دیمانەیەكە لەسەر لۆبیكردن

كۆمه‌ڵه‌ی زانستی و پزيشكی كورد

یارمەتیدان و بەدەنگەوە هاتنی مرۆڤی كورد

كوردستانی نوێ،

05-1992

ئه‌و لاوه‌ دڵسۆزانه‌ی كه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كيان داهێنان بوو له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژيان... دوای ئه‌وه‌ی كوردستانيان به‌جێ هێشت له‌ داهێنانی خۆيان نه‌كه‌وتن به‌ڵكو قۆڵی مه‌ردايه‌تی يان هه‌ڵ كرد و چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه‌ بوون كه‌ "خاكی وڵات له‌ داگير كه‌ر پاك ببێته‌وه‌"..، يه‌كێك له‌و لاوانه‌ی كه‌ به‌ قه‌د سه‌فيرێك زياتر خزمه‌تی به‌ نه‌ته‌وه‌ی خۆی گه‌ياندوه‌.... ئه‌مڕۆ ميوانی ڕۆژنامه‌كه‌مانه‌.

كاك دكتۆر (كۆمه‌ڵه‌ی زانستی و پزيشكی كورد) چی يه‌؟ ئامانج كاره‌ سه‌ره‌كيه‌كانی چين؟

كسمه‌ (Kurdish Scientific and Medical Association)، واته‌ كۆمه‌ڵه‌ی زانايان و پزيشكانی كورد له‌ ئاداری ١۹٨٨ له‌دايك بووه‌، له‌ ساڵی ١۹٨۹ به‌ ڕه‌سمی ناسرا، ئێستا دكتۆر فوئاد هه‌ناری سه‌رۆك و دكتۆر كه‌مال قه‌يتولی جێگری سه‌رۆك و دكتۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين سكرتێری ئه‌م ڕێكخراوه‌ن. كسمه‌ كۆمه‌ڵێك هه‌وڵی سه‌ره‌كی يه‌ بۆ:

- به‌يه‌كتر ناساندن و به‌يه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی زانايان و پزيشكانی كوردستان

- پشتگيری كردن و يارمه‌تيدانی قوتابی كورد به‌ تايبه‌تی خوێندنی باڵا

- په‌يدا كردنی يارمه‌تی پزيشكی و زانستی بۆ دانيشگا و كۆليژه‌كانی كوردستان

- پاراستنی مافی مرۆڤی كورد له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی داپلۆسين و به‌ كۆمه‌ڵ كوشتن.

*باشه‌ ئه‌و كارانه‌ی كه‌ كسمه‌ ئه‌نجامی داون چين؟

ساڵی ١۹٨٨ دوای به‌كار هێنانی چه‌كی كيمياوی له‌ بادينان و ڕاكردنی ده‌يان هه‌زار كورد بۆ توركيا، توانيمان:

١- يارمه‌تی بۆ په‌ناهه‌نده‌كان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ين.

٢- په‌يوه‌نديمان به‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی به‌‌ريتانيا و ده‌زگاكانی ڕاگه‌ياندنه‌وه‌ كرد تا مه‌سه‌له‌كه‌ بۆ ڕای گشتی جيهانی بوروژێنين.

۳- ساڵی ١۹٨۹ زۆر له‌و په‌ناهه‌ندانه‌ له‌ ئۆردوگايه‌كی نزيك شاری ماردين تووشی ژه‌هر خواردن بوون. ڕێكخراوه‌كه‌مان دوو به‌ريتانی نارد و خوێنی نه‌خۆشه‌كانيان وه‌رگرت، دوای پشكنين به ديار كه‌وت كه‌ ئه‌م كوردانه‌ تووشی ژه‌هری كيمياوی ده‌مار بوون. ڕۆژی ٢/۳/١۹۹٠ ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ گۆڤاری زانستی جيهانی (Lancet) بڵاو كرايه‌وه‌ و ڕژێمی به‌غدای ڕيسوا كرد.

٤- دوای ڕاپه‌ڕين، كسمه‌ كه‌وته‌ جموجۆڵ بۆ په‌يوه‌ندی كردن به‌ ژماره‌يه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و مه‌كته‌بی سه‌رۆ‌ك وه‌زيران و وه‌زيری ده‌ره‌وه‌ و ده‌زگاكانی ڕاگه‌ياندن و پياوه‌ ئاينی يه‌ ناسراوه‌كانی ئينگلستان، له‌ سه‌رووی هه‌موويانه‌وه‌ دكتۆر جۆرج كه‌يری سه‌رۆكی كلێسه‌ی ئينگليزی تا زياتر فشار بخه‌نه‌ سه‌ر ڕژێمی به‌غدا و مه‌سه‌له‌ی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مانيان له‌ به‌رچاو بێت.

٥- تا ئێستا چه‌ندين كۆڕ و سێميناری زانستيمان ساز كردوه‌ كه‌ تيايدا چه‌ندان لێكۆلينه‌وه‌ی جياجيا له‌ بواری پزيشكی و كۆمپيوته‌ر و چه‌كی كيمياوی پێش كه‌ش كراوه‌. له‌ هه‌موان گرنگتر كۆنگره‌ی زانستی و پزيشكی كوردی جيهانی بوو، كه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌ری ١۹۹١دا به‌سترا، كه‌ زانا كورده‌ دانيشتوه‌كانی ئه‌مه‌ريكا و سۆڤيه‌ت و سويد و ئه‌له‌مانيا به‌شداريان تێدا كرد.

٦- هه‌رده‌م يارمه‌تی قوتابيانی خوێندنی باڵامان داوه‌ له به‌ريتانيا.

* چۆن خاتوو - ثاتچه‌ر- تان بينی؟

دوای ڕاپه‌ڕين جۆرج بوش و جۆن مێجه‌ر نه‌يان ده‌ويست په‌يوه‌نديان پێوه‌ بكرێت. وه‌كوو زانيمشان، هه‌ردووكيان چوبوونه‌ پشوودانی جه‌ژنی ئيسته‌ر. جا له‌و كاته‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌ره‌و سنووره‌كان ده‌كشان ئێمه‌ش ده‌رگای ئه‌مه‌ريكا و به‌ريتانيامان لێ داخرا بوو. دوای بير كردنه‌وه‌، وامان به‌باش زانی يه‌كێكی وا بدۆزينه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌يوه‌ندی به‌ مێجه‌ر و بوشه‌وه‌ بكات. دوای ڕازی كردنی ثاتچه‌ر، وه‌ڵاممان بۆ هات كه‌ خۆی ئاماده‌يه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ بكات. من و هه‌ندێ ئافره‌تی خزم و دۆست چووين، ثاتچه‌ر ته‌نيا نيو سه‌عاتی بۆ ته‌رخان كردبووين، دوای گفتوگۆ كردن، زياتر له‌ ٤٥ ده‌قيقه‌ قسه‌مان كرد. چوار داواكاريم خسته‌ به‌رده‌می ثاتچه‌ر:

١- شێتكی وا بكات كه‌ فڕۆكه‌ی عيراقی كورده‌ ئاواره‌كانی سه‌ر سنوور بۆردومان نه‌كات.

٢- توركيا سنوری بۆ كورد بكاته‌وه‌.

۳- يارمه‌تی هه‌مه‌جۆره‌ بگاته‌ ئاواره‌كان.

٤- حكومه‌تی به‌ريتانيا ده‌رگای چاوپێكه‌وتن بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی سياسی كوردی.

ئينجا به‌ خاتوو (ثاتچه‌ر)م گوت: ته‌نيا تۆ ئه‌م داواكاريانه‌مان بۆ‌ بگه‌يه‌نه‌ جۆن مێجه‌ر و جۆرج بوش. تۆ باشترين كه‌سی كه‌ ئێمه‌ی لێقه‌وماو په‌نامان هێناوته‌ به‌رت. ثاتچه‌ر وای پێشاندا كه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌يه‌ زۆر كاری لێ كردوه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ توانايدا بێ درێغی ناكات. ڕێنمايی كردين كه‌ بچينه‌ لای (ليندا چۆكه‌ر) ی وه‌زيری يارمه‌تيدانی ده‌ره‌وه‌ (Overseas Development Agency). له‌ كۆتايی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا خاتوو ثاتچه‌ر گوتی: "ده‌بێ زۆر به‌ تووندی شه‌رته‌كانی شه‌ڕ ڕاگرتن به‌سه‌ر سه‌ددام دا بسه‌پێنين".

دوای ده‌رچوونمان له‌ ديوه‌خانی ثاتچه‌ر، سكرتێره‌كه‌ی هاته‌ لام و گوتی: وا مێجه‌ر بۆ ياری فتبۆلێن ده‌چێت، هه‌ر ئێستاكه‌ بيست (٢٠) مليۆن پاوه‌ند وه‌ك يارمه‌تی بۆ كوردستان ده‌نێرێت، يه‌ك مليۆن پاوه‌ند له‌ ماوه‌ی ٢٤ سه‌عاتدا ده‌گاته‌ سه‌ر سنوور. ئه‌و هه‌وڵه‌ی ثاتچه‌ر ڕه‌وڕه‌و‌ه‌ی ڕوداوه‌كانی خولانده‌وه‌ و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاوا كه‌وتنه‌ پێش بڕكێ بۆ يارمه‌تی دانی كورد. شايانی باسه‌ ئه‌م كۆمه‌ك كردنه‌ی كورد بوو به‌ هۆی به‌رز بوونه‌وه‌ی شه‌عبيه‌تی جۆن مێجه‌ر.

سازدانی: ئيسماعيل به‌رزنجی

كوردستانی نوێ، ژماره‌ (٨۳) دووشه‌ممه‌ ٤/٥/١۹۹٢ لاپه‌ڕه ٤‌