كانی پێشتری به‌ شانۆگه‌ری ئه‌نجام دراوه‌. سه‌ركرده‌كان‌ بۆ سه‌رخستنی ئه‌جيندا پێشوه‌خته‌كانيان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تايبه‌ته‌كانيان و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئالقه‌ موته‌كه‌تيله‌كانيان به‌كاريان هێناوه‌. ده‌ستوور و په‌يڕه‌و و پڕۆگرامی ڕێكخراوه‌كه‌، كه‌ هه‌ر به‌ قه‌له‌می خودی سه‌ركرده‌كان نووسراون، به‌ ده‌گمه‌ن له‌ كۆنگره‌دا په‌يڕه‌وی كراون، به‌‌وه‌ش كه‌شی ئه‌ناركی زاڵ كراوه‌. ئه‌و پێشێل كردنه‌ به‌ ڕێكه‌وت و له‌ ئه‌نجامی نه‌زانين و سه‌هوكردن نه‌بووه‌‌‌، به‌ڵكو به‌ مه‌به‌ستی پياده‌ كردنی ويسته‌كانی خودی سكرتێری گشتی و سه‌كرده‌ بڕيارده‌ره‌كان بووه‌‌. بۆيه‌، هيچ كۆنگره‌ و پلينيۆم و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گشتی يه‌كێتی (وه‌ك هی حيزبه‌كانی تر) ميسداقيه‌ت و شه‌رعيه‌تی سياسی و قانونی نه‌بووه‌ و له‌ مانا ديموكراسیه‌ ئازاده‌كه‌ی به‌تاڵ كراوه‌ته‌وه‌. به‌ هه‌مان پێوانه‌ش، متمانه‌ی ئه‌ندام و دۆست و جه‌ماوه‌ر و ميلله‌ت و بيگانه‌كانی له‌ده‌ست داوه‌. ئه‌گه‌ر يه‌كێتی بيه‌وێ له‌ ڕۆخی فه‌وتان دووركه‌وێته‌وه‌ و ڕێگه‌ی ژيانه‌وه‌ بگرێته‌ به‌ر، پێويسته‌ له‌ كۆنگره‌دا يه‌كه‌م هه‌نگاوی ميسداقيه‌ت و شه‌رعيه‌ت بهاوێ. دياره‌ كادرانی يه‌كێتی خه‌ريكن خۆيان بۆ كۆنگره‌ ئاماده‌ د‌ه‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ ڕاستيدا ئاماده‌كاريه‌كان بێ ته‌نسيق و به‌رنامه‌ن، چونكه‌‌ له‌ سكرتێری گشتی به‌ولاوه‌، كه‌سی تر زانياری سه‌باره‌ت به‌ كات و سات و شوێن و هه‌لومه‌رجی كۆنگره‌‌وه‌ نيه. بڕياری كۆنگره‌ به‌ ويستی ئه‌وه،‌ و سه‌ركرده و كادرانيش به‌ مه‌جبووری چاويان بڕيوه‌ته‌ ئيشاره‌ته‌ غاميزه‌كانی سكرتێر به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ريان لێ ده‌ربچێ.

ده‌رسی مێژوو

پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی ده‌رسی مێژوو له‌ ئه‌زموونی كۆبوونه‌وه‌كانی پێشتر‌ هه‌ڵێنجن. پێويسته‌ له‌‌ هه‌ڵه‌ و ڕه‌فتاره‌ شێواوه‌كانی پێشوويان عيبڕه‌ت وه‌ربگرن و هه‌وڵده‌ن متمانه‌ی ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ره‌كه‌يان بكڕنه‌وه‌، و بڕوانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سه‌ركرده‌ هه‌ڵبژاردراوه‌كان په‌يدا بكه‌ن.

١- كۆنگره‌ی بێ موفاجه‌ئه

پێويسته‌ له‌مه‌ودوا هه‌موو كۆنگره‌يه‌كی يه‌كێتی له‌ كات و ساتی دياریكراويدا (ساڵانه‌ وه‌يان هه‌ردووساڵه‌ی جارێك) ببه‌سترێ به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ هيچ جۆره‌ پاساوێك دوابخرێ. بۆ كۆنگره‌ی داهاتوو، پێويسته‌ ئه‌جيندا و پڕۆگرامی ته‌واوی كۆبوونه‌وه‌كان و ڕێنمايی په‌يڕه‌وی كردنيان پێشوه‌خت بڵاو بكرێته‌وه‌ و ده‌قاوده‌قيش ئيلتيزامیان پێوه‌ بكرێ. له‌ كۆنگره‌كانی پێشوودا، ئه‌جيندا و پڕۆگرامه‌كان له‌ لايه‌ن سكرتێری گشتی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سياسيه‌وه‌ بڕياریان له‌سه‌ر ده‌درا، و به‌ گوێره‌ی ويست و ئيڕاده‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تايبه‌ته‌كانی سكرتێريش گۆڕانكاری له‌ناكاویان به‌سه‌ردا ده‌هێنرا. ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ مايه‌ی ناڕه‌حه‌تی و بێ دڵنيايی، هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیشدا بكرێن.

٢- هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆنگره‌

ئه‌ندامانی كۆنگره‌ كه‌ له‌ لايه‌ن كۆميته‌كانه‌وه‌ هه‌ڵد‌‌ه‌بژێردرێن، په‌يامی ئه‌ندام و كۆميته‌ی ناوچه‌ ئينتيخابيه‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ چاره‌نوس سازه‌كان به‌ره‌‌و كۆنگره هه‌ڵده‌گرن‌. بۆ هيچ سه‌ركرده‌يه‌ك نيه‌ ده‌ست له‌ پڕۆسه‌ی ده‌ستنيشيان كردنی ئه‌و نوێنه‌رانه‌ بدات وه‌يان ڕێگه‌ی به‌شدارێتی كۆنگره‌يان لێ بگرێ. خۆ به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور، له‌ كۆنگره‌دا سه‌ركرده‌كان (به‌ سكرتێری گشتيه‌وه‌) ئيستيقاله‌ له‌ پۆسته‌كانيان ده‌‌ده‌ن و حاڵيان ده‌بێته‌ حاڵی هه‌ر ئه‌ندامێكی تری كۆنگره‌. له‌ ساڵی (٢٠٠٠)دا، به‌ پاساوی جياجيا چه‌ندين ئه‌ندامانی هه‌ڵبژێردراو له‌ كۆنگره‌ دوورخرانه‌وه‌ و چه‌ندين ئه‌ندامانی هه‌ڵنه‌بژێردراو له‌سه‌ر كۆنگره‌ فه‌رز كران. ئه‌و ڕه‌فتاره‌ ناقانونی و ناشه‌رعيانه‌‌ نابێ دووباره‌ ببنه‌وه‌.

۳- سه‌رپه‌رشتیكه‌رانی كۆنگره‌له‌ كۆنگره‌كانی پێشتردا، سه‌ركرده‌كان سه‌په‌رشتی ته‌واوی پڕۆسه‌ی كۆنگره‌كانيان ده‌كرد و جاری وا هه‌بوو به‌ فه‌رمانی سكرتێر ڕێگه‌يان له‌ ديالۆگ و لێپرسينه‌وه‌ و ده‌نگدان و تاوتوێ كردنی بابه‌تی چاره‌نوس ساز ده‌گرت. به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور، له‌ ڕۆژی يه‌كه‌می كۆنگره‌دا، پێويسته‌ سه‌ركرده‌كانی پێشوو و ده‌ست له‌ ئه‌رك و مه‌سئوليه‌ته‌كانيان هه‌ڵبگرن. ده‌بێ ده‌سته‌يه‌كی تازه‌ و تايبه‌ت بۆ سه‌رپه‌رشتی كردنی كۆنگره‌ له‌ ڕێگه‌ی ده‌نگدانی ئازاده‌وه‌ له‌ لايه‌ن ئه‌ندامانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێن. بۆ پاراستنی بێ لايه‌نێتيان، سه‌رپه‌رشتيكه‌ره‌كان مافی خۆ پاڵێورانيان بۆ پۆستی سه‌ركردايه‌تی نابێ. هاوكات هيچ سه‌كرده‌يه‌ك به‌ سكرتێری گشتیه‌وه‌ مافی ده‌ستنيشان كردن و دابه‌زاندنی سه‌رپه‌رشتيكه‌رانی نابێ.

٤- خوتبه‌كانی ناو كۆنگره‌پێويسته‌ په‌يام و خوتبه‌ی سه‌ركرده‌كان و نوێنه‌رانی ناوچه‌ ئينتيخابيه‌كان و توێژه‌ره‌وه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ بنوسرێنه‌وه‌ و پێشتر له‌ سه‌ر خه‌ڵك دابه‌ش بكرێن، و له‌ ناو كۆنگره‌دا كاتێكی زۆريان پێ به ‌فيڕۆ نه‌درێت. هاوكات، هه‌موو ئه‌ندامێك مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێت كه‌ خوتبه‌ی خۆی به‌ هه‌مان شێوه‌ی سه‌ركرده‌كان به‌ نووسين بڵاو بكاته‌وه‌. پێويسته‌ لێژنه سه‌رپه‌رشتیكه‌ره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ به كاری‌ ڕێك خستنی خوێندنه‌وه‌ی خوتبه‌ هه‌ڵبژارده‌كان هه‌ڵبستێ. پێوانه‌ی هه‌ڵبژاردنی خوتبه‌كانيش له‌سه‌ر بنه‌مای گرنگی و پێويستی و ته‌واوكه‌ريه‌تی په‌يامه‌كان بێ. نابێ ماوه‌ی هيچ خوتبه‌يه‌ك له‌وی تر درێژتر بێ و پێويسته‌ ته‌ركيزی هه‌مووشيان له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی په‌يامه‌كانيان بێ، به‌بێ دوپات كردنه‌وه‌. هيچ سه‌ركرده‌يه‌ك مافی ڕێگرتنی له‌ خوتبه‌‌‌ی ئه‌ندامان نابێ و هه‌موو ئه‌ندامێكيش مافی داواكردنی خوتبه‌ی هه‌يه‌ به‌ گوێره‌ی پێوانه‌ی دياريكراو و شه‌فاف.‌

٥- ده‌نگدان نه‌ك چه‌پڵه‌ڕێزانميكانيزمی ده‌نگدان و عه‌داله‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ستيارترين و گرنگترين پڕۆسه‌ن بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ميسداقيه‌ت و شه‌رعيه‌ت. ده‌بێ ده‌نگدان به‌ نهێنی ئازاد بێ و سندوقی ده‌نگه‌كان له‌به‌ر چاوی لێژنه‌ی سه‌رپه‌رشتيكه‌ر و نوێنه‌ری ئه‌ندامه‌ پاڵێوراوه‌كان لانه‌چێ. ‌له‌ كۆنگره‌ی ڕابوردوودا، سكرتێری گشتی و جێگره‌‌كانی و ئه‌ندامه‌ زه‌قه‌كانی مه‌كته‌بی سياسی به‌ بێ ده‌نگدانی شه‌رعی و به‌ چه‌پڵه‌ڕێزانێكی ناديموكراسيانه‌ بۆ پۆسته‌كانيان ته‌زكيه‌ كران. كه‌س شكی له‌ توانا و شه‌عبيه‌تی زۆربه‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌ بڕيارده‌رانه‌ نه‌بوو، بۆيه‌ش ئه‌و جۆره‌ ته‌زكيه‌ كردنه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێويست نه‌بوو. كه‌چی ئه‌و ڕووداوه‌ له‌بير نه‌كراوه‌ و هێشتا ناڕه‌زايی كاديرانی يه‌كێتی له‌و جۆره‌ هه‌ڵبژاردنه‌ی سه‌ركرده‌كان‌ دانه‌مركاوه‌ته‌وه‌. خۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ ده‌نگدانيش هه‌‌ڵبژێردران ميسداقيه‌ت و شه‌رعيه‌تيان لێ كێشرايه‌وه‌ چونكه‌ سكرتێری گشتی سندوقی ده‌نگه‌كانی له‌به‌ر چاوی خه‌ڵك لابرد و برديه‌ ماڵه‌وه‌.

٦- ميديای ئازادميديای ئازاد بريتيه‌ له‌ بينايی و گوێی ميلله‌ت‌. بێ گومان، له‌ سه‌رده‌می ديموكراسيه‌ت و شارستانيه‌تدا، كۆنگره‌ی حيزبی جه‌ماوه‌ری پانوبه‌رين و ده‌سه‌لاتدار كاريگه‌ری له‌سه‌ر ژيانی ته‌واوی خه‌ڵكی هه‌رێم هه‌يه‌، بۆيه‌ش خه‌ڵكی كوردستان به‌ ئيهتيمامه‌وه‌ به‌ دوای پڕۆسه‌ی كۆنگره‌ ده‌كه‌ون و حه‌ز به‌ ئاگادار بوونی پڕۆژه‌كان و گۆڕانكاريه‌كان و به‌ڵێنه‌كان و تاوتوێ كردنی مانيفه‌ستۆ و بڕياره‌ چاره‌نووس سازه‌كانی كۆنگره‌ ده‌كه‌ن. پێويسته‌ ميديای ئازاد و بێ لايه‌ن به‌رده‌وام چاودێر بێ و ڕێپۆڕتاژ له‌ ناوه‌وه‌ی كۆنگره‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لايه‌نێكی پڕۆسه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ دونيای ده‌ره‌كی بكات. شايانی باسه‌ كه‌وا ميديا و ڕۆژنامه‌ زمانحاڵه‌كانی حيزب ئيمڕۆ نه‌ك ته‌نيا وه‌ك ئه‌وانه‌ی ڕژێمی ڕابوردوو بوونه‌ته‌ زوڕنای پێشڕه‌وی ميهره‌بان، به‌ڵكو هه‌ريه‌كه‌ له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سياسی يه‌كێتی بوونه‌ته‌ خاوه‌نی مينبه‌ری تايبه‌ت به‌خۆیان. دياره‌ كه‌ ميكانيزمی پاره‌ په‌يدا كردن بۆ ته‌مويلی مينبه‌ره‌كان هه‌مه‌جۆرن، هه‌يانه‌ له‌ سه‌ر حيسابی بودجه‌ی حيزب و حكومه‌تن و هه‌ندێكيشيان له‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌ره‌كیه‌وه‌ په‌يدا ده‌كرێن و بێ گومان ده‌بنه‌ هۆی په‌يدا بوونی دژه‌به‌رژه‌وه‌ندی. پێويسته‌ ئه‌و ئۆڕگان و مينبه‌رانه‌ له‌ ژێر ده‌ستی سه‌ركرده‌كان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چيتر پاره‌ی حيزب و حكومه‌تيان لێ خه‌سار نه‌كرێ.

٧- چاودێری بێ لايه‌نكه‌شی كۆنگره‌ به‌ ململانێی بيروبۆچوون و فه‌لسه‌فه‌ و موناوه‌ره‌ی سياسیه‌كان مه‌شحون ده‌بێت. به‌شداری كردنی پسپۆڕ و چاودێرانی بێ لايه‌نی كوردی و غه‌يره‌ كوردی باشترين شايه‌تحاڵن بۆ پاراستنی ناوبانگ و مۆر كردنی شه‌هاده‌ی ميسداقيه‌تی كۆنگره‌ و شه‌رعيه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌كان. بڕوانامه‌ی ئه‌وان‌ سه‌ركرده‌ هه‌ڵبژاردراوه‌كان له‌ گله‌يی و تاوانبار كردنی دواڕۆژ ده‌پارێزێت. دياره‌ كه‌ يه‌كێتی حه‌ز ده‌كات خۆی به‌ پارتێكی سۆشيال ديموكرات له‌ قه‌‌له‌م بدات، به‌ڵام له‌ ڕاستيدا يه‌كێتی نه‌ سۆشياله‌ و نه‌ ديموكراته‌ و هێشتا ئه‌و جۆره‌ پايه‌ی ميسداقيه‌ت و ديموكراسيه‌ته‌ی داگير نه‌كردوه‌ هه‌تاوه‌كو به‌ ئه‌ندامێكی سۆشيالديموكراتی نێو ده‌وڵه‌تی پايه‌دار له‌ قه‌له‌م بدرێ. بۆيه‌ وه‌ك ده‌سپێكێك، پێويسته‌ يه‌كێتی به‌ ده‌يان چاودێری بيانی له‌ كۆمه‌ڵگای سۆشيالديموكراتی نێوده‌وڵه‌تی بانگ بكاته‌ كۆنگره‌ و شه‌هاده‌تی شايه‌دی بێ لايه‌ن مسۆگه‌ر بكات.

٨- ڕۆڵی سكرتێری گشتیسكرتێری گشتی به‌ سروشت و به‌ پۆست و به‌ مێژوو، قورسايی و هه‌يبه‌ت و شه‌خسيه‌تێكی زاڵی هه‌يه‌. به‌و حوكمانه و به‌ حوكمی ئه‌زموون و هونه‌ری موڕاوه‌غه‌ی، كاريگه‌ری له‌سه‌ر لاسه‌نگ بوونی پارسه‌نگی كۆبوونه‌وه‌كان ده‌بێت. هه‌ڵبه‌ت سكرتێر له‌ كۆنگره‌دا ده‌بێته‌وه‌ ئه‌ندامێكی ئاسايی، وه‌ وه‌ك هه‌ر ئه‌ندامێكی تريش مافی به‌شداربوونی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی كۆنگره‌دا هه‌يه. به‌‌ڵام بۆ خاتری مسۆگه‌ر كردنی ئازادی ده‌ربڕين و متمانه‌ی ئه‌ندامان و سه‌رخستنی كۆبوونه‌وه‌كان، پێويسته‌ له‌ كۆنگره‌ی داهاتوودا سكرتێر به‌ گوێره‌ی توانا له‌ لێدوان و گفتوگۆكاندا نيمچه‌ دووره‌په‌رێز بێ وه‌يان ڕۆڵی براگه‌وره‌يه‌كی پارسه‌نگپارێز ببينێ نه‌وه‌ك لايه‌نگيرێكی ئه‌جێنداشێوێن.

۹- ليسته‌بازی و سزای گه‌نده‌ڵيیده‌مێكه‌ يه‌كێتی له‌ ده‌رد و په‌تای ته‌كه‌تولبازیدا ده‌ناڵێنێ. له‌و دواييه‌دا ململانێی ته‌كه‌توله‌كان گه‌يشته‌ ڕاده‌يه‌ك كه‌ بۆنی براكوژی لێ ده‌هات و ئاينده‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ی خسته‌‌ مه‌ترسيه‌وه. له‌وه‌ ده‌چێ كه‌ پارسه‌نگی هێزه‌ موته‌كه‌تيله‌كان ئێستا گۆڕابن، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌ نه‌ماون و له‌وانه‌يه‌ به‌ پێوانه‌ و ليسته‌ی تازه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌نه‌وه‌‌. دياره‌ كه‌ له‌ هه‌موو ديارده‌يه‌ك تێكده‌رتر و ئابڕوبه‌رتر و مه‌زنترين وه‌سيله‌ی له‌ده‌ست دانی ميسداقيه‌ت و شه‌رعيه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان بريتيه‌ له‌ ديارده‌ی ده‌نگ كڕين و فرۆشتن‌. له‌ كه‌ڵتوری يه‌كێتیدا شه‌ڕه‌ به‌رتيل و پێشبڕكێی ده‌نگ كڕين ده‌گاته‌ ڕاده‌ی بازرگانی. هه‌رله‌ پاره‌ی كاش و نه‌وت و به‌نزين و كارتی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ به‌شينه‌وه‌ی زه‌وی و چه‌ك (ده‌مانچه‌) و واسته‌ی ته‌عين كردن و سوێندی ته‌ڵاق و ده‌يان شێوه‌ی تر. خۆ له‌ هه‌‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابوردوودا سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی پاره‌ی خۆيان و بودجه‌ی به‌رده‌ستيان بۆ ده‌نگ كڕين به‌كار هێناوه. بۆيه‌ش ئه‌ندامان ترسيان له‌وه‌ نيشتوه‌ كه‌ ئه‌و نه‌ريته‌ له‌ كۆنگره‌ی ئه‌وجاره‌شيان به‌رده‌وام ده‌بێ. له‌ كۆنگره‌ی داهاتوودا، نه‌ك ته‌نيا پێويسته‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك له‌ شێوه‌كانی به‌رتيل و ده‌نگ كڕين قه‌ده‌غه‌ بكرێ، به‌ڵكو ده‌بێ به‌رتيلده‌ر و به‌رتيلوه‌رگر سزای قانونی و حيزبی بدرێن. ده‌بێ ڕێگه‌ به‌ هيچ مه‌سئولێكيش نه‌درێت كه‌ پاره‌ی ڕێكخراوه‌كه‌ يان هی حكومه‌ت بخاته‌ به‌رده‌ستی خه‌ڵكانێك كه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سه‌رپه‌رشتيكردن و ئيداره‌ی كۆنگره‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌شدار ده‌بن. پێويسته‌ حيسابی وورد بۆ هه‌موو داهات و خه‌رجیه‌كانی حيزب بكرێ و به‌ شه‌فافيانه‌ بخرێنه‌ به‌رده‌م كۆنگره‌ بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ و لێپێچينه‌وه‌ له‌ لايه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌ و چاودێرانی (ڕه‌قابه‌ی) دارايی و بگره‌ ميديای ئازاديشه‌وه‌.

دواپه‌يام

يه‌كێتی پێويستی به‌ شۆرشێكی ته‌نزيمی و كه‌لتووری هه‌يه‌ كه‌ له‌ به‌ردی بناغه‌وه‌ هه‌يكه‌لی رێكخراوه‌كه‌ دابرێژێته‌وه‌. به‌لام ئه‌و شۆرشه‌ ده‌بێ له‌ ئاينده‌يه‌كی زوودا به‌رپا بكرێ، به‌رله‌وه‌ی كار له‌ كار بترازێ. خۆ ئه‌گه‌ر دوابخرێ ئه‌وا له‌ نقومبووندا به‌رده‌وام ده‌بێ. كۆنگره‌ی داهاتووی يه‌كێتی دوا تاقی كردنه‌وه‌ و دوا فرسه‌ته‌ بۆ په‌يدا كردنه‌وه‌ی ميسداقيه‌ت و شه‌رعيه‌ت بۆ ڕێكخراوه‌كه‌ و سه‌ركرده‌ هه‌ڵبژاردراوه‌كانی. به‌بێ ئه‌و ميسداقيه‌ت و شه‌رعيه‌ته‌، مه‌حاڵه‌ يه‌كێتی ببێته‌وه‌ ڕێكخراوێكی تۆكمه‌ و ڕێز لێ گيراو و ئه‌زه‌لی. مه‌سئوليه‌تی و‌ه‌ده‌ست هێنانی ئه‌و ميسداقيه‌ت و شه‌رعيه‌ته‌ش له‌ ئه‌ستۆی سكرتێری گشتی دايه‌ به‌ پله‌ی يه‌كه‌م و له‌ هی مه‌كته‌بی سياسی دايه‌ به‌ پله‌ی دووه‌م. سه‌ركه‌وتنی پڕۆسه‌ی به‌ديموكراسی كردنی يه‌كێتی نه‌ك ته‌نيا ده‌بێته‌ مايه‌ی ژيانه‌وه‌ی يه‌كێتی، به‌ڵكو يه‌كێتی ده‌كاته‌ پێشڕه‌وی به‌ديموكراسی كردنی موئه‌سسه‌سه‌كانی هه‌رێم و به‌ ديموكراسی كردنی حيزبه‌كانی تری گۆڕه‌پان، وه‌ دامه‌زارانی سيسته‌می ديموكراتی ده‌ستووری له‌ كوردستان، و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ دێڕينه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی كورد.