يه‌كێتی: شه‌به‌حی مه‌رگ و ڕێگای زيندووبوونهوه
به‌شی دووه‌م: ڕۆڵی سه‌ركرده‌كان له لادانی مهرگهشهبهح
دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌دین
هاوڵاتی ژماره ٤٧۳، ١٢/١١/٢٠٠٨
له به‌شی يه‌كه‌می ئه‌و وتاره‌دا، له هاوڵاتی يهكشهممهی ڕابوردوو، گرنگی هاوتوانايی پارتی و يه‌كێتی بۆ دۆزی كورد له عيراقدا تاوتوێ كرا. به ئامانجی داهێنانی پڕۆسه‌ی ديموكراسی و سيسته‌می فرهحيزبی، جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی مانه‌وه‌ی پارسه‌نگی نێوانيان كرايه‌وه. ئه‌وه‌يش مه‌به‌ست و پهيامه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی وتارهكهيه. وه‌ك پێشهكيهكيش بۆ لێكۆڵينه‌وه و دۆزينه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی ڕزگاربوونی يه‌كێتی، هۆكاره بنهڕهتيهكانی قه‌يرانه مه‌ترسيداره‌كان له به‌شی يهكهمدا ده‌ستنيشان كران. ئه‌و به‌شه‌ی دووه‌م، بۆ ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی چاكسازی و ده‌ستنيشانكردنی پله‌كانی په‌يژه‌ی نوێسازی ته‌رخان كراوه، به‌و ئومێده‌ی كه سه‌ركرده‌كان پێشنيازه‌كان بهجيددی وه‌ربگرن و ئه‌و ڕێكخراوه مه‌زنه له ڕۆخی فه‌وتان دوورخه‌نه‌وه.
يه‌كه‌م: سكرتێری گشتی
هه‌رله سه‌ره‌تاوه، سكرتێری گشتی مه‌زنترين ياريكه‌ری گۆڕه‌پان و چه‌قی هه‌موو ده‌سه‌لاتێكی سياسی و مه‌عنه‌وی و دارايی يه‌كێتی بووه. هه‌رده‌م له نێو پێكهاته‌كاندا خاڵێكی هاوبه‌ش و زامينكهری يهكگرتوويی ڕێكخراوه‌كه بووه. هه‌ر جياخوازێكی له يه‌كێتی ترازابێ وهيان هه‌وڵی له‌تكردنی دابێ ئه‌وا له ئه‌نجامدا دۆڕاو بووه.
مايه‌ی سه‌رسوڕمان بوو كه له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌ڵبه‌نده‌كاندا سكرتێری گشتی سه‌نگه‌ری داكوتا و له دژی باڵی ڕيفۆرم له سلێمانی و له دژی باڵه‌كه‌ی تر له هه‌ولێر و كۆيه كه‌مپه‌ينی ده‌ست پێ كرد. ئيتر به‌وه نه‌ك ته‌نيا ململانێی باڵه موتهكهتيلهكانی گهيانده ئه‌وپه‌ڕی، به‌ڵكو خۆیشی كرد به لايهنگير، و ڕۆڵی "شۆڕمهڵه" و خاڵی هاوبه‌شێتی له‌ده‌ست دا، و له ئه‌نجامدا بووه نيشانهیهك بۆ تيری ناڕه‌زاكان. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا و سه‌ره‌ڕای هه‌ڵه و زنجيره قهيرانهكانی پێشتری ناو يه‌كێتی، كه‌چی هێشتا سكرتێری گشتی به‌بێ مونازيع بهجهماوهرترين سه‌ركرده‌ی ناو ڕێكخراوهكهيه، و قورسايیهكهی ئه‌و پارسه‌نگی هه‌موو موبارهزهيهكی ناوه‌خۆ لاسه‌نگ ده‌كات.
ئيتر وه‌ك چۆن دياره كه خودی سكرتێری گشتی به‌شێكی دانه‌بڕاوه له گرفته سه‌ره‌كيه‌كان، كه‌چی هه‌رخۆیشی به‌ته‌نيا هه‌ڵگری كليلی قوفلهكانه. هه‌تا سكرتێری گشتیش له‌سه‌ر كاردا مابێ ئه‌وا جه‌مسه‌ری هه‌موو كێشه‌كانی به‌ده‌ست ده‌مێنێ. له‌دوای ئه‌ويشدا، ئه‌گه‌ر ميكانيزمی پێشڕه‌وێتی يه‌كێتی نه‌گۆڕێت و به شێوه‌يه‌كی موئهسسهساتيانه ده‌سه‌لاته‌كانی دابه‌ش نه‌كرێن، ئه‌وا مه‌حاڵه كه‌سێكی تر بتوانێ جێگه‌ی ئه‌و بگرێته‌وه. بۆيه‌ش ئه‌رك و مهسئوليهتێكی مێژوويی و ئه‌خلاقی سه‌رشانی خودی سكرتێری گشتيه كه كێشه ترسناكه چاره‌نوس سازه‌كان بهجيددی وه‌ربگرێت و دواڕۆژی ڕێكخراوه‌كه له فه‌وتان ڕزگار بكات.
به‌بێ گومان، خاڵی يه‌كه‌می پڕۆسه‌ی نوێسازی له نياز و نيه‌تی سكرتێری گشتيهوه ده‌ست پێده‌كات. وه له‌و چركهيهوه كه ئه‌ويان بڕيار ده‌دات و پڕۆسه‌ی گۆڕانكاری ده‌خاته سه‌رووی ئهولهويهتهكانی، ئه‌وا سه‌ركه‌وتنی پله‌كانی دواتر ئاسان ده‌بێ. خۆ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، به‌بێ هاوكاری ئه‌ويان، سه‌ركه‌وتنی په‌يژه‌ی چاكسازی مه‌حاڵه.
پێشتر سكرتێری گشتی له‌به‌رده‌م خه‌ڵك و ميدياكاندا بڕياری له‌وجۆره‌ی بۆ چاكسازی زۆر داوه و چه‌ندين جار جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه كه ياسا سه‌روه‌ره و به‌رژه‌وه‌ندی يه‌كێتی له‌سه‌روی سه‌ركرده‌كانه. به‌ڵام ڕووداو و ڕۆژگار سه‌لماندويانه كه له هيچ كاتێكی ڕابوردوودا سكرتێری گشتی له‌و مه‌سه‌لانه جيددی نه‌بووه و به‌ڵكو به‌لايه‌وه هه‌موو گرفتێك به‌شێك بووه له گه‌مه‌ی سياسی كاتی، و ئيداره‌ی ههمووشيانی به‌هه‌مان شێوازی كلاسيكی كردوه. بۆيه‌ش، گومان ده‌كرێ له‌وه‌ی كه سكرتێری گشتی له‌ناخدا بڕوای به‌وه هه‌بێ كه گرفته‌كان مه‌ترسيدارن و چارهيان پێويسته. وه گومان ده‌كرێ له‌وه‌ی هه‌وڵ بدات به لهخۆبووردهييانه ڕێگه‌یان بۆ بدۆزێته‌وه.
ئه‌گه‌ر سكرتێری گشتی هه‌تا له‌سه‌ر كاردا مابێ نه‌يويست وهيان بۆی نه‌كرا چاكسازی ده‌ست پێ بكات، ئه‌وا كێشه‌كان ده‌مێنن وبه‌ره‌و خراپتری ده‌ڕۆن، به‌ڵام له‌وه ناچێ كه بگه‌نه ڕاده‌ی ته‌قينه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ريی. ئه‌وه‌يش چونكه يه‌كێتی و سكرتێری گشتی له ناوقه‌ده‌وه تێكهڵكێشراون، و بوونه‌ته دوو زاراوه به هه‌مان واتا. ئه‌گه‌ر سكرتێری گشتی هاوكاری له چاكسازيدا نه‌كرد، ئه‌وا كادران ئهڵتهرناتيڤێكی كاڕايان له‌به‌رده‌مدا نيه و بۆيان ناكرێ به ئاسانی گۆڕانكاری ئه‌نجام بده‌ن. ئيتر له‌و حاڵه‌تانه‌دا، كێشه‌كان به هه‌ڵپه‌سێردراوی هه‌تا دوای لاچوونی سكرتێری گشتی هه‌ر ده‌مێنن، و له‌دوای ئه‌ويش بارودۆخ مسۆگه‌ر ده‌ته‌قێته‌وه.
دووه‌م: سه‌ركردايه‌تی و مه‌كته‌بی سياسی
پێشبينی كردن له ده‌ره‌نجامی ته‌قينه‌وه‌ی ڕێكخراوێكی وه‌ك يه‌كێتی ئاسان نيه، به‌ڵام مسۆگه‌ره كه‌وا كه‌س تێيدا سوودمه‌ند نابێ، و كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن به‌سه‌ر يه‌كێتی و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان دێنێ. بۆيه، ئه‌ركی مێژوويی سه‌رشانی ته‌واوی ئه‌ندامانی سه‌ركردايه‌تی يه‌كێتيه كه هيممه‌ت بكه‌ن و به‌يه‌كه‌وه ئاوێك به ئاگره‌كان دابكه‌ن.
له مه‌ودای چه‌ند ساڵی ڕابوردوودا، باڵه موتهكهتيلهكانی يه‌كێتی ڕوويان له گه‌شه‌كردن و زێدهجهمسهرگيری بوو. كار گه‌يشتبووه ئه‌وه‌ی كه ته‌كه‌تول تاكه ڕێگای سياسهتكردن و سه‌رئاوكه‌وتن بوو. ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كه سه‌ر به باڵێك نه‌بوون، لاواز بوون و كاريگه‌ريان له‌سه‌ر ڕه‌وت و ڕووداوه‌كانی ناو ڕێكخراوه‌كه كه‌م بوو. دياره كه سكرتێری گشتيش به مه‌به‌ستی ڕاگرتنی پارسه‌نگی هێزه‌كان و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌لاته بێ هاوتاكه‌ی، ده‌ستێكی باڵای له به‌رده‌وامكردنی ئه‌و جۆره كڵتوره هه‌بوو. به‌ڵام جاران سكرتێری گشتی كات و توانای ئيدارهكردنی كرژيهكانی هه‌بوو و له‌كۆتاييدا ڕۆڵی براگه‌وره‌ی موحهكيمی ده‌ديت. كه‌چی ئێستا به‌هۆی گۆڕانی سروشتی شهڕهبهرژهوهنديهكان و خراپتربوونی بارودۆخی وڵات و بێ ئومێد بوونی باڵه زه‌ره‌رمه‌نده‌كان، ئيتر كرژيهكان ئاڵۆزتر بوونه و له ژێر كۆنتڕۆڵی سكرتێری گشتی ده‌رچوونه. خودی سكرتێری گشتیش كه هاوكات سه‌رۆك كۆمارێكی فوڵتايم و كهسايهتيهكی به‌ناوبانگی نێوده‌وڵه‌تيه، و به ئيدارهكردنی يه‌كێتی ڕاناگات.
پێويسته به زووترين كات نه‌ك ته‌نيا سه‌رۆكی باڵه‌كان، به‌ڵكو ته‌واوی سهركردايهی يه‌كێتی به هه‌نگاوی هه‌ستپێكراو (مه‌لموس)، برينه‌كان ساڕ‌ێژ بكه‌نه‌وه و لايه‌نه‌كان له‌يه‌كتر نزيك بكه‌نه‌وه و ديارده‌ی تهكهتولچێتی بنبڕ بكه‌ن. به‌ڵێ ئاسان نيه بۆ ئه‌و سياسهتمهداره موخهزڕهمانه كڵتوری دهيانساڵی سياسهتكردنيان وا به‌ئاسانی بگۆڕن، به‌ڵكو زۆربه‌يان ته‌نيا به هۆی ته‌كه‌تولی توندڕه‌وه‌وه ده‌توانن گه‌مه‌ی كێبڕكێی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجام بده‌ن. به‌ڵام له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆياندايه كه ياسای گه‌مه‌كان بگۆڕن. به‌ڵێ پڕۆسه‌ی گۆڕان زۆر سه‌بره، به‌ڵام له بڕياری سه‌ركرده‌كانی ئيمڕۆ ده‌ست پێ ده‌كات و نه‌وه‌ی داهاتوو ته‌واوی ده‌كات.
سێيه‌م: ئالقه‌كانی ده‌وره‌ی سكرتێر
شاراوه نيه كه‌وا ئيمڕۆ چه‌ند ئالقهيهكی ته‌سكی سوودمه‌ند و به‌رژه‌وه‌ندیپارێز له ده‌وره‌ی چه‌قی ده‌سه‌لات په‌يدا بوونه. ئه‌و ئالقانه له پڕۆسه‌ی گۆڕانكاری و چاكسازيدا ڕۆڵی ڕێگریان هه‌يه. خۆ به‌لای زۆركهسهوه توانای ئه‌و ئالقانه زۆر مه‌زنتر بووه له‌جاران و له ژێر كۆنتڕۆڵی سكرتێری گشتيش ده‌رچوونه. ئه‌گه‌رچی ئالقهكان ناتوانن له فه‌رمانی سكرتێری گشتی ده‌ربچن، به‌ڵام ده‌توانن ته‌گه‌ره بخه‌نه به‌رده‌م هه‌موو جۆره پلان و فه‌رمانێكی كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نه‌بێ.
ده‌كرێ پێشبينی له‌وه‌دا بكرێ كه‌وا له حاڵه‌تی ته‌قينه‌وه‌ی دوای سكرتێری گشتیدا، ئه‌ندامانی ئالقه‌كانی ده‌وره‌ی ده‌سه‌ڵات يه‌كه‌م زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن و مسۆگه‌ر دهبنيه نيشانه‌ی تيری ڕقههڵساوهكان، چونكه ئه‌وانه به ئيستيغلال كردنی ده‌سه‌لات تاوانبار كراون. ئه‌گه‌رچی گله‌يی مه‌زن له سكرتێری گشتی كراوه، كه‌چی به ڕای ڕه‌خنه‌گره‌كان ڕه‌فتار و هه‌ڵوێستی ئالقه‌كانی ده‌وره‌ی سكرتێر خه‌ريكه پڕۆسه‌ی بڕياردانی سياسی به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن و سيمای حيزبێكی ديكتاتۆری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به سه‌ر هه‌مان ئه‌و يه‌كێتيه دا‌دێنن كه به هيوايه بگاته ئاستی حيزبه سۆشيالديموكراته نوێخوازه‌كانی جيهان.
ئاساييه كه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌نديان، ئالقه‌كانی ده‌وره‌ی ده‌سه‌لات كار بۆ به‌رده‌وامێتی بارودۆخ و شێوازی حوكمڕانی ئێستا ده‌كه‌ن. به‌ڵام له ڕاستيدا دوای سكرتێری گشتی، هيچ كام له ئه‌ندامانی ئه‌و ئالقانه له مهوقيعێكی ڕێخكراوهيی و جه‌ماوه‌ری وادانين كه بتوانن بۆشايی ده‌سه‌ڵات به ته‌واوی پڕبكه‌نه‌وه. وه به‌هه‌مان نه‌هج و شێوازی سكرتێری گشتی پێشڕه‌وێتی يه‌كێتی بكه‌ن و به ئاستی هونه‌رمه‌ندێتی ئه‌ويش بتوانن جه‌مسه‌ری زنجيره پساوهكان بگرنه ده‌ست، و ببنه فاكته‌ری يه‌كخستنی باڵه لێكدابڕاو و پێكدادهرهكان.
بۆيه له به‌ڕژه‌وه‌ندی سه‌ركرده و ئالقه‌كانی ده‌وروپشتی سكرتێری گشتيه كه به حيكمه‌ته‌وه سه‌يری دووركهن و له ئاستێكی به‌رزی مهسئوليهتهوه مه‌ترسيه‌كان ڕه‌چاو بكه‌ن و كار بۆ گۆڕانكاری موئه‌سسه‌ساتی بكه‌ن. ئه‌ركی مێژوويی سه‌رشانی ئه‌وانه كه قه‌ناعه‌ت به سكرتێری گشتی بهێنن و بيهێننه سه‌رخه‌تی لۆژيك. پێويسته كارێكی وا بكه‌ن كه ڕێگه‌ی ئازادی ده‌ربڕين بكه‌وێته‌وه سه‌رپشت و ئابلۆقه‌ی چاودێری له‌سه‌ر سه‌ركرده و كادره ڕه‌خنه‌گره‌كان هه‌ڵبگيردرێت. كه‌شی كرژی تهوهتور و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه به‌جۆرێك كه‌م بكرێته‌وه كه ڕۆحی يه‌كێتی بوون و هاڕوڕێيهتی چاره‌نوس په‌يدا ببێته‌وه. هيچ سه‌ركرده و كادرێك بۆی نه‌بێ خۆی به ده‌سه‌لات و هاوڕێكه‌ی به ئۆپۆزيسيۆن بزانێ. كه‌س نه‌بێته چاودێریكه‌ری هاوڕێكه‌ی و يه‌كێكيان ڕزقی ئه‌وی تريان ببڕێت. ڕێگه نه‌درێت كه به به‌هانه‌ی ڕه‌گ هه‌موو كادرێكی دڵسۆز و ڕه‌خنه‌گر بتۆقێنرێت. ئه‌و جۆره دياردانه روويانداوه و خه‌ريكه باڵه‌كان هه‌نده‌ی تر لێك ده‌ترازێنن، و به‌هۆيه‌وه نايهلن برينه ههناويهكان ساڕ‌ێژ ببنه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ركرده و ئالقه‌كانی ده‌وره‌ی چه‌قی ده‌سه‌لات هيممهتێك بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی بارودۆخ نه‌كه‌ن، ئه‌وا دوورنيه له ڕۆژی ئهناركيدا خه‌ڵكانێك تاوانی ده‌ره‌نجامی ته‌قينه‌وه‌كان بخه‌نه ئه‌ستۆی ئه‌وان و به حوكمی كۆمه‌ڵ مهحكوميان بكه‌ن.
چواره‌م: سه‌رۆكی باڵی ڕيفۆرم
ئيمڕۆ زياد له ڕۆژانی پێشتر، سه‌رۆكی باڵی ڕيفۆرم مهسئوليهتێكی گرنگ و مێژوويی له‌سه‌ر شاندايه. خۆی چه‌قێكی گرنگی ده‌سه‌ڵات بوو و ناوكێك بو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ژماره‌يه‌كی زۆری كادر و پێشمه‌رگه دێڕينهكانی سه‌ر به ڕێكخراوی كۆمه‌ڵه، بهتابيهتی له ناوچه‌ی سلێمانی. ئه‌گه‌رچی ئه‌ويان به‌ناو وازی له مه‌كته‌بی سياسی هێناوه و ته‌واوی كاته‌كه‌ی بۆ چاودێری ده‌سه‌لات و سه‌رپه‌رشتی كردنی كۆمپانيای ووشه ته‌رخان كردوه، كه‌چی له‌ڕاستيدا هه‌ڵوێسته‌كان و دهنگوباسی ناومهجليسهكانی تێكه‌ڵێكن له ده‌ربڕينی نيازی گه‌رانه‌وه و نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ حه‌له‌به‌ی ده‌سه‌لات. ئه‌و ئيشارهته تێكه‌ڵانه بوونه‌ته هۆی سه‌رلێشێواندنی ئه‌ندامانی كوتله‌كه‌ی و هاوكات موعهڕهزيشی كردوون بۆ سزادان له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه. سكرتێری گشتی و سه‌ركرده‌كانی تر وايدادهنێن كه سه‌رۆكی كوتله‌ی ڕيفۆرم نه‌ك ته‌نيا وازی له تموحی ده‌سه‌ڵات نه‌هێناوه، به‌ڵكو ده‌ستێكی بالای له سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌گ و جموجۆڵی چه‌ند ئه‌ندامێكی مه‌كته‌ب سياسی و چه‌ندين كادری به‌رچاوی تر هه‌يه. وه شكيان لهوهيه كه له دوای سكرتێری گشتيدا، ئاماده‌يه به قورسايی جارانی بێته‌وه ناو بازنه‌كه.
دياره كه سكرتێری گشتی له لای خۆيه‌وه بڕياری داوه كه داوا له سه‌رۆكی باڵی ڕيفۆرم نه‌كات جارێكی تر بێته‌وه ناو مه‌كته‌بی سياسی، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه‌نيه كه خودی سه‌رۆكی باڵی ڕيفۆرم ئه‌و بڕياره‌ی سكرتێری گشتی قه‌بووله و وازی له تموحی هێناوه. جا بۆ خاتری كپ كردنه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕی ناوه‌كی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، پێويسته سكرتێری گشتی و سه‌رۆكی باڵی ڕۆيفۆرم به په‌يامێكی ڕوون به‌رنامه‌ی ئايندهیان يهكلايی بكه‌نه‌وه و به هه‌ردووكيان بهشداريهكی جيددی له هێوڕكردنهوهی بارودۆخه‌كه‌دا بكه‌ن.
پێويسته سه‌رۆكی باڵی ڕيفۆرم نيه‌ت و پلانی بۆ ئاينده‌ی خۆی و باڵه‌كه‌ی ئاشكرا بكات. دياری بخات ئايا له حاڵه‌تێك ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕايه‌وه ناو ده‌سته‌ی سهركردايهی يه‌كێتی، به‌رنامه‌ی بۆ ئاينده‌ی خۆی و كۆمپانياكهی چی ده‌بێت؟ وه ئه‌گه‌ر بڕياری دا له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی سكرتێری گشتیدا بگه‌ڕێته‌وه ناو ده‌سته‌ی سه‌ركردايه‌تی يه‌كێتی، ئايا به‌رنامه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی ڕيفۆرم چی ده‌بێ؟ چی زامينێك هه‌يه كه ئه‌وجاره‌يان سه‌رده‌كه‌وێ؟ وه ئه‌گه‌ر سه‌رنه‌كه‌وت چی واده‌كات ديسانه‌وه واز له پۆسته‌كه‌ی نه‌هێنێ و سه‌رله‌نوێ كادره‌كانی سهربهباڵهكهی موعه‌ره‌زی سزادان نه‌كاته‌وه؟
ئه‌گه‌ر له پێش وهيان له‌دوای سكرتێری گشتيش ويستی ببێته كه‌سی يه‌كه‌می يه‌كێتی، ئايا به‌ڵگه‌ی مێژوويی چيه كه ئه‌و كار بۆ بهموئهسسهسهكردنی ڕێكخراوه‌كه ده‌كات؟ به‌ڵگه چيه كه ئه‌وجاره‌يان به شێوازی كوتله سياسه‌ت ناكات؟ ئايا به‌رنامه‌ی بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی كرژی و ساڕ‌ێژ كردنی برين و پاراستنی يهكگرتوويی يه‌كێتی چی ده‌بێت؟ ئايا بۆی ده‌كرێت هه‌موو لايه‌نه ناته‌با و جهمسهرگير و كێبڕكێكهرهكان له‌دوای خۆيه‌وه ڕيز بكات و نهيهلێ كه‌س تۆڵه له نه‌ياره‌كانی بسه‌نێته‌وه؟ ئايا ده‌توانی له ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سلێمانيدا خه‌ڵكی نادڵنيا دڵنيا بكاته‌وه؟ ئايا ئه‌ندامان و كادرانی سه‌ر به باڵه‌كانی تر، و خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری پانوبهرينی يه‌كێتی له هه‌موو شاره‌كانی كوردستاندا ئاماده ده‌بن له دوای ئه‌ويان ڕيز ببن و پێشڕه‌وێتی ئه‌ويان قه‌بول بێ؟ ئايا ده‌توانێ له هه‌ڵبژاردنی گشتیدا و له ململانێی هه‌مه لايه‌نه‌ی ناو كوردستان و عيراقدا هه‌مان ڕۆڵی سكرتێری گشتی ببينێ؟ ئه‌وانه و ده‌يان پرسياری تر هه‌ن كه پێويسته سه‌رۆكی باڵی ڕيفۆرم له‌لای خۆيه‌وه وه‌ڵامه‌كانيان ئاماده‌بكات و به بابه‌تيانه به ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری يه‌كێتی بگهيهنێ.
پێنجه‌م: خيلافه‌ت
كۆنگره ببه‌سترێ وهيان نه‌به‌سترێ، مه‌سه‌له‌ی خهليفه و خيلافه‌ت، وه ئاينده‌ی ده‌سه‌ڵات له دوای سكرتێری گشتیدا بابه‌ته‌تێكی هه‌ره گرنگ و چاره‌نوس سازی ڕێكخراوهكهيه. پێويسته يه‌كێتی له ئاينده‌ی دڵنيابێ ، وه ميكانيزمێكی شه‌فاف و ديموكراسيانهی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌كان و داگيركه‌رانی پۆسته سيادی و هه‌ستياره‌كان له‌به‌رده‌مدا بێ.
ده‌مێكه فشار خراوه‌ته سه‌ر سكرتێری گشتی بۆ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ميكانيزمێكی ديموكراسيانه ده‌سه‌لاته چڕبووهوهكان دابه‌ش بكات و شێوازی موئه‌سسه‌ساتی بۆ حوكمڕانی دابهێنێ و مه‌سه‌له‌ی خيلافه‌ت له‌دوای خۆي‌دا يهكلايی بكاته‌وه. كه‌چی لهجياتیان، سكرتێری گشتی خۆی له‌و مه‌سه‌لانه لاداوه. دياره كه مێژووی په‌يوه‌ندی سكرتێری گشتی به جێگره‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای كێبڕكێی ناوه‌كی بووه و مه‌سه‌له‌ی بهموئهسسهسهكردنی يه‌كێتی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆي‌دا نه‌ديوه. خۆيشی دڵنيا نه‌بووه له تموح و هه‌ڵوێستی هاوخه‌باته‌كانی، ئه‌وانه‌ی كه ڕۆژێك له ڕۆژان به شێوازی كوده‌تا هه‌وڵی لابردن و دهركرديان دا. له‌وكاته‌وه، جێگره‌كانی سكرتێری گشتی دياريكراون، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ويستی سكرتێری گشتی (وهيان ئالقه‌كانی ده‌وروبه‌ری) به‌ڕیان له‌ژێر پێ ده‌رهێنراوه. بێجگه له‌وه‌ش، له كاتی نهخۆشبوونهكهی ئهودواييهی سكرتێری گشتی، هيچ كام له دوو جێگره‌كه‌ی هه‌موو ده‌سه‌لاتێكی سكرتێری گشتی پێ نه‌درا و ته‌نانه‌ت ديارنه‌بوو ئايا كام جێگر كام ڕۆڵ ده‌بينێ. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێگره‌كانی سكرتێری گشتی به ڕه‌سمی و به ڕاستی دياری نه‌كرێ، ئه‌وا هه‌رده‌م ڕۆڵه‌كانيان مايه‌ی پرسيار و پێداچوونه‌وه ده‌بێ و له‌وانه‌يه له كاتی په‌يدا بوونی بۆشايی ده‌سه‌ڵاتدا خودی سه‌ركرده‌كان و باقی كادره پێشكه‌وتووه‌كان دان به پۆسته‌كاندا نه‌نێن. به‌و پێيه‌ش ئاسان نيه پێشبينی له ده‌ره‌نجامه‌كان بكرێت و ڕه‌نگه بۆ كه‌س نه‌كرێت ڕێگه له ئه‌ناركی و پێشبڕكێی ده‌سه‌ڵات و ديارده‌ی خوێنڕێژی بگرێت.
شه‌شه‌م: حيزب و حكومه‌ت
ڕه‌وت و شێوازی حوكمڕانی دووحيزبه دهسهلاتدارهكهی كوردستان له‌سه‌ر هه‌مان ڕه‌وت و شێوازی حيزبه حاكمه ڕۆژههڵاتيهكانه. حيزب و حكومه‌ت له هه‌ناوه‌وه به جۆرێك تێكههلكێشراون كه سه‌ركرده و كادره‌كانی يه‌كێتی و پارتی هێڵێكی جياكه‌ره‌وه له‌نێوان ڕۆڵی حيزبی و حكوميهكانيان نابينن، وه پۆسته حكوميه‌كان به پله‌ی يه‌كه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان وه‌لائی تاكه‌كه‌سی و كوتله‌چێتی دابه‌ش ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌شيان هۆكارێكی مه‌زنی تری ڕيشهگيری گه‌نده‌ڵيی و بهڕهڵايی و حوكمڕانی بێكهلكه.
ئه‌وا شازدهساڵه يه‌كێتی له ته‌ختی حوكمڕانيدايه، كه‌چی تا ئێستا به‌شێوه‌يه‌كی سه‌رده‌ميانه و له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كی ديموكراتيانه، كانديدی پۆسته گرنگه‌كانی حوكمه‌ت دياری نه‌كراون. مه‌سه‌له‌ی دانان و لابردنی پۆستههڵگرهكان له‌ده‌ستی چه‌قی ده‌سه‌ڵاته و ئه‌ويش له‌ژێر كاريگه‌ری بازنهيهكی دياريكراوی سه‌ركرده‌كانه. خۆ مه‌سه‌له‌ی بڕياردان له‌سه‌ر كانديدی يه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زيران له ساڵی ٢٠٠٧دا به شێوازێكی وابوو كه بووه موفاجهئهيهكی برينداركه‌ر بۆ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری سه‌ركرده‌كان. ئه‌گه‌رچی ڕای گشتی له‌ناو خودی سه‌ركرده‌كاندا ئه‌وه بوو كه‌وا نێچيرڤان بارزانی له پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه، به‌ڵام چاوه‌رێش ده‌كرا كه‌وا به‌شێوه‌يه‌كی ديموكراسيانه و به ديالۆگێكی شه‌فاف له‌ناو مه‌كته‌بی سياسی يه‌كێتيدا بڕيار له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ره‌نجامه درابا، وه دهرهنجامهكهيش به گرانتر به پارتی فرۆشرابا.
له ئێستاوه‌ش مقۆمقۆی ئه‌وه داهاتووه كه‌وا سكرتێری گشتی نيازی ئاينده‌ی ئاشكرا نه‌كردووه و به‌گوێره‌ی هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كان له‌وانه‌يه هيچ كام له ئه‌ندامانی سهكردايهتی ئێستا بۆ پۆستی سه‌رۆكايه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زيران كانديد نه‌كات. لهجياتيان له‌وانه‌يه كانديدێكی ده‌ره‌وه‌ی يه‌كێتی بهێنێته سه‌ر شانۆ و له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانی تری فه‌ڕز بكات. خۆ كه سكرتێری گشتی بڕيارهكهی پێشتری به‌بێ سه‌رئيشه بۆ چووه‌سه‌ر، ڕه‌نگه ئه‌وجاره‌يان هه‌موو لايه‌ك له‌و مهسهلهيه بێ ده‌نگ نه‌بن. پێويسته سكرتێری گشتی مه‌سه‌له‌ی دانانی سه‌رۆكوه‌زيران و وه‌زيره‌كان و هه‌ڵگری پۆسته گرنگه‌كانی تر به‌ته‌نيا و به‌بێ پڕۆسهيهكی ديموكراسی له‌سه‌ر بنهمايی لێهاتووی ئه‌نجام نه‌دات. پێويسته سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی به هێڵێكی زه‌ق پۆسته حكومی و حيزبيه‌كان و ڕۆڵی كادرانی حكومه‌ت و حيزب لێك جيابكه‌نه‌وه. بۆ هيچ كادر و سهركردهيهكی يه‌كێتی نه‌بێ كه ده‌ست له كاروباری ئيداره‌ی حكومه‌ت وه‌ربدات، جا هه‌ر له فه‌رمانی تهعين كردنی فه‌رمانبه‌ر و دابه‌شكردنی زه‌ويه‌وه بگره هه‌تا ده‌گاته واسته كردن و تۆقاندنی فه‌رمانبه‌ره بێ پشته‌كانی ناو حكومه‌ت. پێويسته به‌رنامه‌يه‌ك بۆ پشگيری كردنی كادره حيزبيهكانی ناو حكومه‌ت دابڕێژرێت كه ببێته ڕێنمايهك بۆ پياده كردنی مانيفهستۆی حيزب و خزمه‌ت كردنی وڵات. به‌رنامه‌يه‌كی تريش بۆ ڕێنمايی په‌رله‌مانتارانی يه‌كێتی له به‌غدا و هه‌ولێر دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی تهشريعهوه هه‌وڵده‌ن دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵايه‌تی به‌گوێره‌ی مانيفهستۆيهكی سۆشيالديموكراتيانه به‌سه‌ر ده‌ستووری وڵات‌دا بسه‌پێنن.
حه‌فته‌م: به‌ستنی كۆنگره
كۆنگره فه‌رزێكی حيزبیه و هه‌ڵپه‌ساردنی بۆ ماوه‌ی ديارينهكراو ده‌بێته مايه‌ی داهێزرانی ڕێكخراوه‌كه. له كۆنگره‌دا حيزبی زيندوو خۆی نوێ ده‌كاته‌وه، و ڕێڕه‌و و چاره‌نوسه‌كه‌ی دياری ده‌كاته‌وه و به‌رنامه‌ی ڕزگار كردنی وڵاته‌كه‌ی داده‌ڕێژێته‌وه، و مانيفهستۆی حوكمڕانی ده‌خاته‌وه به‌رده‌م ميللهتهكهی. هه‌ڵبه‌ت، سه‌رچاوه‌ی ميسداقيهت و شه‌رعيه‌ت بۆ سه‌ركردايه‌تی هه‌موو رێكخراوێك له كۆنگرهكهيدا هه‌ڵده‌قوڵێ، و له شه‌فافيه‌ت و ئازادی درهبڕين و ده‌نگدان و لێپرسينه‌وه په‌يدا ده‌بێت. بۆيه به‌ستنی كۆنگره و نوێكردنه‌وه‌ی يه‌كێتی باش‌ترين ڕێگره له سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی ئۆپۆزيسيۆنی ناوه‌كی. به‌ڵام كۆنگره‌ی ئه‌وجاره ده‌بێته خاڵی جياكه‌ره‌وه له‌نێوان مان و نه‌مانی يه‌كێتی، بۆيه‌ش ده‌بێ به‌مانای ته‌واو كۆنگرهيهكی پڕلهميسداقيهت بێ. ئه‌گه‌رنا، زۆرينه‌ی كادر و ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری يه‌كێتی متمانه‌يان به‌شێوه‌يه‌كی ئه‌به‌دی به ڕێكخراوه‌كه و سه‌ركرده‌كانی نامێنێ.
ئاشكرايه كه له سكرتێری گشتی به‌ولاوه، كه‌سی تر زانياری سه‌باره‌ت به كات و سات و شوێن و هه‌لومه‌رجی كۆنگره‌وه نيه. كه‌چی سه‌ره‌ڕای مه‌ترسیه‌كان، له‌وه‌ده‌چێ سكرتێری گشتی هيچ جۆره ئهولهويهتێكی به به‌ستنی كۆنگره نه‌دابێ وهيان ڕه‌نگه له‌بارودۆخی ئێستادا به ڕووداوێكی تێكدهريشی بزانێ. به‌ڵێ، له كۆنگره‌دا گرژی باڵه جياوازهكان ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی، به‌ڵام به دواخستن و هه‌ڵپه‌ساردنی كۆنگره ڕاده‌ی كرژيهكان زياتر ده‌بێ و ئه‌گه‌ری ته‌قينه‌وه زياتر ده‌بن نه‌ك كه‌متر.
له سی‌وسێ ساڵدا، يه‌كێتی ته‌نيا دوو كۆنگره‌ی شێوه شانۆگه‌ری ئه‌نجام داوه، و له هيچ كامياندا پهيڕهوپڕۆگرامی ڕێكخراوه‌كه په‌يڕه‌وی نه‌كراون. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كادير و ئه‌ندامانی يه‌كێتی ئه‌نجامه‌كانيان قه‌بول كردوه. ئێستاش، بۆ كورتكردنه‌وه‌ی كات و خۆلادان له گرفتی هه‌لبژاردنێكی تری تێكده‌ر، پێويست به هه‌ڵبژاردنی گشتی قاعيده‌ی ڕێكخراوه‌كه ناكات، لهجياتيان ده‌كرێ هه‌ڵبژاردنی ڕابوردوو بكرێته بنه‌مايه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره. واته، له ڕووی پڕاكتيكهوه، نيوه‌ی كاره‌كه بۆ به‌ستنی كۆنگره ئه‌نجام دراوه و ئه‌ندامی كه‌رت و كۆميته‌كان هه‌ڵبژێردراون، و ئه‌وانه‌يش نوێنه‌ری هه‌موو باڵه موتهكهتيلهكانیان تێدايه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه به‌ستنی كۆنگره‌يه له‌ژێر كه‌شێكی شه‌فاف و به چاودێریه‌كی نێوده‌وڵه‌تی.
هه‌شته‌م: لێژنه‌ی پسپۆڕان و مه‌ركه‌زی بيركردنه‌وه
يه‌كێتی پێويستی به دانانی چه‌ند لێژنهيهكی باڵای پسپۆڕيه، كه وه‌ك ثينك تانكێك به‌يه‌كه‌وه ئه‌ركی توێژينه‌وه و لێكۆڵينه‌وه‌ی گرفته‌كان و دۆزينه‌وه‌ی ڕێگاچارهكانیان پێ بسپێردرێت. هاوكات پێويسته ميكانيزمێكی كاڕا بۆ ديراسهكردنی پێشنيازهكانی ئه‌و لێژنانه و پياده‌كردنی به‌رنامه‌كان له لايه‌ن مه‌كته‌بی سياسيه‌وه دابمه‌زرێت. ليستهی ئهولهويات بۆ كاری ئه‌و لێژنانه درێژه به‌ڵام ئه‌وانه‌ی خواره‌وه له گرنگهكانيانن:
١- پێناسه كردنه‌وه‌ی يه‌كێتی، و داڕژتنه‌وه‌ی شوناس و فيكری يه‌كێتی. ئيمڕۆ يه‌كێتی له قه‌يرانی نه‌بوونی ئاراسته‌ی فيكریدا ده‌گوزه‌رێت. ئه‌وه مانای ئه‌وه نيه كه فهلسهفهيهكی ووشك و كلاسيك له ئامێز بگرێ، به‌ڵام ده‌بێ به‌رنامه‌يه‌كی سۆشيالديموكراتی هه‌بێ كه بيكاته ڕێڕه‌وی مانيفهستۆكهی و بناغه‌ی سياسه‌تی ئابووری و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵايه‌تی. پێويسته به‌رنامه‌ی بۆ مسۆگه‌ر كردنی مافه‌كانی مرۆڤ و دابين كردنی پێداويستهكانی ژيانی كۆمه‌ڵی هه‌بێت، كه ببنه پێوانه‌ی سه‌ركه‌وتوويی له حوكمڕانيدا، و پێوانه‌ی دڵسۆزی بۆ دۆزی ميللهتهكهی. به‌هۆی ئه‌وانه‌وه حيزبه‌كه متمانه‌ی خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێته‌وه.
٢- پهيڕهوپڕۆگرام: مه‌زنترين كۆره‌گه‌ی ڕێكخراوی موئه‌سسه‌ساتی بريتيه له داڕژتن و سه‌روه‌ركردنی پهيڕهوپڕۆگرامی حيزب. پێويسته له ئێستاوه پهيڕهوپڕۆگرامه ئاماده‌كه‌ی يه‌كێتی ببێته سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئيداره‌ی حيزب. له ڕێگه‌ی پسپۆڕ و توێژهرهوهكانیشهوه ئه‌و پهيڕهوپڕۆگرامه ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێ و له كۆنگره‌دا تاوتوێ بكرێ و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێ.
۳- كاری موئه‌سسه‌ساتی: ئه‌و زاراوه‌يه زۆر باس كراوه به‌ڵام تا ئێستا به ديراسهت و وورده‌كاری پێناسه نه‌كراوه. ئه‌ركی به موئهسسهسهكردنی ڕێكخرواێكی وه‌ك يه‌كێتی له كوردستاندا ئاسان نيه، چونكه تا ئێستا ئه‌زموونی كاری موئه‌سسه‌ساتی مۆدێرن له‌ناو حيزبه كورديهكاندا نه‌بووه، و ته‌نانه‌ت له ناو ئيداره‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌رێميشدا نه‌هاتۆته كايهوه. بهموئهسسهسهكردن شيعار و بڕيار نيه، به‌ڵكو پڕۆسه‌يه وپێويستی به پێشڕه‌وێتی پسپۆڕيی هه‌يه. بۆيه زه‌حمه‌ته به سه‌ركرده‌ی سياسی يه‌كێتی به‌ته‌نيا ئه‌نجام بدرێت. پێويسته به زووترين كات لێژنه‌يه‌ك به‌يه‌كه‌وه بنرێت بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌يه‌كی زانستيانه و سه‌رده‌ميانه ڕێڕه‌وه سه‌ره‌كيه‌كانی ئيداره‌ی موئه‌سسه‌ساتی دياری بكه‌ن وههيكهلێكی ڕێكخراوهيی ديموكراسی تۆكمه پێشنياز بكه‌ن. ئه‌وجا سه‌ركرده‌كان ميكانيزمی پياده كردنی بۆ دابين بكه‌ن و خۆشيان پێشڕه‌وێتی له پڕۆسه‌كه بكه‌ن.
٤- ده‌سه‌ڵات: له پهيڕهوپڕۆگرامدا پۆسته حيزبيه‌كان و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ريه‌كه‌يان دياريكراون. به‌ڵام له ڕاستيدا كار به‌هيچ كاميان نه‌كراوه. پێويسته چاوێكی سه‌رتاسه‌ری سه‌رله‌نوێ به هه‌موو پۆسته سيادی و ئيداريهكانی ته‌واوی ڕێكخراوه‌كه‌دا بخشێنرێته‌وه، و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتی هه‌موويان له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كی سۆشيالديموكراتی مۆدێرندا و بۆ ماوه‌يه‌كی دياريكراو و نه‌گۆڕدا سنووردار بكرێته‌وه. ڕۆڵی حيزبی و حكومی لێك جيابكرێته‌وه. وه ميكانيزمی چاودێريكردن و شكايهتكردن و لێپرسينهوهش دابڕێژرێت.
٥- دارايی: ئامانجی هه‌موو شهڕهبهرژهوهندی و ململانێی ته‌كه‌تول و كێبڕكێكانی ناو ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دارايی. هه‌ركاتێك ئيداره‌ی دارايی به‌گوێره‌ی سيسته‌مێكی شه‌فاف و دادوه‌رانه بۆ خزمه‌تی حيزبه‌كه به‌كار هات، ئه‌و كات فاكته‌ری سامان و دارايی له گه‌مه سياسيهكاندا ده‌بێته لاوه‌كی وهيان هه‌ر نامێنێ. واته ئاڕاسته‌ی كێبڕكێكان له گه‌نده‌ڵيی و زوودهوڵهمهند بوونه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ سه‌ر كێبڕكێی ناوبانگ ده‌ركردن و پياده‌كردنی به‌رنامه‌ی سياسی و خزمه‌تكردنی ئهولهويهتهكانی وڵات.
٦- لێژنه‌ی پارێزه‌رانی قانونی: له ناو ڕێكخراوی يه‌كێتيدا، پێويسته لێژنهيهكی باڵای ياسايی و دادپه‌روه‌ری هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی پسپۆڕان چاودێری پياده‌كردنی به‌نده‌كانی پهيڕهوپڕۆگرام و چاودێری ڕه‌فتار و بڕيارهكانی سه‌ركرده‌كان بكه‌ن. ئه‌و لێژنه باڵا بێلايهنه بۆ ئه‌وه‌يه حيزب و سه‌ركرده‌كان له مه‌ترسی ياساشكێنی بپارێزن و مسۆگه‌ری بكه‌ن كه له هه‌موو ڕوويهكهوه كارههڵسوڕانی حيزبه‌كه به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عيراق و ياسای هه‌رێم و پهيڕهوپڕۆگرامی حيزبهكهيه. خۆ پێويسته سه‌ركرده‌كان به‌ر له ده‌ركردنی فه‌رمان و بڕيار و گۆڕانكاريه گرنگه‌كاندا، پێشوه‌خت ڕا و ئامۆژگاری ئه‌و لێژنه ياساييه وه‌ربگرن. به‌وه مسۆگه‌ر ده‌بێ كه هيچ بڕيار و فه‌رمانێك به سه‌رپێيانه ده‌رناكرێ، و سهركردهكانيش خۆيان له ڕه‌خنه و گله‌يی و شه‌رمه‌زاری پهشيمانبوونهوه ده‌پارێزن. هه‌مان لێژنه‌ش ده‌توانی سه‌يری ڕه‌خنه و شكايهتی هه‌موو چاودێرێكی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی تر بكه‌ن و به ياساپارێزانه دوا حوكم له‌سه‌ر كێشه‌كان بده‌ن.
پوخته‌ی په‌يام
ده‌مێكه يه‌كێتی له دهوامهيهكی حه‌له‌زۆنی سهربهرهوخواردايه، به‌ڵام ئێستا ته‌وژمی ده‌وامه‌كه زيادی كردوه. له‌و چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردوودا، يه‌كێتی چه‌ندين هه‌ل و فرسه‌تی باشتر كردنی بارودۆخی ڕێكخراوهيی خۆی به‌فيڕۆ بردووه. ته‌نانه‌ت دواپلينيۆميش فرسه‌تێك بوو بۆ سارێژ كردنه‌وه‌ی هه‌ندێ برين و دياريكردنی ڕێگه‌ی ڕزگاربوون، كه‌چی بووه كانياوی زوخاو هه‌ڵێنجان. ئێستاش كاری يه‌كێتی گه‌يشتۆته ئه‌و ڕاده‌يه‌ی كه له ڕێگه‌ی كۆنگره به‌ولاوه، هيچ جۆره چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تی و پڕۆسهيهكی نوێسازی و چاكسازی نايه‌ته كايهوه.
هه‌ڵوێسته‌كانی سكرتێری گشتی وادهگهيهنێ كه هێشتا قه‌ناعه‌تی به‌و ڕاستيهی كه يه‌كێتی گه‌يشتۆته ڕۆخی نه‌مان دانه‌هاتووه، و دياره له بارودۆخه‌كه ناڕه‌حه‌ت نيه. كه‌چی زۆرينه‌ی سه‌ركرده‌كانی تری يه‌كێتی دان به‌وه داده‌نێن كه‌وا حيزبه‌كه‌يان متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری له ده‌ست داوه، و دواڕۆژی خۆيان و كوتلهكانيان كه‌وتۆته به‌ر مه‌ترسیه‌وه.
ئيمڕۆ سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی هيچ چاره‌يه‌كی تريان له‌به‌رده‌مدا نيه له غه‌يری مسۆگه‌ر كردنه‌وه‌ی شه‌رعيه‌ت و ميسداقيهت، كه ئه‌وانه‌يش ته‌نيا له ڕێگه‌ی كۆنگره‌دا ده‌ستگير ده‌كرێنه‌وه. يه‌كێتی توانای وه‌رچه‌رخاندنی چاره‌نووسی هێشتا ماوه و ده‌توانێ سوود له كادره شاره‌زا و توێژه ڕۆشنبيره پانوبهرينهكهی ده‌وره‌ی ببينێ. ئه‌رك و مه‌سئوليه‌تی مێژوويی سكرتێری گشتيه كه به لهخۆبوردهييانه قه‌يرانه‌كه به جيددی وه‌ربگرێ و مهرگهشهبهح له‌سه‌ر يه‌كێتی لابه‌رێ. مه‌سئوليه‌تی ئالقه‌كانی ده‌وره‌ی چه‌قی ده‌سه‌لاته كه مه‌ترسيه‌كانی تهقينهوهيان له‌به‌رچاو بێ و قه‌ناعه‌ت به سكرتێری گشتی بێنن كه بڕياری حاسيم بدات. مه‌سئوليه‌تی سه‌رۆكی باڵه موتهكهتيلهكانهكه ئاوێك به ئاگره‌كان داكه‌ن و كرژيهكان هێوڕبكهنهوه.
ڕه‌نگه پهيامهكانی ناو ئه‌و وتاره به خۆشباوه‌ڕی و ساده‌يی و زێدهگهشبينی له‌قه‌له‌م بدرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پشتگوێ بخرێن، ئه‌وا دياره حوكمی مێژووه كه ده‌بێ دامه‌زران و هه‌ڵوه‌شانی ئه‌و ڕێكخراوه مه‌زنه له سه‌ر ده‌ستی هه‌مان سه‌ركرده‌دا بێ. به‌وه‌ش فه‌شه‌لی ئه‌و سه‌ركردانه له به‌جێگه‌ياندنی به‌ڵێنی موئهسسهسهی به‌ديل له ته‌مه‌نی خۆيان‌دا ده‌بينن، و دامه‌زرانی حوكمی مۆنۆپۆڵی پارتی له كوردستانيشدا هه‌تا سه‌ر ده‌چه‌قێنن.