خه‌باتی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات: چی بكه‌ين و له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێ بكه‌ين

خه‌باتی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات: چی بكه‌ين و له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێ بكه‌ين

دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زيز عه‌لائه‌ددين

په‌يڤ، مانگی ئوكتۆبه‌ری ١۹۹٠-

ژماره (١٢ و ١۳)، لاپه‌ڕه‌١٢٥۹-١٢٧٥

كاتی نوسينی ئه‌و ووتاره‌

له‌دوای كيميا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال، پارسه‌نگی هێزه‌كان له‌ شاخه‌كانی كوردستانی باشوور سه‌رتاپا سه‌راوبن بوون. هه‌تا شه‌‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عيراق و ئێران به‌رده‌وام بوو، بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاريخوازی كورد و ده‌سه‌ڵاتی حيزبه‌ كورديه‌كان ڕووی له‌ به‌هێزی بوو. به‌ڵام له‌دوای كۆتايی هاتنی شه‌ڕی، ڕژێمی عيراق ده‌ستی بۆ ئه‌نجامدانی كه‌مپه‌ينی جێنۆسايدی دژ به‌ كوردی به‌تاڵ بوو بوو. ئيتر به‌ هێزێكی دڕنده‌ و مونه‌ززه‌مه‌وه‌، به‌ شێوه‌يه‌كی سيسته‌ماتيك، كه‌وته‌ قه‌ڵاچۆ كردنی ژيان له‌ ته‌واوی شاخ و دێهاتی كوردستان. به‌ سه‌دان هه‌زار گوند نشينی كوردستانی ڕاگوێزايه‌وه‌ ناو كه‌مپه‌كان، كه‌ ناسرابوون به‌ (القری المجمعه‌). به‌ ده‌يان هه‌زار خيزانی زينده‌به‌چاڵ كرد، دارستانی ده‌سوتاند، ماڵ و باخ و له‌وه‌ڕ و ژينگه‌ی دێهاته‌كانی كاو كرد، و به‌وانه‌ بناغه‌ی شه‌ڕی پارتيزانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌لته‌كاند.

سه‌ركرده‌كانی يه‌كێتی و پارتی و حيزبه‌ بچووكه‌كانی تر، به‌ خۆيان و پێشمه‌رگه‌يانه‌وه‌‌ په‌ڕينه‌وه‌ ديوی ئێران. لێشاوی په‌ناهه‌نده‌ به‌ره‌و هه‌نده‌ران زيادی كرد. زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كان، پێشمه‌رگه‌كانيان به‌جێ هێشت و خۆيان گه‌يانده‌ ووڵاته‌كانی دراوسێی و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ريكا و شوێنی تر. هاوكات ڕژێمی سه‌ددام له‌و په‌ڕی توانا و هێزی سه‌ربازی و سياسی دابوو، و چه‌نگی له‌ حوكم باشتر گير ببوو، و پشتگيری ديپلۆماسی نێوده‌وڵه‌تيشی هه‌ر له‌ به‌رزیدا بوو.

كوردستان شوێنێكی كه‌ئيب بوو، كوردی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی كوردستان خۆيان به‌ لێقه‌وماو ده‌زانی، تووشی نائومێدی بوبون و هه‌ستيان به‌ هه‌ره‌س هێنانی شۆڕش ده‌كرد. له‌ ديوه‌خانه‌كاندا، كۆمه‌ڵگای كوردی خه‌ريكی به‌خۆ داچوونه‌وه‌ و ده‌ربڕينی ناڕه‌زايی بوون. سه‌ركرده‌كان له‌ گێژاوك دابوون و خۆيان به‌ بێ چاره‌ و بێ به‌رنامه‌ ده‌بينی. هه‌يان بوو دانی به‌ سه‌رلێشێواوی ده‌نا، و هه‌شيان بوو هانای بۆ شيعارات و فاكته‌ری گه‌شبينيی ده‌برد. خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر و ڕۆشنبير و بگره‌ ئه‌ندامانی حيزبه‌كانيش بڕوايان به‌ سه‌ركرده‌كان كز بوو بوو. كه‌وتبوونه‌ ڕه‌خنه‌ و گله‌يی كاری و ئۆباری تراژيديای هه‌له‌بجه‌ و ئه‌نفاليان ده‌خسته‌ ئه‌ستۆی هه‌ڵه‌ سياسيه‌ مه‌زنه‌كانی سه‌ركرده كورده‌‌كان. هه‌يان بوو داوای گۆرينی سه‌ركرده‌كانيان ده‌كرد، و هه‌يان بوو داوای سه‌رله‌نوێ دروست كردنه‌وه‌ی حيزبێكی پان و بۆری تازه‌ی ده‌كرد.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا، خه‌باتی چه‌كدار له‌ كوردستانی باشوور گه‌يشتبوه‌ ڕاده‌ی نه‌مان. هاوكات، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتيش خه‌باتی لۆبی كردن له‌ ئاستێكی زۆر نزمدا بوو. سه‌ڕه‌ڕ‌ای ئه‌زموونی ده‌يان ساڵی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاريخوازی كوردی، حيزبه‌ كورديه‌كان له‌ هه‌نده‌ران زۆر بێ دۆست و بێ كه‌س و بێ ساحێب و بێ به‌رنامه‌ بوون. بۆ نموونه‌، له‌ نێو زياتر له‌ ٤٥٠ ئه‌ندام په‌رله‌مانی كۆنزێرڤه‌تيڤی به‌ريتانيدا ته‌نانه‌ت تاقه‌ ئه‌ندامێكی ئه‌و حيزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ په‌يوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ نه‌بوو. له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری و ستراتيژی سياسيان، حكومه‌تی ثاتچه‌ری به‌ريتانی و ڕۆنالد ڕێگه‌نی ئه‌مه‌ريكی نه‌له‌ نزيك و نه‌ له‌ دووره‌وه‌ خۆيان له‌ كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌يه‌كی وه‌ك كورد نه‌ده‌گه‌ياند. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌يشدا، ژماره‌ی كوردی هه‌نده‌ران زۆر كه‌م و كه‌مكاريگه‌ر بوون. ئه‌وه‌ی هه‌بوو يان خه‌ريكی خوێندن و كاسبی بوو، وه‌يان خه‌ريكی حيزبايه‌تی له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردی بوو. ململانێی پارتی و يه‌كێتی هه‌روه‌ك ئێستا به‌رده‌وام تێكده‌ر بوو.

ژماره‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌ حيزبيه‌ زمانزان و شاره‌زايانه‌ی كه‌ له‌ سيسته‌می ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ريكی گه‌يشتبوون، زۆر كه‌م بوون و به‌ په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردران. لۆبی كوردی پێويستی به‌ هيممه‌تی هه‌موو لايه‌ك بوو. له‌و كاته‌دا خۆم و چه‌ند دۆستێكی ناحيزبی، كه‌وتبووينه‌ خۆ ڕێك خستن و كه‌مپه‌ينی لۆبی كردن، شان به‌ شانی ئه‌و چه‌ند كادره‌ حيزبيه‌ شاره‌زايانه‌ی كه‌ ڕۆلی ئاكتيڤيان هه‌بوو. هه‌مووشمان له‌ هه‌وڵ و هه‌ڵه‌ و هيممه‌تی ڕۆژانه‌ی خۆمانه‌وه‌ فێری كاری لۆبی ده‌بوين. بايی ئه‌وه‌نده‌ ئه‌زموونمان په‌يدا كردبوو كه‌ بتوانين ڕاوێژكاريی پێشكه‌ش به‌ سه‌ركرده‌ كورديه‌كان بكه‌ين.

له‌و سه‌رده‌مه‌دابوو، له‌ ساڵی ١۹٨۹ و ١۹۹٠دا، هه‌ردوو به‌ڕێزان، مام جه‌لال تاله‌بانی و كاك مه‌سعود‌ به‌رزانی له‌ سه‌ردانی به‌ريتانيادا داوای ديده‌نی منيان كرد. مام جه‌لالم له‌ ماڵی دكتۆر له‌تيف ديت و كاك مه‌سعودم به‌ هاوه‌ڵی كاك هۆشيار زێباری له‌ ئوتێلی ساڤۆی (ستراند)ی له‌نده‌ن ديت. هه‌ردو سه‌ركرده‌ داوای هاوكاريان لێ كردم سه‌باره‌ت به‌ لۆبی كردن له‌ په‌رله‌مان و ميديا و سيسته‌می حوكمڕانی به‌ريتانی. دوا به‌ دوای له‌و ديده‌نيانه‌دا، ڕاپۆرتێكم بۆ به‌رنامه‌ی لۆبی كردن له‌ ووڵاتێكی وه‌ك به‌ريتانيا پێشكه‌ش به‌ هه‌ردوو سه‌رۆك و سه‌كرده‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی كرد. له‌ نزيكه‌وه‌ ئاگادار بووم كه‌وا سه‌ركردايه‌تی پارتی و يه‌كێتی دا ڕاپۆرته‌كه‌يان تاوتوێ كرد بوو، و چه‌ندين بڕياری بنه‌ڕه‌تيان له‌سه‌ر لۆبيكردنی حيزبه‌كانيان دابوو. دواتر، له‌به‌ر گرنگی بابه‌ته‌كه‌ و وه‌ك سه‌ره‌تايه‌ك بۆ ليكۆڵينه‌وه‌ و به‌ هيوای ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی بيركاريه‌كان، ڕاپۆرته‌كه‌م كرده‌ ووتارێك و له‌ گۆڤاری (په‌يڤ)دا بڵاوم كرده‌وه‌. گۆڤاری په‌يڤ له‌لايه‌ن (مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبيری كوردی Kurdish Cultural Centre-KCC)ی له‌ شاری له‌نده‌ن بڵاو ده‌كرايه‌وه‌.

خه‌باتی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات: چی بكه‌ين و له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێ بكه‌ين


ئیمڕۆ له‌ سه‌رتاپای كوردستاندا، دوای زنجيره‌ كاره‌ساتێك له‌ گشت پارچه‌كانيدا، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد كه‌وتونه‌ته‌ گێژاوی بيركردنه‌وه‌ و لێدوان و گفتوگۆ، بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی چه‌ندين پرسياری گرنگ و له‌به‌ر چاو، وەك:

بۆچی شۆرشی كورد نه‌يتوانيوه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوويی و ڕاست و ڕه‌وانی درێژه‌ به‌ خه‌باتی خۆی بدات؟

بۆچی شۆڕشگێرانی كورد نه‌يانتوانيوه‌ سوود له‌ هه‌ڵه‌ی ڕابردوو وه‌ربگرن بۆ خه‌باتی داهاتويان؟

بۆچی سه‌ركرده‌كانی شۆرش سوودێكی ئه‌وتۆيان وه‌رنه‌گرت له‌ هه‌ل و مه‌رج و بار و دۆخی ناكۆك و شله‌ژاوی وڵاته‌ داگيركه‌ره‌كانی كوردستان، به‌ تايبه‌تی له‌ ساڵانی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی كه‌نداو؟

بۆچی دووچاری ڕۆژێكی ڕه‌شی وه‌ك ئيمڕۆ بوين؟

به‌كام ڕێگه‌ له‌و زۆنگاوه‌ ڕزگاريمان ده‌بێت؟ ئيتر چی بكه‌ين و له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێ بكه‌ين؟

هه‌ر پرسيارێك له‌وانه‌ ده‌يان لق و پۆپی لێ ده‌بێته‌وه. هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسيارانه خۆی له‌ خۆی دا كارێكی زۆر قورس و ئاڵۆزه‌ و پێويستی به‌ لێكۆڵينه‌وه‌ و بيركردنه‌وه‌ی قوڵ و سه‌رێكی سارد و دڵێكی گه‌رم هه‌يه‌. پێويستی به‌ بيركردنه‌وه‌ و نوسينی ئازاد و نه‌ترسه‌. پێويستی به‌ وره‌ی به‌رز و جورئه‌ته‌ بۆ ده‌رخستنی ڕاستيه‌كان. پێويستی به‌ به‌رپاكردنی زنجيره‌ لێدوان و گفتوگۆيه‌كی ئازاد و داهێنه‌رانه‌يه‌. ئه‌و لێكۆڵينه‌وه‌ و هه‌وڵ و ته‌قه‌‌ڵلايانه‌ش به‌ يه‌ك كه‌س و دووكه‌س ئه‌نجام نادرێ و ئه‌ركی تاقمێكی تايبه‌تيش نيه‌، به‌ڵكو ئه‌كێكی هاوبه‌شی تێكڕای گه‌ڵی كورده‌ به‌ گشتی، و ئه‌ركی ڕۆشنبيران و خاوه‌ن بير و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی كورديشه‌ به‌تايبه‌تی. هه‌روه‌ها جێ به‌جێ كردنيشی پێويستی به‌ هاوكاری و ڕا ده‌ربڕين و به‌شداری كردنی هه‌موو لايه‌ك و هه‌موو لايه‌نێكه‌. له‌ هه‌موو لايه‌نێك گرنگتر بۆ هاريكاری، لايه‌نه‌ حيزبيه‌كان و ڕێكخراوه ناحيزبيه‌كانن.

ڕه‌خنه

ئێمه‌ به‌ گشتی حه‌ز به‌ ڕه‌خنه‌ی ئاشكرا ناكه‌ين، ڕه‌خنه‌ی نوسراوه‌ و ده‌نگ ده‌ربڕين به‌دڵی فراوان له‌ دۆستيش وه‌رناگرين، ئه‌گه‌رچی هه‌موو جۆره‌ ڕه‌خنه‌يه‌ك له‌ ژووری كۆبونه‌وه‌ و له‌ ديوه‌خانه‌كاندا قبوڵ ده‌كه‌ين. هه‌ربۆيه‌ش، ته‌نيا لايه‌نه‌ دژ به‌يه‌كه‌كان كه‌م و كوڕی و هه‌ڵه‌ی يه‌كتر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی بريندار كردن و ئابڕوو بردنی به‌رامبه‌ر‌، بۆ سوك كردن و ڕيسوا كردن و كه‌م كردنه‌وه‌ی لايه‌نگيران، واته‌ نه‌ك به‌ نيازی خزمه‌ت و پته‌و كردن. جا باشترين چاره‌ بۆ ڕێگرتن له‌ ڕه‌خنه‌ی تێكده‌ر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ هه‌ر لايه‌نه‌ ده‌رگای ڕه‌خنه‌ی داهێنه‌ر له‌به‌رده‌م دۆست و هه‌وادار و هاوخه‌باته‌كانی بكاته‌وه‌، نه‌ك ته‌نيا له‌ ژووری كۆبوونه‌وه‌ و ديوه‌خانه‌كاندا، به‌ڵكو له‌سه‌ر كاغه‌زی بڵاو كراوه‌ش. ئه‌م كاره‌ش ده‌بێته‌ هۆی داهێنانی چه‌رخێكی نوێ له‌ ئازادی ده‌ربڕين و په‌روه‌رده‌كردن و فراوانكردنی مێشك.

وه‌ك ده‌ست پێشكه‌ريه‌ك، بۆ جۆش دانی ئه‌م لێكۆڵينه‌وه‌يه‌، وای به‌ چاك ده‌زانم كه‌ پێشنيار و بۆچوونی خۆم بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ و چاوێك به‌ بارودۆخه‌كه‌ بخشێنم. له‌ كاتی نوسيندا نه‌مويست بكه‌ومه‌ موجامه‌له‌ كردنی ئه‌و لايه‌ن و ئه‌م لايه‌ن، و له‌ ڕاستی و تاڵی واقيعه‌كه‌ بترسم، و دوودڵی له‌ ده‌رخستنی ڕاستی بكه‌‌م، وه‌يان له‌ ئاشكراكردنی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌ مێشكی زۆربه‌ی ڕۆشنبيراندا ده‌خولێته‌وه. مه‌به‌ستم له‌ و باسه‌دا تانه‌ و توانج نيه‌، له‌ هيچ لايه‌ك. به‌ش به‌ حاڵی خۆم هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵايه‌كی دلسۆزانه‌ به‌ نيشتمان په‌روه‌ريی ده‌زانم، حه‌ز به‌ يه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵايه‌كان ده‌كه‌م له‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتدا. ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌ره‌و ڕووی خوێنه‌ری ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ تێكدان نيه‌ به‌ڵكو بۆ دروست كردن و داهێنان و هاوكاريه‌.

بۆ ده‌ست نيشان كردنی هه‌نگاوی يه‌كه‌م، ديمه‌نێكی بچووكی وێنه‌ مه‌زنه‌كه‌ ده‌كه‌مه‌ نموونه‌ و ده‌يخه‌مه‌ به‌ر شێ كردنه‌وه,‌ تاوه‌كو سه‌ره‌تا پڕاكتيكه‌كانی بخه‌مه‌ ڕوو. له‌به‌ر پێك چوونی پێداويسته‌كانی خه‌بات له‌ گشت پارچه‌كانی كوردستاندا، كوردستانی خواروو (عيراق) ده‌كه‌مه‌ نموونه‌ی بابه‌ت. وه‌ سه‌ره‌ڕای زۆری و بڵاوی شوێن و شێوازه‌كانی خه‌بات، خه‌باتی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ده‌كه‌مه‌ چه‌قی لێكۆڵينه‌وه‌، و كه‌مپه‌ينی ناو به‌ريتانياش ده‌كه‌مه‌ نمونه‌ی خه‌باتی گه‌لی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا. خه‌باتی ووڵاتانی تر و ناوه‌وه‌ی ووڵات و به‌شه‌كانی تری كوردستان بۆ خه‌ڵكی شاره‌زاتر و خاوه‌ن ئه‌زمونی مه‌زنتر لێ ده‌گه‌ڕێم.

چۆن له‌و زۆنگاوه‌ ڕزگارمان ده‌بێت و چی بكه‌ين و له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێبكه‌ين؟

ڕووداوه‌كانی سێ ساڵی ڕابوردوو (١۹٨٧-١۹۹٠) بارو دۆخێكی نوێی نائاسايی و ناهه‌مواريان په‌يدا كرد. شلۆقی و شله‌ژان و سه‌رلێ شێوان گه‌يشتوونه‌ته‌ ڕاده‌يه‌كی ئه‌وتۆ كه‌ هه‌رگيز به‌ خۆمانه‌وه‌ نه‌ديوه‌. ئاشكراشه‌ كه‌ ميلله‌ته‌كه‌مان به‌وه‌ ڕانه‌هاتووه‌ و نه‌خشه‌ی ئاماده‌ كراويشی نه‌بووه‌ بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی شێوه‌ نوێ و خۆڕاگرتن و مانه‌وه‌ به‌ زيندوويی. وه‌نه‌بێ ئه‌وه‌ی ڕووی دا كۆتايی كاره‌ساتان بێ، به‌ڵكو به‌ گوێره‌ی به‌ڵگه‌كان و پارسه‌نگه لاسه‌نگ بوه‌كه‌ی سياسه‌تی زلهێزه‌كان و ووڵاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وا پێ ده‌چێ كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تای كاره‌سات نه‌بێ، ده‌توانم بڵێم ناوه‌ڕاست و جه‌رگه‌ی كاره‌ساته،‌ و له‌وه‌ خراپتريشی به‌دواوه‌يه‌. له‌ هه‌مووشيان جه‌رگبڕتر، بێ ئاماده‌يی سه‌ركرده‌كانه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چاره‌نوسی نه‌بينراو. ڕه‌نگه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌ستی پێ بكه‌ن، به‌ڵام پێوه‌ی ديار نيه‌ كه‌ حيسابی ڕۆژی له‌وه‌ ڕه‌شتريان كردبێ.

له‌كۆنه‌وه‌ - بگره‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مه‌وه‌ - بزووتنه‌وه‌ و خه‌باتی كورد له‌ سه‌ر شێوه‌ی زنجيره‌ی كورتی چه‌ند ساڵی بوه‌. هێلی به‌يانی (كێرڤ) سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌رده‌وام به‌ره‌و به‌رزی ڕۆيشتوه‌ هه‌تاكو گه‌يشتۆته‌ ڕاده‌يه‌ك، ئينجا كتوپڕ و يه‌كسه‌ر هه‌ره‌سی هێناوه‌ و نزيك بۆته‌وه‌ له‌ سفر، و بگره‌ كه‌وتۆته‌ ئاستێكی نزمتر له‌ خاڵی ده‌ستپێكردنه‌وه‌. كۆتاييه‌كانی هه‌رده‌م كاره‌ساتی دڵته‌زێنی له‌دوا بوه‌. ئه‌گه‌ر دوور نه‌ڕۆين، هه‌ر له‌ مێژووی ئه‌م سه‌ده‌يه‌دا (سه‌ده‌ی بيسته‌م) چه‌ندين نمونه‌ی زيندومان ده‌ست ده‌كه‌وێ. وه‌ك زنجيره‌ی شۆرشه‌كانی شێخ مه‌حمود و كۆماری مه‌هاباد و شۆڕشی ئه‌يلول و بگره‌ دوا شۆڕشيش. سيناريۆی گه‌شه‌كردن و لاواز بوون، سه‌ركه‌وتن و ڕووخان، به‌رزی و نزمی له‌ گشتياندا هه‌يه‌. به‌ڵام ده‌ڵته‌زێنترينی ئه‌م دياردانه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی هه‌مان هه‌ڵه‌، هه‌مان سياسه‌ت، هه‌مان تاكتيك و هه‌مان هه‌ره‌سه‌.

له‌ كۆڕی باسدا، بارو دۆخی ئێستا هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ. به‌شدارانی كۆڕه‌كانی باس، بيرو بۆ چوونيان جيا جيايه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێدا چوونه‌وه‌ی كۆن و تاوانبار كردنی سه‌ركرده‌كان لايه‌نێك بۆ كاره‌سات و پێشبينی و پێشنياريان بۆ دوا ڕۆژ. ئه‌وانه‌ به‌ گشتی سێ به‌شن:

١- به‌شێكی ڕ‌‌ه‌ش بين، وای داده‌نێن كه‌وا كار له‌ كار ترازاوه‌ و هه‌موو شت له‌ده‌ست چووه‌ و هه‌ره‌س ڕووی داوه‌ (به‌ شێوه‌يه‌كی ناديار). ئه‌وانه‌ هێز و پته‌ويی پارت و ڕێكخراوه‌كان به‌ قه‌واره‌يه‌كی به‌تاڵ داده‌نێن، و جموجۆليشيان به‌ په‌له‌ ڕوحه‌ و په‌له‌قاژه‌ی مانه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م بۆ ده‌ست پێوه‌ گرتنی ئه‌ندام و لايه‌نگير و هه‌وادارانيان.

٢- به‌شێكی تر كه‌ دان به‌ مه‌زنی كاره‌ساته‌دا دانانێن، و به‌ ئومێدن كه‌ له‌ ماوه‌يه‌كی كه‌مدا، له‌ ئه‌نجامی گۆڕانكاری نێو ده‌وڵه‌تی و زلهێزه‌كان، سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ به‌ر كورد بكه‌وێ. هه‌ڵگری ئه‌و بيرو ڕايه‌ پاشه‌كشه‌يی و به‌سه‌رهاتی كورد ده‌خه‌نه‌ پاڵ تێك چوونی پارسه‌نگی سياسی جيهانی. ئه‌و به‌شه،‌ لايه‌نه‌ كوردييه‌كان به‌ خاوه‌ن موباده‌ره‌ وه‌يان ياريكه‌ری به‌توانای ناو ياری نێو ده‌وڵه‌تی دانانێن.

۳- به‌شێكی تێكه‌ڵ و نايه‌كسان كه‌ بيروڕايان بريتيه‌ له‌ ئه‌نجامی لێكدانی دوو به‌شه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌. ئه‌وانه‌ بارو دۆخ هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و ڕۆلی هه‌رلايه‌ك دياری ده‌كه‌ن. بڕوايان به‌ گۆڕان هه‌يه‌ و بڕواشيان به‌ گرنگی گۆڕانكاری ناوه‌خۆ و ده‌ست وه‌شاندن و جموجۆڵی خودی كورد هه‌يه‌.

ڕۆلی سه‌ركرده‌كان له‌ داهێنانی كاره‌سات

له‌نێو كۆڕی هه‌مان باسدا، دووجۆره‌ ڕای تريش هه‌ن‌، سه‌باره‌ت به‌ ڕۆلی سه‌ركرده‌ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناو پارت و ڕێكخراوه‌كان له‌ دروست كردنی حاله‌تی ئيمڕۆ:

أ‌- لايه‌نێك كه‌ ئۆباڵی كاره‌سات ده‌خه‌نه‌ ملی سه‌ركرده‌كان و لاچوونيان ده‌كه‌ن به‌ مه‌رجێكی گرنگی گۆڕان. به‌ڕای ئه‌وانه‌، سه‌ركرده‌كان نه‌يانتوانيوه‌ له‌ نێو گۆڕانكاريه‌ چه‌ندايه‌تی و چۆنايه‌تيه‌كانی جيهاندا بنج و بنه‌وانی مه‌سه‌له‌كه‌ تێ بگه‌ن، وه‌ پێش بينی و نه‌خشه‌كانيان له‌سه‌ر بناغه‌ی شيكردنه‌وه‌ی زانستيانه‌ی ڕياليستی دانه‌ڕێژراوه‌, و پلانه‌ سياسيه‌كانيان ته‌نيا ڕۆژانه‌ بووه‌. جگه‌ له‌وه‌ش تاوانی ململانێ و براكوژی كورد ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی سه‌ركردايه‌تيه‌كان، و به‌هۆكارێكی سه‌ره‌كی دواكه‌وتن و كاره‌ساتيان له‌ قه‌له‌م ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها تاوانباريان ده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه‌ نه‌يانتوانيوه‌ ده‌رفه‌تی شه‌ڕی كه‌نداو (١۹٨٠-١۹٨٨) بۆ قازانجی كورد بقۆزنه‌وه‌.

ب‌- لايه‌نی دووهه‌م زياتر دوژمنانی كورد و پاڵپشته‌ زلهێزه‌كانيان له‌ ئاست به‌سه‌رهاتی كورد تاوانبار ده‌كه‌ن. پيلانی زلهێزه‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌نديه‌كان و بازاڕگێڕه‌كانيان به‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو كاره‌ساتێك ده‌زانن. تاوان له‌ سه‌ركرده‌كانی كورد لاده‌به‌ن و وای داده‌نێن كه‌ سياسی كورد ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بووه‌ به‌گوێره‌ی توانا به‌ شێوه‌يه‌كی گونجاو ئه‌نجامی داوه‌. هه‌ر بۆيه‌ش وای داده‌نێن كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر تاقمێكی تر سه‌كردايه‌تی كوردی كردبايه‌ به‌ هه‌مان ڕێڕه‌ودا ده‌چوو. بۆيه‌ش هه‌ڵگرانی ئه‌و ڕايه‌ به‌ ئومێدن كه‌ هه‌مان سه‌ركرده‌كانی ئێستا به‌ كاری گۆڕانكاريه‌كان‌ هه‌ڵبستن و كه‌مپه‌ينی لێكۆڵينه‌وه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ.

ج - بێگومان لايه‌نی نێو ئه‌م دوولايه‌نه‌ش ده‌بێ هه‌بێ كه‌ هه‌ردوو خاڵ كۆ ده‌كاته‌وه‌ سه‌ر يه‌كتر و به‌شێكی

تاوان ده‌خاته ملی سه‌ركرده‌ و به‌شێكی تريش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ باری سياسی و پارسه‌نگی زلهێزه‌كان.

كه‌واته‌ پوخته‌ی راو بۆچوونه‌كان له‌سه‌ر يه‌ك خاڵ ڕێك ده‌كه‌ون و كۆ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌ كه‌ "گۆڕانكاری پێويسته‌".

به‌ڵێ، گۆڕانكاری له‌ گشت لايه‌نه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاريخوازی گه‌ڵی كورد پێويسته‌. پێويسته‌ هه‌موولايه‌ك ئاماده‌ی ئه‌و گۆڕانه‌ بن، له‌ گه‌وره‌وه‌ هه‌تا بچووك. مه‌به‌ست له‌ گۆڕانيش هه‌ر قسه‌و چيڕۆك يان تيۆری بێ پڕاكتيك نيه‌، به‌لكو گۆڕانێكی بنه‌ڕ‌‌تی دروستكه‌ره‌ له‌ سه‌رتاپای خه‌بات و سيسته‌می ڕێكخراوه‌ييماندا، له‌ جۆری بير كردنه‌وه‌ و فه‌لسه‌فه‌ و به‌ره‌و پيره‌وه‌ چوونی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌كانماندا. گۆڕانێك كه‌ له‌گه‌ڵ ئاستی خه‌بات نوێ و ئاستی گيروگرفته‌كانمان بگونجێ و به‌رده‌وامێتی بداته‌ بزوتنه‌وه‌كه‌مان و له‌ ڕێڕه‌وی ساڵانی داهاتوودا كاريگه‌ر و پێشخه‌ر و هێز به‌خشكه‌ر بێ.

جۆری‌ گۆڕانگاری

بێگومان ئه‌و گۆڕانانه‌ كارێكی ئاسان نيه‌. مه‌به‌ستيشم له‌ گۆڕانی له‌ناكاو و كتوپڕ نيه‌. به‌ڵكو مه‌به‌ستم گۆڕانی به‌ پلان و نه‌خشه‌يه‌، گۆڕانی ديراسه‌كراو و پله‌ پله‌يه‌ به‌ره‌و ئامانجێكی دياریكراو و وێنه‌ گيراوی ڕياليستی. گۆڕانێك كه‌ ڕه‌نگه‌ ساڵه‌های ساڵ بخايه‌نێ. گۆڕانی كتوپڕ ڕه‌نگه‌ زيانی زياتر بێ له‌ سوودی، ئه‌گه‌ر بێ نه‌خشه‌ و زانست بێ. بۆ نموونه‌، له‌و چه‌ند زيجيره‌ بزووتنه‌وه‌يه‌ی ده‌يان ساڵی ڕابوردوودا، ميلله‌ت فێری خه‌باتی پارتيزانی بووه‌، وسيسته‌می ڕێكخراوه‌كانيش به‌گوێره‌ی چه‌باتی پارتيزانی دروست بوون. پارت و ڕێكخراوه‌كانيش جۆری به‌ڕێوه‌ چوونيان وه‌ك نيمچه‌ حكومه‌تێكه‌. خه‌ڵكێكی زۆر له‌ ژێر سايه‌يان ژيانی ڕاهێناوه‌، جا چی به‌ شێوه‌ی ئه‌ندام بێ يان لايه‌نگير وه‌يان هه‌وادار، چی پێشمه‌رگه‌ بێ و چی خێزانی پێشمه‌رگه‌. بگره‌ به‌ سه‌دان و هه‌زاران، ڕێكخراوه‌كانيان كردۆته‌ پاڵپشتی ژيانيان و سه‌رچاوه‌ی پاره‌ و به‌ڕێوه‌ چوونيان. له‌ دوور و نزيكيشه‌وه‌ چه‌لكانێكی زۆر، له‌ناو شار و دێهاته‌كانی كوردستان يان له‌ ئێران و له‌ توران، ئومێدێكی مه‌زن و ئاواتێكی به‌ تينيان به‌ سياسه‌تی ڕێكخراوه‌اكانه‌ بۆ وه‌رسوڕاندنی چه‌رخ و سه‌ركردايه‌تی بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ره‌و ڕزگاری وه‌يان بۆ باشتر كردنی وه‌زع.

كه‌واته‌ له‌ كاتێكی وه‌ك ئێستادا، له‌ناكاو و كتوپڕ، به‌بێ بوونی سيسته‌مێكی ئه‌لته‌رنه‌تيڤ و شوێنگر، نه‌مانی ئه‌و پارت و ڕێخراوه‌ سياسيانه‌، وه‌يان لادانی تاقمی سه‌ركرده‌كانيان به‌ يه‌كجار، ده‌بێته‌ مايه‌ی ڕوخاندنی سيسته‌مه‌ له‌باره‌كه‌ و سه‌رچاوه‌ی ژيانی چه‌ندين و ڕوخاندنی شكۆی ئاواتی هه‌زاران و كوژاندنه‌وه‌ی چرای هيوای خه‌ڵكێكی ساده، ئيتر ئه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا ده‌بێته كاره‌سات. به‌لام له كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌يه‌كی نه‌خشه‌ كێشراو و هه‌ڵسه‌نگێنراوی پله‌ به‌ پله‌ ئه‌نجام دراو سيسته‌می شوێنگری ئه‌لته‌رنه‌تيڤ دابمه‌زرێ، ئه‌و كات گۆڕينی سيسته‌می خه‌باتی كلاسيكی پارتيزانی به‌ سوك و ئاسانتر ئه‌نجام ده‌درێ.

كه‌مپه‌ين له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات

له‌ پێناو به‌رپا كردنی زنجيره‌يه‌كی نه‌پچڕاو له‌ گفتوگۆی فيكری و پڕاكتيكی بۆ ليكۆڵينه‌وه‌ و گه‌شه‌دانی لايه‌نه‌ جياجياكانی كه‌مو كۆڕيه‌كانی خه‌باتی نوێمان، لێره‌دا بيشنياری خۆم ده‌خه‌مه‌ ڕوو له‌سه‌ر يه‌كێك له‌و لايه‌نانه‌. ئه‌ويش لايه‌نی خه‌بات و كه‌مپه‌ينه‌ له ده‌ره‌وه‌ی ووڵات، لايه‌نێك كه‌ گرنگيه‌ مه‌زنه‌كه‌ی له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواييدا به‌ده‌ر كه‌وتوه‌. ئێستا ڕوون بۆته‌وه‌ كه‌ شوێنی ئه‌و خه‌باته‌ گرنگ و بگره‌ سه‌ره‌كیه‌‌ له‌ سه‌رخستنی بزوتنه‌وه‌كه‌. ئومێد له‌و پێشنياره‌ شی كردنه‌وه‌ و ڕووناكی خستنه سه‌ر چه‌ند لايه‌نێكی گرنگی كه‌مپه‌ينه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات. زه‌قی خاڵه‌كانيش و گرنگی دانم به‌ فاكته‌ره‌كان له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌زموونێكی كورتی دووسێ ساڵييه‌ له‌و گۆڕه‌پانه‌. بێگومان كه‌م و كوڕی زۆر تێدايه‌، به‌لام وه‌ك سه‌ره‌تايه‌كی گۆڕاو ده‌توانرێت گه‌شه‌ی پێ بدرێت و بگۆڕدرێت و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێ.

بۆ ميلله‌تێكی ٢٠-٢٥ مليۆنی وه‌ك ئێمه‌، جێی داخه‌ كه‌ ئه‌زموونی خه‌باتكه‌رانی پێشوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ شێوه‌ی پێويست ناگواسترێته‌وه‌ له‌ نه‌وه‌يه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌يه‌كی تر. له‌ جياتی ئه‌وه‌ی ئه‌زموون و په‌يوه‌نديه‌كان و كاروبارمان ڕۆژ به‌ ڕۆژ ڕووه‌و زيادی بێ، ده‌بينين ئاسته‌كه‌ی هه‌ر له‌ به‌رزی و نزمييه‌ و به‌شێكی به‌فيڕۆ ده‌ڕوات و به‌شێكی كه‌ڵكی لێ وه‌رناگيرێت. له‌وانه‌ش گرنگتر، نه‌بوونی نوێنه‌رێكی دياری كراو و ناسراو و نه‌گۆڕه‌ بۆ كورد. خه‌ڵكی بێگانه‌، له‌ كاتی پێويست يان "نوێنه‌ری نمونه‌يی" نادۆزنه‌وه‌ يان له‌ جياتی يه‌ك، ده‌يان نوێنه‌ريان لێ ده‌چێته‌ پێش و هه‌ريه‌كه‌يان وێنه و نه‌خشه‌ی جياجيای كوردستانيان پێشان ده‌ده‌ن.

بنكه‌يه‌ك بۆ نوێنه‌رايه‌تی كورد

كه‌و‌اته‌، ئه‌وه‌ی به‌ ئاشكرا پێويستمانه‌، بۆ خۆمان و بۆ لۆبی بێگانه‌ش، بريتيه‌ له‌ بوونی (بنكه‌) يان (سه‌رچاوه‌)يێكیه‌ (مرجع، مكتب، قاعده‌، مه‌قه‌ڕ، بيرۆ، يان هه‌ر ناوێكی تر). بنكه‌يه‌ك كه‌ به‌ نوێنه‌ری كورد بناسرێت و بڕوای پێ بكرێ له‌ لايه‌ن خۆمان و بێگانه‌شه‌وه‌. ئه‌و بنكه‌يه‌ش ئه‌زموونی به‌ره‌و زيادی بێ و لێی نه‌فه‌وتێ. ئه‌زموونی بنوسرێته‌وه‌ و بگوازرێته‌وه‌ له‌ يه‌كێك بۆ يه‌كێك تر و له نه‌وه‌يه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌يه‌كی تر.

كاری "بنكه‌" ده‌بێ دياری كراو و له‌سه‌ر شێوه‌ی نيمچه‌ ده‌ستوورێك داڕيژراو بێت. واته‌ به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ كاروباری ڕێكخراوه‌كانی تر ته‌واوكه‌ری يه‌كتر بن. ده‌بێ بنكه‌كه‌ زمانحاڵی (ناطق) ره‌سمی باڵی سياسی كوردی بێ. گوڕ و هێزی كاروباره‌كانی خۆی بخاته‌ سه‌ر ئه‌م كارانه‌ی خواره‌وه‌:

- په‌يوه‌ندی ڕاگه‌ياندن (ديعائی، ميديا)

- لۆبی له‌ په‌رله‌مانی

- لۆبی له‌ نێو حكومه‌ت

- لۆبی له‌ نێو ڕێكخراوه‌ ناميريه‌كان

- پاره‌ په‌يدا كردن

- كاری تر

پێويسته‌ بنكه‌ له‌ سه‌ر شێوه‌ی ده‌زگا (موئه‌سسه‌سه‌)يه‌كی ئه‌نترناسيونالی بێ، وه‌ك كۆمپانيايه‌ك خاوه‌ن سيسته‌م و فه‌رمانبه‌ر بێ و لقی له‌ هه‌موو وڵاتان هه‌بێ. به‌ پێی گرنگی وڵاته‌كه‌، ئيمكانياتی ماددی زۆر و كه‌م و بۆ لقه‌كان ته‌رخان بكرێت. له‌سه‌ره‌تادا، هه‌ر بۆ نمونه، به‌و گوێره‌ جوگرافيه‌ ده‌توانرێت دابه‌ش بكرێت: به‌ريتانيا، ئه‌مريكا، ئه‌لمانيا، سويد، فه‌ره‌نسا، وڵاتانی تری ڕۆژئاوا، ئوستراليا، وڵاتانی سۆشياليست. جگه‌ له‌وانه‌ش، ده‌بێ بنكه‌ له‌ ئێران و وڵاته‌ عه‌ره‌بيه‌كان (وه‌ك سوريا، و ميسر)يش هه‌بێت، به‌ڵام خه‌بات له‌وانه‌ وه‌ك وڵاتانی ديموكراسی په‌رله‌مانی نيه‌. هه‌روه‌ها له‌ دواڕۆژدا، له‌ ساڵانی دوای ١۹۹٢دا ئه‌وروپای ڕۆژئاوا (به‌ تايبه‌تی ئه‌لمانيای يه‌كگرتوو) گرنگيه‌كه‌ی زياتريش ده‌بێ له‌ ئێستا.

كارهه‌ڵسوڕانی بنكه

پێويسته‌ ناوی "بنكه"كه‌ دياری كرواو و هه‌ميشه‌ نه‌گۆڕ بێ و هه‌موو كارێكی به‌ هه‌مان ناو ئه‌نجام بدرێ، تاكو نه‌بێته‌ مايه‌ی سه‌ر لێ شێوان. ناوه‌كه‌ش باشتره‌ كه‌ ده‌لاله‌ت له‌ ناوه‌رۆكی كاروباره‌كه‌ی بكات.‌ باشتريشه‌ ئه‌گه‌ر ووشه‌ی مافی مرۆڤيشی تێدا بێت. ئه‌ندامان و كارگيڕانی بنكه‌ش ده‌كرێنه‌ دوو به‌ش:

أ- ئه‌ندامانی كۆميته‌ی سه‌رپه‌رشتی كه‌ر

ئه‌وانه‌ پێك دێن له‌ نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌ جياجياكان، به‌ تايبه‌تی سياسيه‌كان، به‌ گوێره‌ی ڕێكه‌وتن. ئه‌ركی كۆميته‌ بريتيه‌ له‌ دياريكردنی ڕێڕه‌و و سياسه‌تی به‌ڕێوه‌چوون و په‌يوه‌نديه‌كانی بنكه‌يه‌ و سه‌په‌رشتیكردنی فه‌رمانبه‌ران.

ب- كادر

كادر وه‌ك فه‌رمانبه‌رێك ده‌ست نيشان ده‌كرێت و به‌ مووچه‌ و به‌ جۆری فولتايم كار ده‌كات. پێويسته‌ ٢-٤ كادری شاره‌زا و لێزان و لێهاتوو (محترف) په‌يدا بكرێن يان فێر بكرێن. شه‌رت نيه‌ كادر كورد بێ، به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ باشتر بێ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ خۆی بێ. ده‌بێ زمانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ ڕ‌‌ه‌وانی بزانێ، به‌لكو ئه‌وه‌يان شه‌رتێكی هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تيه‌. له‌هجه‌ و شێوه‌ی دوان و گفتوگۆی ده‌بێ ڕۆشنبيرانه‌ و ديپلۆماسی و نه‌رم بێ، چونكه‌ سه‌ركه‌وتويی كه‌مپه‌ينه‌كه‌ به‌نده‌ به‌ زمانزانی و لێهاتوويی كادره‌كه‌. پێ ويسته‌ كادر توندڕه‌وی (تطرف)ی ئاينی و سياسی و عه‌قيده‌ی نه‌بێ، و نه‌ زۆر چه‌پڕه‌و و نه‌ زۆر ڕاستڕه‌و نه‌بێ. به‌ڵكو ده‌بێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كورد بتوانی له‌گه‌ڵ چه‌پ و ڕاست يان له‌گه‌ڵ دۆست و دوژمنی فه‌لسه‌فيه‌كه‌ی خۆی دابنيشێ و بدوێ، و دۆست و لايه‌نگير و په‌يوه‌ندی شه‌خسی له‌نێو چه‌پ و ڕاستدا په‌يدا بكات.

شه‌رت نيه‌ كادر سۆز (عه‌طف)ی بۆ كورد هه‌بێ، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ی پێی هه‌ڵده‌ستێ له‌ ڕێگه‌ی سۆز و عه‌تفه‌وه‌ ئه‌نجام نادرێ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئه‌ركی خۆيه‌تی و به‌ پێی ئه‌و كاره‌ موچه‌ی ده‌درێتی. ئه‌گه‌ر كه‌مته‌رخه‌م بوو، سه‌ركۆنه‌ ده‌كرێ و به‌ڵكو ده‌رده‌كرێت. بێگومان ده‌بێ بڕوای به‌ مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌بێ و له‌ ڕابوردووش هه‌لوێستی دژبه‌ به‌رژه‌وه‌ندی كوردی نه‌بووبێ. كه‌واته‌ پوخته‌كه‌ی ده‌بێ (محترف)ێكی به‌ خاوه‌ن بڕوا بێ نه‌ك (هاوي) يه‌كی (متعاطف).

كاروباری كادير، له‌ چه‌ند ده‌زگايه‌كی بنه‌ڕه‌تی و نابنه‌ڕ‌‌تيدا خۆی ده‌بينێته‌وه‌. له‌وانه‌:

- ميديا (ڕۆژنامه‌، گۆڤار، ته‌له‌فزيۆن، ڕاديۆ ...هتد)

- په‌رله‌مان (ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراو، لۆرده‌كان، حكومه‌ت، ئۆپۆزيسيۆن ... هتد)

- پيتاك و پاره‌ كۆ كردنه‌وه‌ (له‌ ڕيكخراوی خه‌يری، دروست كردنی پڕۆژه‌ی به‌ سوود بۆ بنكه‌ و ...هتد)

- هی تر (ڕێكخراوی ناميری، كه‌نيسه‌، كه‌سايه‌تی ناسراو و ئه‌كاديمی و نوسه‌ر ... هتد)

هه‌موو ئه‌و كارانه‌ بۆ تاقه‌ كادرێك زۆرن. كه‌مترين ژماره‌ دوو كادره‌ و گه‌ر زياتريش كه‌وتنه‌ ڕيزه‌وه‌ ئه‌و باشتره، به‌ تايبه‌تی‌ بۆ به‌رفراوان كردن و ڕێگرتن له‌ ‌فه‌وتانی ئه‌زموون له‌ ‌كاتی دابڕانی كادرێك.

ميديا

خه‌ڵكی ميديا، به‌ هه‌موو شێوه‌كانيه‌وه‌، له‌ بازاڕدا به‌ دوای دوو شت دا ده‌گه‌رێن، كه‌ دۆزيانه‌وه‌ به‌بێ دوودڵی ده‌يكڕن. يه‌كه‌ميان هه‌واڵ (خه‌به‌ر)، و دوه‌ميان چيڕۆك (قصه، حيكايه‌ت‌)ه‌.

هه‌واڵ بريتيه‌ له‌ "گۆڕانی له‌ناكاو"‌ له‌ گشت بابه‌تێك. كوژرانی تاكه‌ كه‌سێك له‌ ووڵاتێكی ئارامی وه‌ك سويسرا هه‌واڵێكی گرنگه، كه‌چی هه‌واڵی گرنگ له‌ شه‌رێكی خوێناوی وه‌ك عيراق-ئێراندا ‌برتتيه‌ له‌ نه‌كوژرانی سه‌رباز‌. درامای گۆڕانی له‌ناكاو، به‌تايبه‌تی له‌ جۆری تراژيديا و كاره‌ساتدا، كڕياری زۆره‌.

چيڕۆك، يان به‌ دوای ده‌نگ و باسدا په‌يدا ده‌بێ، وه‌يان ده‌توانرێت به‌بێ گۆڕانی دراماتيكی دروست بكرێ. له‌ كاتی لۆبيكردندا، قورسه‌كه‌يان (و گرنگتره‌كه‌يان) دووهه‌ميانه‌، واته‌ دروست كردنی چيڕۆكی به‌ بێی هه‌واڵی تراژيك. ئه‌و جۆره‌ چيڕۆكه‌، به‌ تايبه‌تی له‌ دوای كز بوون و نه‌مانی هه‌واڵ، به‌رده‌وامێتی به‌ كه‌مپه‌ين ئاستی ئاگاداری خه‌ڵك ده‌دات . فرۆشتنی چيڕۆك به‌ ميديا زه‌حمه‌تتره‌ له‌ فڕۆشتنی هه‌واڵ. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چيڕۆك كڕياری خۆی و نرخی خۆی هه‌يه‌. {لێره‌دا مه‌به‌ست كڕين و فرۆشتن نيه‌، به‌ڵكو ته‌نيا مه‌به‌ست له‌ عه‌رز و ته‌له‌به‌)

دوای كاره‌سات به‌ ماوه‌يه‌ك، ئاست و گرنگيی هه‌موو خه‌به‌رێك به‌ره‌و كزی ده‌ڕوات، هه‌تا نامێنێ. خه‌ڵكيش تێر ده‌بن يان بێزار ده‌بن له‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌یان. به‌لام بۆ بابه‌تێكی مه‌زنی وه‌ك مه‌سه‌له‌ی كورد، نابێ ئاستی ئاگاداری خه‌ڵك به‌ره‌و كزی بڕوات، وه‌ ڕۆلی هه‌ره‌ گرنگی بنكه‌ و كادری به‌رپرس له‌ ميديا له‌ دواخستنی ئه‌و كزيه‌يه‌، كه‌ ئه‌ويش بێ گومان له‌ ڕێی دروست كردنی چيڕۆكه‌وه‌يه‌ بۆ ميديا.

ميديا و شێوازی كلاسيكی كورد

تا ئێستا تێ ڕوانين و بۆ چوونی كورد بۆ ميديای ڕۆژ ئاوا له‌سه‌ر شێوه‌ی (به‌ره‌و پيره‌وه‌ چوون) بوه‌ بۆ ڕۆژنامه‌نووسان. واته‌ له‌ ڕێگه‌ی په‌يوه‌ندی شه‌خسیه‌وه‌، به‌ شێوازی داواكردن و بگره‌ پاڕانه‌وه له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ر و دۆسته‌كان بوه‌، به‌و ئومێدی كه‌ ڕازيان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بايه‌خ به‌ مه‌سه‌له‌كه‌مان بده‌ن. بۆ ئه‌وه‌، حيزبه‌كان ڕۆژنامه‌گه‌ری دۆستيان به‌ پاره‌ و موجامه‌لات ڕاكيشاوه‌ و سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ و ته‌سهيلات و پاره‌ی مه‌سره‌فيشيان پێشكه‌ش كردون. هاوكاتيش، گۆشه‌ و ئاوازی چيڕۆكه‌كانيش هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان خورشيد و خاوه‌ر به‌ هه‌مان وه‌ته‌ری عاتيفی دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌. ئيتر له‌ كاره‌ساته‌كان و دابه‌ش كردنی كوردستان و دڕنده‌يی دوژمنه‌كانمان و پياوچاكی ميلله‌تمانه‌وه‌ بۆی دێنه‌ خوار و به‌ره‌و هه‌مان كۆتايی. ئه‌وه‌ ڕ‌‌ه‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی تێنه‌گه‌يشتنمانه‌ له‌ بازاڕی ڕۆژنامه‌گه‌ری.

ميديا كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌ له‌ بازاڕی كرواه

ئه‌و شێوازه‌ كۆنه‌ پێويسته‌ بگۆڕدرێ. ده‌بێ له‌مه‌ودوا سه‌يری ميديا بكه‌ين وه‌ك بازاڕێك، يان بيزنيسێك، كه‌ بيزنيسمان و خاوه‌ن پيشه‌ی (پرۆفيشنال و موحته‌ريف)ی شاره‌زا به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. كه‌رسته‌ی خاو و كه‌لوپه‌لی بيزنيسه‌كه‌ بريتينه‌ له‌ ده‌نگوباس و ووتاره‌كان‌. كارگه‌كانيشيان بريتينه‌ له‌ چاپخانه‌ و ئێزگه‌كانيان،‌ و به‌رهه‌مه‌كه‌شيان بريتينه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانيان‌. كارگه‌ به‌ بێ كه‌ره‌سته‌ی خاوهه‌ڵناسوڕێت. ميدياش ه‌ بێی هه‌واڵ و چيڕۆك هه‌ڵناسوڕێت. هه‌تا چۆنايه‌تی كه‌ره‌سته‌ی خاوه‌كه‌ باشتر بێ، ئه‌وا كاريگه‌ری به‌رهه‌مه‌كه‌یان زياتر ده‌بێ و بازاڕيشيان گه‌رمتر ده‌بێ. به‌رهه‌می هه‌ر كارگه‌ و كۆمپانيايه‌كيش له‌ ڕێگه‌ی تۆڕی ده‌يان ده‌لاڵ و دوكان و بازرگان و بازاڕگێڕه‌وه‌ ده‌خرێنه‌ بازاڕه‌وه‌. فرۆشياری كه‌رسته‌ی خاويش له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ خۆی ده‌گه‌يه‌نێته‌ كارگه‌ و به‌رهه‌مه‌كه‌یان پێ ده‌فرۆشن. كه‌واته‌ ميديا پێويستی به‌ ئێمه‌يه‌ به‌قه‌ده‌ر پێويستی ئێمه‌ به‌و. بۆيه‌ شێوه‌ی مامه‌ڵه‌مان پێويسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌يه‌ بێ و له‌ جياتی (چاو تێبڕين) ده‌بێ (هاوكاری)يان بكه‌ين. له‌جياتی (داوا) ده‌بێ (يارمه‌تی)يان بده‌ين. له‌جياتی بڵێين (تكايه‌ يارمه‌تيمان بده‌ن)، ده‌بێ بڵێين (ئايا چۆنتان يارمه‌تی بده‌ين هه‌تا يارمه‌تيمان بده‌ن). خۆ ئه‌گه‌ر هه‌واڵ و چيڕۆكه‌كه‌مان به‌تێن بوو، ئه‌وا ڕووی په‌يوه‌نديه‌كه‌ وه‌رده‌گيڕين و ده‌ڵێين (كه‌رسته‌يه‌كی گرنگمان هه‌يه‌ وه‌رن بيكڕن پێش خه‌ڵكی تر).

پوخته‌كه‌ی

ده‌بێ بۆچوونمان و چوونه‌ پێشمان بۆ ناو ميديا له‌و ڕوانگه‌يه‌بێ. ڕاسته‌ ڕۆژنامه‌نوس هه‌يه‌ دۆستی كورده‌، به‌ڵام كه‌ كار ده‌گاته‌ سه‌ر ساغه‌، "سۆز" ده‌ورێكی ئه‌وتۆ نابينێ، چونكه‌ ناكڕدرێ و نافرۆشرێ، و كاريگه‌ريه‌كه‌ی سنوری بۆ هه‌يه‌. واته‌ ده‌بێ سياسه‌تمه‌داری كورد وه‌ك (پڕۆفيشنال بۆ پڕۆفيشنال) په‌يوه‌ندی له‌گه‌ڵ ميدياكان بكه‌ن.

له‌ بنكه‌ی كورديدا، پێويسته‌ كادرێك ته‌نيا بۆ كاری ميدايا ته‌رخان بكرێ (كادری ميديا). كادری ميديا ده‌بێ زۆر به‌ وردی له‌ بازاڕه‌كه‌ا بكۆڵێته‌وه‌ و له‌ نزيكه‌و‌ه‌ ديراسه‌ی بكات، و به‌ زوويی شاره‌زايی له‌ سيسته‌مه‌كه‌ په‌يدا بكات. ڕۆژنامه‌ی چه‌پ و ناوه‌ڕاست و ڕاستڕه‌و لێك جيا بكاته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ريه‌كه‌يان به‌ زمانێك بدوێ، واته‌ (مرونه‌)ی هه‌بێ. كارگه‌ جياجياكانی ناو بازاڕی ميديا ڕێڕه‌و و سياسه‌تی جياجيايان هه‌يه‌ و جۆری به‌رهه‌م و جۆری كرێكار و خوێنه‌ر و گوێگریان جيايه‌‌. كه‌واته‌ هه‌ريه‌كه‌ی قالبی تايبه‌تيان بۆ كه‌رسته‌ خاوه‌كان هه‌يه‌ و سه‌رچاوه‌ی جياشيان بۆ ئه‌و كه‌رستانه هه‌يه‌. بۆيه‌، كادری ميديا ناتوانی ته‌نيا وتارێك دابڕێژێ و به‌بێ ده‌ستكاری به‌ ته‌واوی ڕۆژنامه‌كانی بفرۆشێ.

بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و چيڕۆك له‌ ڕۆژنامه‌ و ڕاديۆ ئاسانتره‌ وه‌ك له‌ ته‌له‌فزيۆن. به‌ڵام كاريگه‌ری‌ ته‌له‌فزيۆن له‌وانی تر زياتره‌. مه‌جالی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ له‌ هه‌مو مينبه‌ره‌كاندا ته‌سك و دياری كراوه‌ و كاتيشی زوو به‌سه‌ر ده‌چێ. به‌ڵام بڵاو كردنه‌وه‌ی چيڕۆك مه‌وداكه‌ی زۆر فراوانتره‌ و كاته‌كه‌شی به‌سه‌ر ناچێ. شوێن و ماوه‌ی بڵاو كردنه‌وه‌ی چيڕۆك زۆرن. بۆ نموونه‌: له‌ ته‌له‌فزيۆنی به‌ريتانيدا، (پانۆڕامای بی بی سی) و (ديسپاچی كه‌ناڵی چوار) و هی تر. له‌ ڕۆژنامه‌‌ش چه‌ندين لاپه‌ره‌ی تايبه‌تمه‌ند هه‌يه‌، بۆ نموونه‌: هه‌واڵی ناوه‌وه‌، ژيان، كۆمه‌ڵ، ڕاپۆڕتی ياسا، به‌شی نامه‌ی هاوڵاتی، ووتاری ڕۆژنامه‌ و هی تر. ئيتر ئه‌وانه‌ و چه‌ندين گۆڤار و هه‌فته‌نامه‌ و مانگانه‌ و به‌رنامه‌ی تايبه‌تی ڕاديۆ و هی تر، هه‌رهه‌موويان مه‌جالی ئيستيغلال كردنيان هه‌يه‌.

هه‌ڵبه‌ت، دوای ماوه‌يه‌ك له‌ كار كردن، كادری ميديا شاره‌زايی له‌ بنج و بنه‌وانی بازاڕی ميديا په‌يدا ده‌كات. په‌يدا كردنی ئه‌زمون كاره‌كه‌ی به‌ره‌و ئاسانی ده‌بات و به‌رده‌وام توانستی (كه‌فائه‌تی) به‌رز ده‌كاته‌وه‌. لێره‌دا گرنگی بنكه‌ له‌وه‌ به‌ديار ده‌كه‌وێ. گه‌ر بنكه‌ به نوێنه‌ری كورد بناسرێ و له‌ نێو بازاڕی ميديا به‌ سه‌رچاوه‌يه‌كی بڕوا پێكراوی هه‌واڵ و چيڕۆك دانی پێدا نبنرێ، وه‌ ناونيشانی دياری كراوی بزانرێ، ئه‌وا ديسان كاری كادری ميديا ئاسانتر ده‌بێ. خۆ له‌ كاتی ڕووداوێك، په‌يدا بوونی هه‌واڵ وه‌يان گه‌ڕان به‌ دوای چيڕۆك، كرێكاره‌كان بێ ماندوو بوون و سه‌ر لێشێوان ده‌توانن نوێنه‌ری كورد بدۆزنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ كادری ميديا بكه‌ونه‌ ئاڵوگۆر. ئاشكراشه‌ كه‌ هه‌تا كورد خاوه‌نی تاقه‌ بنكه‌ (نه‌ك چه‌ند بنكه‌يه‌ك) بن، ئه‌وا بڕوا پێكراویه‌تی و قورسايی گوتار (تصريح) و هه‌واڵ و چيڕۆكه‌كانيان مه‌زنتر ده‌بێ.

په‌رله‌مان

په‌رله‌مانيش، وه‌ك ميديا، بازاڕێكی سه‌ربه‌خۆيه‌. سيسته‌مێكی تێكه‌ڵ و ئاڵۆزه‌ و كه‌رسته‌ی خاوی ئێمه‌ی پێويسته‌، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر به‌ خاوی (وه‌ك بۆ ميديا). به‌ڵكو ده‌بێ پێشتر پوخته‌ بكرێ و دابڕێژرێ. باشرين كڕياری كه‌رسته‌ی خاوی ئێمه‌ له‌ ناو په‌رله‌مانه‌كان، زۆربه‌ی جار، لايه‌نی ئۆپۆزيسيۆنه‌. له‌ ناو ئۆپۆزيسيۆنيش كڕياری بێ پرسيار، چه‌پڕه‌وه‌كانن، كڕياری دوودڵيش سياسيه‌كانی باڵی ناوه‌ڕاست و ڕاستڕه‌وه‌كانن.

مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئۆپۆزيسيۆنی په‌رله‌مان له‌ په‌يوه‌ندیه‌كانيان له‌گه‌ڵمان، وه‌يان له‌ پشتگيریه‌كانيان، خزمه‌ت كردنی كورد نيه‌ به‌ پله‌ی يه‌كه‌م. به‌ڵكو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كيان به‌كارهێنانی قه‌زيه‌كه‌يه‌مانه‌ له‌ دژی حكومه‌تی خۆيان و بۆ ئيحراج كردنی حيزبی ده‌سه‌ڵاتدار. ئه‌گه‌ر كه‌رسته‌كه‌ی ئێمه‌ به‌ كه‌ڵكی ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ نه‌هات، ئه‌وا زه‌حمه‌ته‌ وه‌ری بگرن به‌ شێوه‌يه‌كی كاريگه‌ربه‌كاری نهێنن.

فاكته‌ری گرنگ له‌ كاری ناو په‌رله‌ماندا بريتيه‌ له‌ چۆنێتی داڕشتنی قه‌زيه‌كه‌ و پوخته‌ كردنی چيڕۆكه‌كه‌يه‌، هه‌روه‌ها‌ له‌ شێوه‌ی په‌يوه‌ندی كردن و چوونه‌ پێشه‌ له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان. فاكته‌ری هه‌ره‌ گرنگ، له‌ په‌رله‌مان و له‌ناو ميديا، بريتيه‌ له‌ په‌يوه‌ندی شه‌خسی تايبه‌ت به‌تێن له‌گه‌ڵ بڕيارده‌ره‌كان‌. كه‌واته كادری ئاكتيڤی ناو په‌رله‌مانی خاوه‌ن قه‌زيه‌، ده‌بێ زمانزان و لێهاتو و ديپلۆماسی بێ، و زوو شاره‌زايی له‌ سيسته‌می په‌رله‌مان و چۆنێتی بڕيار و حوكمڕانی و كار وه‌رسوڕاندن و هه‌لس و كه‌وتی ئه‌ندامان په‌يدا بكات.

له‌ سه‌ره‌وه‌دا باسمان كرد كه‌ ئۆپۆزيسيۆنی په‌رله‌مان باشترين كڕياره‌ بۆ كه‌رسته‌ی خاومان. بێگومان ئه‌وه‌ش وا ناگه‌يه‌نێ كه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی لايه‌نی حكومه‌ت كڕيار نين. به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ كڕياری كاريگه‌رتريش بن، هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ ئاستێكی نزميش بن. هه‌موو ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان، له‌ گه‌وره‌وه‌ تا بچوكيان، گرنگن. پێويسته‌ كادری ناو په‌رله‌مان بێ وچان په‌يوه‌ندی به‌ گشت ئه‌ندامه‌كانه‌وه‌ بكات و مه‌سه‌له‌كه‌يان بۆ ڕوون بكاته‌وه‌ و په‌يوه‌ندی شه‌خسييان له‌گه‌ڵدا ببه‌ستێ، چونكه‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان حه‌زی به‌ به‌شداری جموجۆڵی كورديش نه‌كرد، ئه‌وا هيچ نه‌بێ له‌ زمانی ئێمه‌وه‌ ئاگاداری ڕووداوه‌كان‌ ده‌بێ و له‌ كاتی تووش بوونی بابه‌تێك يان كاتی ده‌نگ دان يان كۆكردنه‌وه‌ی ئيمزا، ئه‌وا زه‌مينه‌يه‌كی هه‌يه‌ له‌م باره‌يه‌وه‌.

له‌ په‌رله‌مانی به‌ريتانی، بۆ نمونه‌، نزيكه‌ی ٦٥٠ ئه‌ندامی په‌رله‌مان و ١٢٠٠ لۆرد هه‌ن. گه‌ر كاديری ناو په‌رله‌مان ه‌‌ر ڕۆژه‌ی ئه‌ندامێك ببينێ و په‌يوه‌ندی پێوه‌ بكات، واته‌ هه‌فته‌ی پێنج ئه‌ندام، ئه‌وا نزيكه‌ی حه‌وت ساڵی ده‌وێت تا هه‌موويان ده‌بينێ. كه‌واته‌ كاری ناو په‌رله‌مان مه‌زن و قورسه‌ و كه‌مپه‌ينێكی پڕ ئه‌رك و به‌رده‌وامی ده‌وێ. بۆيه‌ش شاره‌زايی و ئه‌زمون بۆ كادری ناو په‌رله‌مان زۆر گرنگن، نه‌ك ته‌نها بۆ تێگه‌يشتنی سيسته‌می په‌رله‌مان، به‌لكو بۆ تێگه‌يشتنی جۆری بيركردنه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانيش. بۆ خاتری نه‌فه‌وتانی ئه‌زمون و شاره‌زايی كادر و گواستنه‌وه‌ له‌ نێو نه‌وه‌كاندا، زۆر گرنگه‌ كه‌ پوخته‌ی كاری ڕۆژانه‌ی كادر و ئه‌نجامی چاو پێكه‌وتنه‌كان هه‌مووی بنوسرێته‌وه‌ و بپارێزرێت.

ئه‌ندام په‌رله‌مان و زانياريه‌كان

ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌ر وڵاتێك‌ له‌ زۆر ڕێگه‌وه‌ ده‌توانی زانياريه‌كانمان به‌كار بهێنێ. بۆ نمونه‌، شێوه‌ گرنگه‌ كلاسيكيه‌كانی په‌رله‌مانی به‌ريتانی ئه‌مانه‌ن: پرسياری په‌رله‌مانی ،(Parliamentary Questions)كۆكردنه‌وه‌ی ئيمزای ئه‌ندامان بۆ بڕياردان (Early Day Motion)، سيمينار و كۆبوونه‌وه (Parliamentary meeting)‌، پێشنيار و قه‌راردان (Resolution) ..هتد. جا ده‌بێ كادری لۆبيكه‌ری ناو په‌رله‌مان ئه‌و كارانه‌ بۆ ئه‌ندامی په‌رله‌مان ئاسان بكات و يارمه‌تی بدات.

په‌يوه‌ندی كردن به‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌ زۆر ڕێگه‌وه‌ ده‌كرێ. به‌ڵام له‌ هه‌مويان گرنگتر، كه‌ تاكو ئێستا خراوه‌ته‌ پشت گوێ و كورد به‌ چاكی به‌كاری نه‌هێناوه‌، بريتيه‌ له‌ په‌يوه‌ندی كردن به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان له‌ هه‌ڵبژارگه‌كان (ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، Constituency- المنطقه‌ الانتخابيه‌). ئه‌وه‌يان شێوه‌يه‌كی كاريگه‌ره‌، به‌ هۆی كوردێك يان دۆستێكی كوردی نيشته‌جێی ناوچه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌، ده‌توانرێ "داوا" له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌ بكرێ كه‌ به‌ كارێكی دياريكراو هه‌ڵبستێ. ئه‌وه‌ داوايه‌ پاڕانه‌وه‌ نيه، به‌ڵكو جۆره‌ فه‌رمان (ئه‌مر)ێكه‌ و به‌ گوێره‌ی ده‌ستوری ديموكراسی ده‌بێته‌ ئه‌ركی سه‌رشانی ئه‌و ئه‌دنامی په‌رله‌مانه‌ كه‌ پێی هه‌لبستێ.

كادری ناو په‌رله‌مان ده‌توانێ ڕۆڵی كارگێڕ و هه‌ڵسوڕێنه‌ر و ڕێكخه‌ری ئه‌و جۆره په‌يوه‌نديانه‌ ببينێ. ده‌توانێ نامه‌يه‌كی ستانده‌رد (standard) و كورت و پڕمانا دابڕێژێ، و ده‌يان كۆپی لێ ده‌ر بكات و بۆ كورد و دۆسته‌كانی كوردی ناوچه‌ هه‌ڵبژارگه‌ په‌رله‌مانيه‌ جياجياكانی ‌ سه‌رانسه‌ری وڵاته‌كه‌ بنێری. نيشته‌جێی ناوچه‌ی هه‌لبژاردنه‌كه‌ (كورده‌كه‌ يان دۆسته‌كه‌) ته‌نيا به‌ دوو كاری ئاسان هه‌ڵده‌ستێ: يه‌كه‌ميان: ته‌له‌فۆنێك بۆ به‌له‌ديه‌ی (Town Hall) ناوچه‌كه ده‌كات، ناوی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌كه‌ی به‌ ناونيشانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. دووه‌ميان: ناو و ناونيشانی ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌كه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر نامه‌ ستانده‌رده‌كه‌ی كادره‌كه‌ و ده‌يخاته‌ پۆسته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر نيشته‌جێيه‌كه‌ بۆی كرا، ده‌توانێ له‌ نوسينگه‌ی ناوچه‌كه‌ی (surgery) چاوی به‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌كه‌ بكه‌وێ، و به‌وه‌ ئيشه‌كه‌ی كاريگه‌رتريش ده‌بێ. به‌م جۆره‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌كه‌ ناچار ده‌بێ ئه‌ركه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكانت و وه‌ڵامی داواكه‌ی بداته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانه‌كه‌ له‌ حكومه‌ت دا بوو، وه‌ پايه‌يه‌كی به‌رزيشی هه‌بوو (بۆ نموونه‌ وه‌زير وه‌يان جێگری وه‌زير)، ئه‌وا وه‌ڵامه‌كه‌ی (به‌ نامه‌ يان به‌ ده‌م) وه‌ك ده‌ربڕينی ڕای حكومه‌ته‌ و ده‌توانرێت سوودی لێ وه‌ر بگيرێت و بگه‌يه‌نرێت به‌ ئۆپۆزيسيۆن، يان ميديا و هه‌نده‌ی تر كاری به‌ دوادا بێت و چيڕۆكی لێ دروست بكرێت.

كادری په‌رله‌مان ده‌توانێ نامه‌يه‌كی شه‌خسی بنێرێ بۆ يه‌كێك له‌ وه‌زيره‌كان و داوای ڕوون كردنه‌وه‌ی هه‌لۆێستی حكومه‌تی لێ بكات وه‌ يان داوای جوڵه‌ی لێ بكات. هه‌ر وه‌ڵامێكی كه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێ، ئه‌وا ديسان به‌واتا هه‌لوێستی ڕه‌سمی حكومه‌ته‌. به‌ هه‌مان جۆريش هه‌لوێستی حزبه‌كانی تر و وه‌زيره‌كانی سێبه‌ر (Shadow Minister) وه‌رده‌گيرێت.

كه‌واته‌، كادری ناو په‌رله‌مان، نه‌ك ته‌نيا نابێت به‌ته‌نيا بێ له‌ كار كردن، به‌ڵكو به‌ هۆی بنكه‌وه‌ ده‌بێ په‌يوه‌ندی به‌ خه‌ڵك و دۆست و ڕێكخراوه‌ ناپه‌رله‌مانی و په‌رله‌مانی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و خه‌ڵكی ناو حكومه‌تان و هه‌روه‌ها بنكه‌كانی تری كورد له‌ وڵاتانی تره‌وه‌ هه‌بێ. واته‌ بنكه‌ وه‌ك كۆمپانيايه‌كه، به‌ تۆڕێكی تێك هه‌لچووی تێك هه‌لكێشراوی ڕێك و پێك، كادريش وه‌ك داينه‌مۆ و ناوه‌رۆكێكی بنه‌ڕه‌تيی ، هه‌موو لايه‌نه‌كان به‌يه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و ڕۆلی زيندووی تيادا ببينێ. كاتی ڕووداو يان كاره‌سات، هه‌موو تۆڕه‌كه‌ ده‌خاته‌ جوله‌ و هه‌ژان. ئه‌وه‌يش گرنگی و ڕۆلی كادرو بوونی بنكه‌ ده‌رده‌خات.

نموونه‌يه‌كی تری كاری تێكڕای ڕێك و پێك (العمل المنسق) له‌ نێو بنكه‌ جياجياكانی وڵاتدا، كار كردنه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپی و كاونسلی ئه‌وروپا (Council of Europe and European Parliament). ده‌بێ هه‌ر بنكه‌يه‌كی لۆبی كوردی ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌وروپی (MEP) وڵاته‌كه‌ی به‌گه‌ڕ بێنێ و هه‌مان جۆره‌ زانياری بداتێ، و موتابه‌عه‌ی جموجۆڵه‌كانی هه‌موو لايه‌نێك به‌ كاريگه‌ريانه‌ بكات. گرنگی كاركردن له‌ ناو په‌رله‌مانی ئه‌وروپێ دا له‌ دوای ١۹۹٢دا زياتريش ده‌بێ.

پاره‌ كۆكردنه‌وه

ئه‌وه‌ گرنگترين بابه‌ته‌. هيچ كارێك و هيچ كارگه‌يه‌ك و هيچ ڕێكخراوێك به‌ بێ سه‌رمايه‌كی باش ده‌ست به‌ كاری كاريگه‌ر ناكات. به‌لام كه‌ خوله‌ی كار كه‌وته‌ خولانه‌وه‌، ئيتر په‌يدا كردنی سه‌رمايه‌ ئاسانتر ده‌بێ، وه‌ ڕه‌نگه‌ بتوانرێ بايی خۆ به‌ڕێوه‌ بردن په‌يدا بكرێ. بۆ نموونه‌، له‌ سه‌ره‌تای دروست بوونيه‌وه‌، ڕێكخراوی (كۆمه‌ڵه‌ی زانستی و پزيشكی كورد – Kurdish Scientific and Medical Association) به‌ حاڵ به‌ هۆی ئابونه‌ی ئه‌ندامان به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، كه‌چی ئێستا گيرو گرفتی پاره‌ی نه‌ماوه‌.

په‌يوه‌ندی جۆرواجۆره‌كانی بنكه‌ی لۆبیكردن، سه‌رچاوه‌يه‌كن‌ بۆ پاره‌ په‌يدا كردن. له‌ڕێی ئه‌زمونی پاره‌ په‌يدا كردن بۆ قوتابيانی زانكۆ و بۆ ڕێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی زانستی و پزيشكی كورد، هه‌ندێ ده‌رگا شاره‌زا بووين. به‌ڵام بێگومان ڕێ و شوێن و ده‌رگای پاره‌ په‌يدا كردن بۆ ڕێكخراوێكی سياسی جياوازه‌ له‌وانه‌، و ڕه‌نگه‌ زه‌حمه‌تتريشه‌. بۆ به‌رێوه‌ چوونی بنكه، سه‌رچاوه‌ی پاره زۆر جۆره‌، بۆ نمونه‌:

أ‌- ئه‌ندامان: ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كورد و دۆستی كورد بڕوا بده‌نه‌ بنكه‌ وه‌ك نوێنه‌رێكی شه‌رعی كورد، و كاری زه‌ق و باشی پێوه‌ ببينن، ئه‌و بێگومان دوو دڵی له‌ يارمه‌تيدانی ناكه‌ن.

ب‌- ڕێكخراوه‌ دۆسته‌كان ده‌توانن يارمه‌تی وای بنكه‌ بده‌ن كه‌ خه‌رجی قورسی له‌كۆڵ بكه‌نه‌وه‌. بۆ نموونه‌ له‌ ڕێی كارئاسانی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و پڕۆپاگه‌نده و پۆست و دۆزينه‌وه‌ی خه‌ڵك و پيتاك و زۆر شتی تر.

ج‌- ڕێكخراوه‌ خێرخوازه‌كان: بێگومان له‌ نێو ئه‌و هه‌زاران ڕێكخراوه‌ خێرخوازه‌ جياجيايانه‌ی وڵاتانی ڕۆژ ئاوا، چه‌ند دانه‌يه‌ك لايه‌نگری وا په‌يدا ده‌كرێن كه‌ ده‌‌ستووره‌كانيان ڕێگه‌ی يارمه‌تيدانی قه‌زيه‌ی وه‌ك هی ئێمه‌ بده‌ن. كادری پاره‌ په‌يدا كردن ده‌توانێ ڕاپۆڕت و نامه‌ی داواكاری ئه‌وتۆ دابڕێژێ كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستووری ئه‌و ڕێكخراواه‌ خێرخوازانه‌ بگونجێ. ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شاره‌زايی و لێزانيی و لێكۆڵينه‌وه‌ جيدديه‌كانی كادره‌كه‌. زۆربه‌ی ڕێكخراوه‌ خه‌يريه‌كان يارمه‌تی كاروباری سياسی ناده‌ن به‌ڵام ڕاپۆڕتی كادر و شێوه‌ی داڕشتنی نامه‌كانی، ڕه‌نگه‌ بتوانێ ئه‌و گيروگرفتانه‌ چاره‌سه‌ر بكات.

ح‌- په‌رله‌مان و كۆميته‌كانی په‌رله‌مان: زۆر جار ئه‌ندامی په‌رله‌مان يان كۆميته‌يه‌كی په‌رله‌مان به‌ كاری گرنگ هه‌لده‌ستن به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌یان تێ بچێ، يان خۆیان پاره‌یان بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌ به‌ هۆی په‌يوه‌ندی تايبه‌تی خۆیان و به‌ هۆی ناوبانگ و سومعه‌يان.

خ‌- حكومه‌ته‌كان: به‌ تايبه‌تی حكومه‌ته‌ سۆشياليست و سۆشيال ديموكراته‌كان به‌ زۆر كار هه‌ڵده‌ستن، و كارئاسانی ماددی بۆ لايه‌نی لۆجيستی (ڕێگاوبان و خه‌رجی كۆنگره‌ و شتی تر)ن ده‌كه‌ن و خه‌رجی له‌سه‌ر كورد كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌.

د‌- سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆری تر: بۆ نمونه‌، كه‌نيسه‌ و ده‌زگاكانی به‌له‌ديه‌ی ناوچه‌كان، پارت و ڕێكخراوه‌ كوردی و ناكورديه‌ دۆسته‌كان، كار و پڕۆژه‌ی بازرگانی به‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵسوڕاندنی بنكه‌، يان سليفه‌ی بانك و...هتد. كۆمپانيای جياجيا وه‌ك ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆنيش سه‌رچاوه‌يه‌كن، كه‌ گرانت (منحه‌)ی تايبه‌ت ده‌ده‌ن بۆ ناردنی ڕۆژنامه‌گه‌ری سه‌ربه‌ست (Free-lance journalists) بۆ ئه‌نجام دانی كاری جياجيا، بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ له‌ رووداوی گرنگ. خه‌رجی ڕێگاوبان و خواردنيان ده‌ده‌ن يان له‌ كۆتاييدا به‌رهه‌مه‌كانيان لێ ده‌كڕن.

ئيتر ئه‌وانه‌ و چه‌ندين ڕێگا و ده‌رگا و شێوازی تر هه‌ن كه‌ ڕه‌نگه‌ بيرم بۆيان نه‌چووبێت و كادری بنكه‌ له‌ ڕێگای خه‌باتی ڕۆژانه‌ييه‌وه‌ شاره‌زايان ده‌بێت. ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ پاره‌ نه‌بن، ئه‌وا يارمه‌تيده‌رن، يارمه‌تيه‌كانيشيان خۆی له‌ خۆیدا ده‌ستكه‌وتێكی كه‌مپه‌ينه‌ له‌ ڕووی ڕاگه‌ياندنه‌وه‌، يان له‌ روی مه‌عنه‌ويه‌وه‌.

لێره‌دا كۆتايی به‌و شێ كردنه‌وه‌ كورته‌ دێنم، به‌ ئومێدی به‌رپا كردنی لێكۆڵينه‌وه‌ و گفتوگۆ و به‌ئاواتی هه‌نگاونان بۆ خستنه‌كاری خاڵه‌كانيانه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌ هيوای بيستنه‌وه‌ی ڕا و بۆچوون و ڕه‌خنه‌ی ڕۆشنبير و خه‌ڵكی خاوه‌ ڕا (خاوه‌ن ئيهتيمام) به‌و مه‌سه‌له‌يه‌، چی له‌ ڕێگه‌ی بڵاو كراوه‌ی جياجيا و چی له‌ ڕێگه‌ی دروست كردنی بازنه‌ی بچوك بچوكی ئاڵۆگۆڕی فيكريه‌وه‌ و خڕ كردنه‌وه‌ و ته‌ركيز كردنی بابه‌ته‌كانی كۆڕی باس له‌سه‌ر خاڵه‌ گرنگه‌كانی په‌يوه‌ند به‌ دوا ڕۆژ و ڕێگه‌ی خه‌بات